بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی سلێمانی: هیچ هاوڵاتییەکی ئێرانی داخڵی هەرێمی کوردستان نابێت
  2020-02-21       1035       

تاهیر عەبدوڵا، بەڕێوەبەری گشتی فڕۆكەخانەی سلێمانی سەبارەت بەڕێکارەکارەکانی مامەڵەکردن لەگەڵ ڤایرۆسی کۆرۆنا لە فڕۆکەخانەكە رایگەیاند، هیچ هاوڵاتییەكی ئێرانی یان هەر هاوڵاتییەكی دیكە كە لە ئێرانەوە بێت داخڵی هەرێمی كوردستان نابێت. دڵنیاییش دەدات كە تا ئێستا لە فڕۆکەخانەی سلێمانییەوە هیچ کەسێک داخڵ نەبوە کە هەڵگری ئەو ڤایرۆسە بێت.

ئاوێنە: ئەمڕۆ هەینی، بەڕێوەبەرایەتی گشتی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی، لێدوانێكی دەنگی تاهیر عەبدوڵا، بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەكەی سەبارەت بە رێكارەكانی مامەڵەكردن لەگەڵ ڤایرۆسی كۆرۆنا لە فڕۆكەخانەكە بڵاوكردەوە.

لە لێدوانە دەنگییەكەدا تاهیر عەبدوڵا وتویەتی، بەمەبەستی پاریزگاریکردنی تەندروستیی گشتی و دورکەوتنەوەی هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان، لە هەر پەتا و نەخۆشییەک و ڤایرۆسێک کە لە وڵاتانی دەرەوە داخڵی عێراق و هەرێمی کوردستان بێت، هەردو وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، بە جیا بەیاننامە و ڕێنماییان لەبارەی گەشتەکان بۆ فڕۆکەخانەکان دەرکردوە.

تاهیر عەبدوڵا راشیگەیاند"سەبارەت بە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی تێیدا هاتوە کە تەنها هاوڵاتیانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەتوانن داخڵی هەرێمی کوردستان بن، بۆیە هیچ هاوڵاتییەکی ئێرانی، یان هەر هاوڵاتییەکی دیکە کە لە ئێرانەوە بێت جگەلە هاوڵاتیانی خۆمان، داخڵی هەرێمی کوردستان نابێت."

وتیشی"داوا لە هەمو لایەک دەکەین کە هاوکار بن و لێرەوە بانگەوازم بۆ پارێزگای سلێمانی، دەزگا تەندروستییەکان هاوکارمان بن بۆ ئەوەی ئەو ڕێماییانە بە ڕێکوپێکی جێبەجێ بکەین و هاوڵاتیانی خۆمان و وڵاتەکەمان دوربخەینەوە لە داخڵبونی هەر کەسێک کە توش بو بێت بە ڤایرۆسی کۆرۆنا یان هەر نەخۆشییەکی دیکە."

ئەوەشی خستۆتەڕو"هیوادارم هیچ کەسێک توشی ئەو نەخۆشییە نەبێت و هەمو لایەک دڵنیادەکەمەوە کە تا ئێستا لە فڕۆکەخانەی سلێمانییەوە هیچ کەسێک داخڵ نەبوە کە هەڵگری ئەو ڤایرۆسە بێت و تەمەنا دەکەم ئەم حاڵەتە دور بێت لە هەرێمی کوردستان و هاوڵاتیانی خۆمان".

بەڕێوەبەرایەتی گشتی فڕۆكەخانەی سلێمانی ئەوەی خستۆتەڕو كە جگه‌ له‌م لێدوانه‌ فڕۆکه‌خانه‌ هیچ لێدوانێکی تری نییه‌ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ لایه‌نه‌کانی ته‌ندروستی په‌یوه‌ندیدار ده‌بن به‌م بابه‌ته‌وه‌و هیوادارین هه‌مولایه‌ک هاوکار و هه‌مه‌هانگبن و له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندی گشتی و بە بەرپرسیاریەتییەوە مامەڵە لەگەڵ بارودۆخەکەدا بکەن.

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×