وەفدێكی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە سەردانی بەغدا دەكات
  2020-02-23       794       

بۆ تاوتوێكردنی شایستە داراییەكانی پێشمەرگەو هەماهەنگی نێوان پێشمەرگەو سوپای عێراق، سبەی دوشەممە، وەفدێكی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە سەردانی بەغدا دەكات.

ئاوێنە: سكرتێری رۆژنامەوانی وەزیری پێشمەرگە، ئەمڕۆ یەكشەممە رایگەیاند، بڕیارە سبەی ٢٤\٢\٢٠٢٠ وەفدێکی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە، بەسەرۆکایەتی شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکات و لەگەڵ نەجاح شەممەری، وەزیری بەرگری حکومەتی فیدڕاڵ و بەرپرسانی باڵای ئەو وەزارەتە کۆببنەوە.

بەپێی زانیارییەكان سەردانەكەی وەفدی باڵای پێشمەرگە بۆ گفتوگۆكردنە لەبارەی شایستە داراییەكانی پێشمەرگەو گفتوگۆكردن لەسەر هەماهەنگی نێوان پێشمەرگەو سوپای عێراق بەتایبەت تاوتوێكردنی ئەو بۆشاییە ئەمنییەی لەناوچە جێناكۆكەكان دروستبوەو بەهۆیەوە جموجوڵەكانی داعش لەو ناوچانە زیادیكردوە.

ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی بەوەکرد، ئەو شاندە کاژێر 12ی نیوەڕۆ لەگەڵ  نەجاح شەمەری، وەزیری بەرگریی حکومەتی فیدڕاڵ و بەرپرسانی باڵای ئەو وەزارەتە کۆدەبێتەوە، گفتوگۆ لەبارەی مووچە و بودجەی پێشمەرگە و هاوئاهەنگی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق لە ناوچە جێناکۆکەکان دەکەن.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×