ئەگەر هەیە دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دوابخرێت
  2020-02-27       453       

راسپێردراو بو پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق، محەمەد تۆفێق عەللاوی گەیشتە ئەنجوومەنی نوێنەران.

ئاوێنه‌: کەمێک بەرلەئێستا راسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق، محەمەد تۆفێق عەللاوی گەیشتە ئەنجوومەنی نوێنەران و چاوڕەوان دەکرێت لەگەڵ هەریەک لە سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران و سەرۆکی فراکسیۆنەکان کۆببێتەوە.

پیشتر راگەیەندرابوو کە ئەمڕۆ پێنجشەممە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە مەبەستی پێدانی متمانە بە کابینەی عەللاوی دادەنیشێت.

ئەگەری ئەوە هەیە کە بەهۆی ناکۆکی نێوان لایەنەکانی عێراق بە تایبەتی سوننە و کورد لەسەر میکانیزمی دانانی وەزیرەکانی کابینەی نوێ، دانیشتنی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ کاتێکی دیکە دوابخرێت.

ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، مەشعان جبوری لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی وێڕای ئەوەی داوای کردووە عەللاوی متمانە وەرگرتن بە کابینەکەی دوابخات، راشیگەیاندووە، ''پێموایە باشترە بۆ محەمەد تۆفیق عەللاوی داوای دواخستنی دانیشتنی پێدانی متمانە بەخۆی و حکوومەتەکەی بکات تا ئەو کاتەی پێکهاتەی حکوومەتەکەی تەواو دەکات بەتایبەت هەردوو وەزارەتی بەرگریی و ناوخۆ و رێککەوتن لەگەڵ سەرکردایەتی هەرێمی کوردستان کە لەلایەن سەرۆک مەسعود بارزانی-یەوە نوێنەرایەتی دەکرێت بۆ ناوی کاندیدی وەزیرە کوردەکان، بەر لەمانە بەدەستهێنانی متمانە ئەستەم دەبێت''.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×