تەندروستی عێراق پێنج حاڵەتی نوێی توشبونی بە ڤایرۆسی كۆرۆنا راگەیاند
  2020-02-29       911       

وەزارەتی تەندروستی عێراق پێنج حاڵەتی نوێی توشبونی بە ڤایرۆسی كۆرۆنا راگەیاندو دەڵێت، چوار حاڵەتیان لە بەغدا تۆماركراون و پێنجەمیشیان لە پارێزگای بابل.

ئاوێنە: دكتۆر سەیف ئەلبەدر، وتەبێژی رەسمی وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق، ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە، لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاند، پێنج حاڵەتی نوێی توشبون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا تۆماركراون كە چواریان لە بەغداو حاڵەتەكەی دیكەشیان لە پارێزگای بابل تۆماركراوە.

هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە دوای ئەنجامدانی پشكنین بۆ ئەو پێنج كەسە، ئەنجامی پشكنینەكانیان پۆزەتیڤ بوەو لە ئێستادا لەژێر چاودێری پزیشكیدان.

وەزارەتەكە زانیاری زیاتری سەبارەت بە توشبوەكان نەداوە تەنها ئەوەندە نەبێت كە وتویەتی، چوار حاڵەتە تۆماركراوەكەی بەغدا، سیانیان لە بەری كەرخن و یەكێكیان لە بەری رەسافە.

بەو پێیە ژمارەی توشبوان بە ڤایرۆسەكە لە عێراق گەیشتۆتە 13 حاڵەت.

دكتۆر سەیف ئەلبەدر داوای لە تەواوی فەرمانگەكان و هاوڵاتیان كردوە پابەندبن بە رێنماییەكانی شانەی قەیرانەكانەوە بۆ روبەڕوبونەوەی نەخۆشی كۆرۆنا.

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×