بەرهەم ساڵح دەستیكرد بە راوێژ لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان بۆ دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك وەزیران
  2020-03-02       743       

بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق، ئەمڕۆ دوشەممە، دەستی کرد بە ڕاوێژکردن لەگەڵ ژمارەیەک لە سەرکردەی لایەنە سیاسییەکان بۆ دیاریکردنی كاندیدی سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق.

ئاوێنە: بەگوێرەی راگەیەندراوێكی نوسینگەی سەرۆكایەتی كۆمار، ئەمڕۆ دوشەممە بەرهەم ساڵح لە بەغدا بەجیا پێشوازیکرد لە ھەریەک لە عەمار حەكیم، سەرۆکی ڕەوتی حیکمەو نوری مالیكی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاساو هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح و حەیدەر عەبادی، سەرۆکی هاوپەیمانی نەسر.

لە میانی دیدارەکاندا بەرهەم ساڵح، جەختی لە گرنگی  پەلەکردن لە ڕێککەوتنی لایەنە سیاسییەکان کردەوە بۆ راسپاردنی سەرۆک وەزیرانی نوێ، کە جێگەی ڕەزامەندی بێت لەسەر ئاستی نیشتمانی و جەماوەری، هەروەها دوپاتی لەپابەندبون بە ماوە دەستورییەکان کردەوە بۆ پێکهێنانی حکومەتێک کە توانای جێبەجێکردنی ئەرکەکان و روبەڕبونەوەی ئاڵنگارییەکانی بەردەم عێراقی هەبێت.

هەر لەدیدارەکاندا سەرۆك کۆمار، ئاماژەی بەوە کرد کە هەموان بەرپرسیارن لەم ئەرکە نیشتمانییەو دورخستنەوەی وڵات لەو دۆخە سەختەی ئێستای و ئامادەکردنی کەشێکی گونجاو بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت و جێبەجێکردنی خواستی گەلی عێراق بەتەواوی پێکهاتەکانییەوە.

لەدیدارەکاندا هەموان هاوڕابون لەسەر بەردەوامی دیالۆگ و ڕاوێژکردن لەنێوان هێزە سیاسییەکان بۆ دیاریکردن و كاندیدكردنی کەسێک کە پەسەندکراو بێت، بۆ ئەوەی بتوانێت روبەڕوی بەرکەوتەکانی قۆناغی داهاتو و جێبەجێکردنی داواکاری و چاکسازییەکان بێتەوە لە وڵاتدا.

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×