تووشبووانی کۆرۆنا لە عێراق و لوبنان و عومان ژمارەیان لە بەرزبوونەوەدایە
  2020-03-05       644       
ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەریەک لە عێراق و لوبنان و عومان بەرزبوویەوە بەجۆرێک لە عێراق ٣٧ حاڵەت، لە لوبنان ١٤ حاڵەت و لە عومان ١٥ حاڵەت تۆمارکراوە.

ئاوێنە: وتەبێژ بەناوی وەزارەتی تەندروستی عێراق، سەیف بەدر لە راگەیەنراوێکدا تۆمارکردنی سێ حاڵەتی دیکەی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای راگەیاند.

لە راگەیەنراوکەی وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراق راگەیەنراوە کە ئەو سێ حاڵەتەی ئەمڕۆ تۆمارکران، دوویان لە پارێزگای دیالە و حاڵەتەکەی دیکە لە پارێزگای نەجەف بووە.

وەزارەتی تەندروستی عێراق راشیگەیاندووە، بە تۆمارکردنی ئەم سێ حاڵەتەی ئەمڕۆ، ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵات بەرزبوویەوە و گەیشتە ٣٧ کەس.

لە لوبنان، نەخۆشخانەی حکوومی رەفیق حەریری لە بەیروت رایگەیاند، دوای تۆمارکردنی دوو حاڵەت، ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵات گەیشتە ١٤ حاڵەت.

لە راگەیەنراوەکەی نەخۆشخانەی حکوومی رەفیق حەریری ئاماژە بەوەشدراوە کە تووشبووەکان لە ئێستادا لەژێر چاودێری پزیشکیدان.

هاوکات وەزارەتی تەندروستی عومان تۆمارکردنی سێ حاڵەتی دیکەی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا(کۆڤید-١٩)ی راگەیاند، بەمەش ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسەکە لەو وڵاتە بەرزبوویەوە و گەیشتە ١٥ کەس.

لە راگەیەنراوەکەی وەزارەتی تەندروستی عومان ئەوە روونکراوەتەوە کە تووشبووەکان دوویان ئێرانی و تووشبووەکەی دیکە هاووڵاتییەکی عومانی بووە و لە ئێسادا لەژێر چاودێری پزیشکیدان.

بۆ یەکەم جار ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ١٢ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٩ لە شاری وهان رۆژهەڵاتی چین سەریهەڵدا و لەئێستادا لە ٧٨ وڵاتی جیهاندا بڵاوبووەتەوە.

هاوکات لە بەرامبەر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی دۆخی له‌ناكاوی راگه‌یاند.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×