سبەی نوێژی هەینی له‌ كه‌ربه‌لا ئەنجام نادرێت
  2020-03-05       455       
کارگێڕی حوسێنیەی ئیمام حوسێن کوڕی ئیمام عەلی لە شاری کەربەلا رایگەیاند کە بەهۆی مەترسی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، نوێژی هەینی ئەم هەفتە لە شارەکەدا ئەنجام نادرێت.

ئاوێنه‌: کارگێڕی حوسێنیەی ئیمام حوسێن کوڕی ئیمام لە شاری کەربەلا سەربە وەقفی شیعە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەکردووە کە بەهۆی رەوشی ئیستای تەندروستییەوە، بڕیاردرا کە نوێژی هەینی ئەم هەفتە لە شارەکەدا، ئەنجام نەدرێت.

شاری کەربەلا و حوسێنیەی ئیمام حوسێن کوڕی ئیمام بە دوو شوێنی پیرۆز لای شیعەکان لە عێراق و جیهان دادەنرێن کە تیایدا نوێنەرانی مەرجەعی باڵای شیعە لە عێراق، عەلی سیستانی گوتار و نوێژی هەینی ئەنجام دەدەن.

ئەمەش لە کاتێکدایە، لەو ٣٥ حاڵەتەی تووشبوون کە بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە عێراق تۆمارکراون، دوێنێ دوانیان گیانیان لەدەستدا.

حکوومەتی عێراق چەند رێوشوێنێکی بۆ پێشگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا (کۆڤید -١٩) گرتووەتەربەر، هەروەها دەوامی لە ناوەندەکانی خوێندن کردووەتە پشوو و گەشتکردنی هاووڵاتییان بۆ وڵاتانی چین، ئێران، ژاپۆن، کۆریای باشوور، تایلەند، سەنگاپوور، ئیتاڵیا، کوێت و بەحرێن قەدەغەکردووە.

بۆ یەکەم جار ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ١٢ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٩ لە شاری وهان رۆژهەڵاتی چین سەریهەڵدا و لەئێستادا لە ٨٢ وڵاتی جیهاندا بڵاوبووەتەوە.

هاوکات لە بەرامبەر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی دۆخی له‌ناكاوی راگه‌یاند.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×