وەزارەتی تەندروستی عێراق تۆمارکردنی هەشت حاڵەتی دیکەی تووشبوون بە کۆرنا راگەیاند
  2020-03-07       879       
وەزارەتی تەندروستی عێراق تۆمارکردنی هەشت حاڵەتی دیکەی تووشبوون بە جۆری نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا (کۆڤید-١٩)ی راگەیاند.

ئاوێنه‌: وتەبێژ بەناوی وەزارەتی تەندروستی عێراق، سەیف بەدر لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرایکردووە کە تووشبووەکان، پێنجیان لە پارێزگای بەغدان، دوو حاڵه‌ت لە پارێزگای سلێمانی پشتڕاستكراونه‌ته‌وه‌، کە یه‌كێكیان ئه‌و كه‌سه‌یه‌ كه‌ به‌ر له‌ چه‌ند رۆژێک گیانی لەدەستدا، و حاڵەتی هەشتەم ئافرەتێکه‌ لە پارێزگای کەربەلا کە پێشتر نەخۆشی درێژخایەنی هەبووە و چەند نەشتەرگەرییەکی بۆ ئه‌نجامدراوه‌، و ئەمڕۆ گیانی لەدەستدا.

سەیف بەدر ئاماژەی بەوە کردووە کە رێکاری پێویست بۆ چۆنییەتی مامەڵکردن لەگەڵ تووشبووەکان گیراوەتەبەر.

بەدر راشیگەیاندووە کە وەزارەتەکەی جەخت لە جێبەجێکردنی سەرجەم ئەو بڕیارانە دەکاته‌وه‌ کە بۆ رێگرتن لە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە وڵات دەرکراون و داوای لە لایەنە پەیوەندارەکان کردووە چاودێری جێبەجێکردنی رێککارەکان بکەن و لێپچینەوە لەگەڵ سەرپێچیکاران بکەن.

بە تۆمارکردنی ئەم حاڵەتانە، ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە تۆمارکردنی یەکەم حاڵەتی تووشبوون لە ٢٤ی شوباتی رابردوو تا ئێستا لە عێراق گەیشتووەتە ٤٦ کەس، لەو ژمارەیە چواریان گیانیان لەدەستداوە.

هاوکات یەکەم حالەتی توشبون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەولێر تۆمارکرا، وەزارەتی تەندروستی هەرێم له‌ به‌یاننامەیەکدا رایگەیاند  “لە بەردەوامی بەرنامەی دۆزینەوەی گۆمانلێکراوان لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوو، پشکنین بۆ (٢٧) گۆمانلێکراو ئەنجامدرا کە لە نێویاندا (١) نەخۆش دەرەنجامی پشکنینی تاقیگەیی پۆزەتیڤ دەرچوو و هەڵگری ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ  COVID-19 یە، کە ئافرەتێکی تەمەنی (٣٣) ساڵە و دانیشتووی شاری هەولێرە”.

حکوومەتی عێراق چەند رێوشوێنێکی بۆ رێگرییكردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا (کۆڤید -١٩) گرتووەتەربەر، لەوانە راگه‌یاندنی پشوو لە ناوەندەکانی خوێندن.

بڕیاریشیداوە بە هەڵپەساردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ ئێران و کوێت لەماوەی نێوان ٨ بۆ ١٥ی ئادار.

بۆ یەکەم جار ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ١٢ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٩ لە شاری وهان رۆژهەڵاتی چین سەریهەڵدا.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×