ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق: بە 33 موشەك هێرشكراوەتە سەر بنكەی سەربازیی تاجی
  2020-03-14       728       

فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق رایگەیاند، هێرشەكەی ئەمڕۆ شەممە بۆ سەر بنكەی سەربازی تاجی لە باكوری بەغدا، بە 33 موشەكی كاتیوشا ئەنجام دراوەو لەئەنجامی هێرشەكەش ژمارەیەك كارمەندی هێزی بەرگری ئاسمانی عێراق بەسەختی برینداربون.

ئاوێنە: فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق لەبەیاننامەیەكدا سەبارەت بەو هێرشە موشەكییەی ئەمڕۆ كرایە سەر بنكەی سەربازی تاجی لە باكوری بەغدا كە هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەخۆدەگرێت، رایگەیاند، هێرشەكە بە 33 موشەكی جۆری كاتیۆشا ئەنجامدراوەو لەئەنجامدا ژمارەیەك كارمەندی هێزی بەرگری ئاسمانی عێراق برینداربون كە دۆخی تەندروستیان خراپە.

ئەوەشی خستۆتەڕو: موشەكەكان لە حەوت سەكۆوە لە ناوچەی "ئەبو عوزام"ی نزیك تاجی هاوێژراون و دەست بەسەر 24 موشەكدا گیراوە كە ئامادەكرابون بۆ هاویشتن و پوچەڵكرانەوە.

ئاماژەی بەوەشداوە كە نابێت هێزەكانی ئەمریكاو هێزە بیانییەكانی دیكە هێرشەكە بقۆزنەوە بۆ ئەنجامدانی كردەوەی سەربازی بە بێ رەزامەندی حكومەتی عێراق و داواشی لە سەرجەم هێزە بیانییەكان كردوە بەپەلەبكەن بە كشانەوە بەگوێرەی بڕیارەكەی پەرلەمانی عێراق.

هەروەها جەختی كردۆتەوە كە هەمو رێوشوێنێك دەگرنەبەر بۆ دۆزینەوەی ئەوانەی بەو هێرشە هەڵساون و دەستگیریان دەكەن.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×