وەزارەتی تەندروستی: لە 24 سەعاتی رابردودا 14 توشبوی نوێی كۆرۆنا لە هەرێم تۆماركراون
  2020-04-01       742       

وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: لەماوەی 24 سەعاتی رابردودا 14 حاڵەتی نوێی توشبون بە كۆرۆنا تۆماركراون و بەوەش كۆی گشتی توشبوان گەیشتۆتە ١٧٦ توشبو كە 61 توشبویان چاكبونەتەوە.

ئاوێنە: وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە راگەیەندراوی ژمارە 34ی خۆیدا رایگەیاند: لەماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردودا، ٥٤٨ پشکنین ئەنجام دراون: ٣٤٩ لەهەولێر، ١٢٣ لە سلێمانی، ٧٦ لە دهۆك و دەرئەنجام ١٤ توشبوی نوێ تۆمارکران.

هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە لەو ژمارەیە، شەش توشبویان لە هەولێرن كە پێكدێن لە: دو ئافرەت تەمەنیان ٣٣، ١٧ ساڵانن و هەروەها دو پیاو كە تەمەنیان ٧٣، ٣٥ ساڵانن کە بەرکەوتوی توشبوەکەی "مەلائۆمەر"ن لەگەڵ پیاوێكی تەمەن ٢٧ ساڵان كە لە بەریتانیا گەڕاوەتەوەو لە بەرواری ١٦/٢/٢٠٢٠ دوای بانگەوازەکەی وەزارەتمان هاتوەو پشکنینی کردوە، هەروەها ئافرەتێكی تەمەن ٢٤ ساڵان كە پزیشکە.

ئەوەشی خستۆتەڕو كە پێنج كەسی دیكە لە توشبوەكان لە پارێزگای سلێمانین كە پێكدێن لە پیاوێكی تەمەن ٣٠ ساڵان و دو ئافرەتی تەمەن (٤٩)، (٢٧) ساڵان لەناو شاری سلێمانی، کە دوانیان بەرکەوتوی توشبوانی پێشون، لەگەڵ ئافرەتێكی تەمەن ٢١ ساڵان و مناڵێكی تەمەن ١٠ ساڵان لە قەزای دەربەندیخان کە هەردوکیان بەرکەوتەی توشبوانی پێشون.

ئاشكراشیكردوە كە سێ لە حاڵەتە نوێیەكان لە پارێزگای دهۆك تۆماركراون كە پێكدێن لە ٢ پیاوی تەمەن ٤٢، ٣٢ ساڵان و ئافرەتێكی تەمەن ٥٧ ساڵان، کە دوانیان لە قەزای زاخۆ و یەکێکیان لە قەزای ئامدێدیەو بەرکەوتوی توشبوانی پێشون.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكەی وەزارەتی تەندروستی بەوەش کۆی گشتی توشبوان بە ڤایرۆسی کۆڕۆنا لە هەرێمی کوردستان گەیشتۆتە ١٧٦ توشبو، لەنێویاندا ٢ مردن هەیەو ٦١ نەخۆشیش چاکبونەتەوە و ئەوانی تر هەمویان لەژێر چاودێری پزیشکی دان.

وەزارەتی تەندروستی داوا لە هاوڵاتیان كردوە كە پابەندی رێنماییە تەندروستییەكان بن و وتوشیەتی: هۆکاری توشبونی 139 حاڵەت لەهەرێمی كوردستان كە ڕێژەی لەسەدا 79 لەکۆی توشبوانی کۆڕۆنا پێكدەهێنێت بەهۆی پابەندنەبونە بە ڕێنمایی تەندروستییەكان و بەرکەوتنی یەکتر بوە.

دەقی راگەیەندراوەكە...

ڕاگەیاندراوی وەزارەتی تەندروستی
ژمارە (٣٤)

سەبارەت بە نەخۆشی ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ COVID-19 لە هەرێمی کوردستان، ڕێکارەکان بەردەوامن بەمشێوەیە:

1. کەرەنتین
ژمارەی هاووڵاتیان لە کەڕەنتینەکان (٥٩١٠) هاووڵاتی بوون لە (٣٦) شوێنی جیاواز، لەئێستادا تەنها (١٥٣٨) هاووڵاتی لە کەرەنتین ماونەتەوە (٥٧٧) لە هەولێر، (١٢٧) لە سلێمانی، (٧٥٤) لە دهۆك، (٤٨) لە هەلەبجە، (٣٢) لە ڕاپەرین وە (٤٣٧٢) هاووڵاتی لە کەرەنتین دەرچوونە و گەڕانەوە ناو خانەوادەکانیان دوای تەواو بوونی ماوەی دوو هەفتە لەگەڵ کەڕەنتین کردنی ژمارەیەکی تری کەرەنتین کراو لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوو کە کۆی گشتی بریتی بوو (٣٥٦) هاووڵاتی.

2. پشکنین
لەماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوو (٥٤٨) پشکنین ئەنجام دراوە، (٣٤٩) هەولێر، (١٢٣) سلێمانی، (٧٦) دهۆك.

دەرەنجام (١٤) تووشبووی نوێ تۆمارکرا وە بەم شێوەیەی خوارەوە:-

• پارێزگای هەولێر (٦) پۆزەتیڤ، کە (٢) ئافرەت تەمەنیان (٣٣)، (١٧) ساڵ وە (٢) پیاو تەمەنیان (٧٣)، (٣٥) ساڵ کە بەرکەوتووی تووشبووەکەی مەلائۆمەرن، پیاوێك تەمەن (٢٧) ساڵ لە بەریتانیا گەڕاوەتەوە لە بەرواری ١٦/٢/٢٠٢٠ دوای بانگەوازەکەی وەزارەتمان هاتووە و پشکنینی کردووە، وە ئافرەتێك تەمەن (٢٤) ساڵە و پزیشکە.

• پارێزگای سلێمانی (٥) پۆزەتیڤ، (٥) لە ناو شاری سلێمانی، پیاوێك تەمەن (٣٠) ساڵ، (٢) ئافرەت تەمەنیان (٤٩)، (٢٧) ساڵ لە ناو شاری سلێمانی کە دوویان بەرکەوتووی تووشبووانی پێشوون، وە ئافرەتێك تەمەن (٢١) ساڵ و مناڵێك تەمەن (١٠) ساڵ لە قەزای دەربەندیخان کە هەردووکیان بەرکەوتەی تووشبووانی پێشوون.

• پارێزگای دهۆك (٣) پۆزەتیڤ، کە (٢) پیاو تەمەنیان (٤٢)، (٣٢) ساڵ، ئافرەتێك تەمەن (٥٧) ساڵ، کە دوویان لە قەزای زاخۆ و یەکێکیان لە قەزای ئامدێدیە وە بەرکەوتووی تووشبووانی پێشوون.

3. ئاماری گشتی
کۆی گشتی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ COVID-19 لە هەرێمی کوردستان گەشتە (١٧٦) تووشبوو، لەنێویاندا (٢) مردن هەیە و (٦١) نەخۆش چاکبووەتەوە، و ئەوانی تر هەموویان لەژێر چاودێری پزیشکی دان.

وێڕای دەستخۆشی بۆ پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی و هەموو تیمەکانی پزیشکی کە لە کاردان جارێکی تر تکا دەکەین هاووڵاتیان بە هیچ شێوەیەك نەیەنە دەرەوە لە ماڵەکانیان وە پابەندبن بە ڕێنماییەکانی تەندروستی چونکە هۆکاری تووشبوونی 139 حالەت بە ڕێژەی (79%) لەکۆی تووشبووانی کۆڕۆنا بەهۆی پابەندنەبوونە بە ڕێنمایی تەندروستی و بەرکەوتنی یەکتر بووە، بۆیە لەکاتی پێویستدا پەیوەندی بکەن بە هێڵی گەرمی ژمارە (١٢٢).

وەزارەتی تەندروستی
حکومەتی هەرێمی کوردستان
١ی نیسانی٢٠٢٠

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×