''وەزیرەکان نیوه‌ی مووچەکەیان دەبەخشن بە خەڵکی کەمدەرامەت''
  2020-04-02       517       
دوێنێ چوارشەممە ١ی نیسانی ٢٠٢٠، ئەنجوومەنی وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی خۆی لە رێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە ئەنجام دا.
 
ئاوێنه‌: لە کۆبوونەوەکەدا وەزیرەکان بڕیاریان دا کە بۆ ماوەی دوو مانگ نیوەی مووچەکانیان ببەخشن بە خەڵکی کەمدەرامەت کە بەهۆی قەدەغەی هاتوچۆ و خراپی بارودۆخی تەندروستی هەرێم بژێویان دەست ناکەوێت.

لە راگەیەندراوێکدا ئەنجوومەنی وەزیران ئەو بڕیارەی وەزیرانی لەمیانی کۆبوونەوەکەدا پشتراست کردەوە و رایگەیاند، ''ئەندامانی ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریاندا نیوەی مووچە و دەرماڵەی دوومانگی خۆیان ببەخشن بە گەنجینەی حکومەت بۆ ئەوەی بە سەر خەڵکانی کەمدەرامەت دابەش بکرێت''.

ماوەیەک بەر لە ئێستا چەند پەرلەمانتارێکیش لە پەرلەمانی کوردستان یاداشتیان ئاراستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کردبوو بۆ ئەوەی بەشێک لە مووچەکەیان یاخود چەند مووچەیەکیان ببەخشن بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا و هاوکاری کردنی خەڵکی کەم دەرامەت. بەڵام تا ئێستا سەرۆکایەتی پەرلەمان هیچ وەڵامێکی ئەرێنی یاخود نەرێنی نەبووە بۆ داواکاری پەرلەمانتاران.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×