ڤیدیۆ..لەبازگەیەكی كەركوك رێگە بە تێپەڕبونی پەرلەمانتارێكی كورد نادرێت
  2020-04-03       53994       

گرتەیەكی ڤیدیۆیی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوبۆتەوە كە لە بازگەیەكی كەركوك، سەربازێكی هێزە ئەمنییەكانی عێراق رێگە بە تێپەڕبونی ئۆتۆمبێلی ئەڵماس فایەق، پەرلەمانتاری كورد لەپەرلەمانی عێراق، نادات، ئەوەش دەبێتە هۆی توڕەبونی پەرلەمانتارەكە.

ئاوێنە: ئەو پەرلەمانتارە كوردە، ئەڵماس فایەق، پەرلەمانتاری یەكێتی نیشتمانی كوردستانە لە پەرلەمانی عێراق لەسەر پارێزگای كەركوك.

سەبازە عێراقییەكە بە پاساوی جێبەجێكردنی فەرمانەكان رێگەی تێپەڕبون لە پەرلەمانتارە كوردەكە دەگرێت.

پەرلەمانتارە كوردەكە لەو رەفتارەی سەربازە عێراقییەكە توڕە دەبێت و قسەی پێ دەڵێت و دەڵێت: ئێمە دیپلۆماتكارین چۆن دەبێت رێگە بە تێپەڕبونمان نەدەن.

وێڕای ئەوەش یەحیا رەسوڵ، وتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق ستایشی هەڵوێستی سەربازەكەی كردوەو بە "شەڕوانێكی پاڵەوان" ناوی بردوە لە "پابەندبونی بە یاسا"و رایگەیاندوە كە داوای یاساییان لەسەر پەرلەمانتارە كوردەكە تۆماركردوە.

یەحیا رەسوڵ لە تویتێكدا وتویەتی"داوای یاسایی دژ بەو پەرلەمانتارە تۆماركراوە كە هێرشی كردۆتە سەر یەكێك لە شەڕوانەكانمان لە بازگەیەكی پارێزگای كەركوك."

وتوشیەتی"سوپاسی ئەو شەڕوانە پاڵەوانەمان دەكەین كە بەئاستێكی بەرز پابەندی یاسا بوە."


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×