دەرباز محەمەد: كوردو سوننە نایانەوێت ببنە بەشێك لەململانێكانی نێو ماڵی شیعە بۆ پێكهێنانی حكومەت
  2020-04-05       804       

دەرباز محەمەد، ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان سەبارەت بە پرسی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق لەلایەن عەدنان زورفی، سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو، دەڵیت: پەیامی كوردو سوننەش ئەوەش كە نابێ ئێمە ببین بە بەشێك لە ململانێی نێو ماڵی شیعە. هەروەها ململانێكانی نێو ماڵی شیعەش لەوبارەیەوە ئاشكرادەكات.

ئاوێنە: دەرباز محەمەد، كە هاوكات ئەندامی ئەو وەفدانەی هەرێمی كوردستان بو كە لە رابردودا بۆ دانوستان چونە بەغدا، ئەمڕۆ یەكشەممە، لە لاپەڕەی خۆی لە فەیسبوك لەبارەی پێكهێنانی حكومەتی عێراقەوە رایگەیاند: لەو کاتەوەی عەدنان زورفی راسپێردراوە بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێی حكومەت، مشتومڕێکی زۆر لە ماڵی شیعەدا دروست بوە.

بەقسەی دەرباز محەمەد، بەشە زۆرەکەی شیعە، بەتایبەت فراکسیۆنەکانی فەتح-ی ھادی عامری بەھەمو باڵەکانییەوە، دەوڵەتی یاسا-ی نوری مالیکی، وەتەنیە-ی عەمار حەکیم، عەقد-ی فالح فەیاز، كه بە ھەمویانەوە "له نێوان ١١٠-١١٥ ئەندامیان ھەیە" بە راشکاوی دژی وەستانەوەو وتیان راسپاردنەکەی دەستوری نییەو بازدانە بەسەر کوتلەی گەورەو شەراکەتداو لێکتێگەیشتنی لایەنەکان تێکدەدا.

هەر بەقسەی ئەو ئەندامەی خانەی راپەڕاندنی گۆڕان، لەبەرامبەر ئەمەدا، فراکسیۆنی سائیرون-ی موفتەدا سەدر، بێدەنگی بەواتای پشتیوانی لە زورفی ھەڵبژاردوەو عەبادی و بەشێک لە فراکسیونەکەشی بەئاشکرا پشتیوانی دەكەن، کە بەھەموی لە نێوان "٧٠-٧٥" ئەندامیان ھەیە.

دەرباز محەمەد سەبارەت بە هەڵوێستی كوردو سوننە وتویەتی: لەیەکەم رۆژەوە، تا ئەمڕۆ، پەیامی کوردو ھەروھا پەیامی سوننەش ئەوەیە، نابێ و ناشێ، ئێمە ببین بەبەشێک لەململانێی نێو ماڵی شیعە، بەتایبەت بۆ بابەتێکی پڕ بایەخ و ھەستیاری وەکو متمانەدان بەبەرزترین دەسەڵاتدار لەوڵات، بەتایبەتیتر لەکاتێکدا کە وڵات، سەرەڕای قەیرانە کۆنەکانی، دوچاری چەندین قیرانی نوێ بوەتەوە.

هەروەها لە درێژەدا وتویەتی: بۆیە دانوستان و چونە وردەکاری لەم کاتەدا، وەک ئەوە وایە کورد رازی بوبێ، بەوەی ببێ بە تەرەف لە ململانێکە، لەکاتێکدا ستراتیجی کورد ئەوەیە نەبێتە بەشێک لەو ململانێیە.

ئەوەشی خستۆتەڕو"کورد تا ئێستا چاوەڕوانی ماڵی شیعەیە، نەک خودی زورفی و پشتیوانەکانی، بێگومان نە لەگەڵ بەڕێز زوەفی و نە لەگەڵ ئەوانی دیکەش دەرگای گفتوگۆ دانەخراوە، بەڵام دانوستان نەکراوەو وابڕوا پێدەچێ دانوستان ھەر نەکرێ. "

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×