خانمە پزیشكەكانی كوردستان ئیدانەی هێرشكردنە سەر پزیشكێك لە شاری سلێمانی دەكەن
  2020-04-06       557       

خانمە پزیشکەکانی کوردستان ئیدانەی هێرشكردنە سەر پزیشكێك لە شاری سلێمانی دەكات و داواش لە دامودەزگا بەرپرسەکانی شاری سلێمانی دەكات لیپرسینەوە لە دەستدرێژیکاران بکەن و ڕێگر بن جارێکیتر ئەوجۆرە ڕەفتاڕانە دوبارەببێتەوە.

ئاوێنە: خانمە پزیشكەكانی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا كە ئاڕاستەی پارێزگاری سلێمانی و لیژنەی ئۆپەراسیۆنەكانی بەرەنگاربونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنایان كردوەو لەلایەن ٥٤٩ خانمە پزیشکەوە واژوكراوە، رایگەیاند"بەداخەوە ئەمڕۆ لە یەکتێنەگەیشتنێک لەبەینی پزیشکێک و هێزێکی ئەمنیدا دروست بوە و بۆتە هۆکاری گرژیی و ئاڵۆزیی، ئەمەش ئێمەی پزیشکانی زۆر نیگەران کردوە."

ئەوەشیان خستۆتەڕو"ئێمە وێڕای دەستخۆشیمان لە هێزەکانی ناوخۆو هەمو دامودەستگا خزمەتگوزارییەکان، لەهەمان کاتدا بەتوندی ئیدانەی ئەمجۆرە هەڵسوکەوتانە دەکەین و داواکارین لە دامودەستگا بەرپرسەکانی شاری سلێمانی بەرپرسانە لەگەڵ ئەم ڕوداوە نەخوازراوەدا مامەڵە بکەن و لیپرسینەوە لەگەڵ دەستدرێژیکاران بکەن و ڕێگر بن جارێکیتر ئەمجۆرە ڕەفتاڕانە دوبارەببێتەوەو تا نەبێتە هۆکاری پشێویی وئاڵۆزی شارە خۆشەویستەکەمان."

هەروەها داواشیان كردوە كە رێکارێکی گونجاو بۆ ئاسانکاریی هاتوچۆی پزیشک بدۆزنەوە.

دەقی راگەیەندراوەكە...

بۆ بەڕێز پارێزگاری سلێمانی

بەڕێز لیژنەی ئۆپەراسیۆنەکانی بەرەنگاربونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا،

پاش ڕێز و سڵاو و هیوای سەلامەتی بۆ هەموان،

لەسەروبەندی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا بەهەموجیهنادا و لەکاتێکدا دوچاربون بەم نەخۆشییە مەترسیدارە و گیان لەدەستدانی هاوڵاتیان لەسەرتاسەری جیهاندا ڕولەزیادبونە و بەداخەوە تائێستاش هیچ چارەسەرێکی بنەبڕ بۆ ئەم ڤایرۆسە لەتەواوی دنیاد نەدۆزراوەتەوە، هەرێمی کوردستانیش بەدورنەبوە و نیە لە شاڵاوی ڤایرۆسی کۆڕۆنا.

لەساتەوەختی قەدەغەکردنی هاتوچۆ و نەبونی بازاڕ و دوکان و مۆڵەکان و نوڕینگە پزیشکییە تایبەتییەکان...وایکردوە ئێمەی هاوڵاتیان (بە هەمو چین و تۆێژەکانییەوە) لە ژێر فشارێکی دەرونی زۆردا بین. لەگەڵ هەمو سەختیەکانی ئەم کاتەی پێێدا تێدەپەڕێن چینی پزیشک و کارمەندو پەرەستاری کەرتی تەندروستی بەوپەڕی تواناوە بە هەماهەنگی و هاوکاری بەڕێزانی (وەزراەتی ناوخۆ و دامودەستگا خزمەتگوزارییەکان) شەو و ڕۆژیان خستۆتە سەر یەک و لە بەرەی پێشەوەی جەنگی ڕوبەڕوبونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنادان و ئەرکی سەرشانیان بەدڵسۆزیی جێبەجێ دەکەن.

هەریەکە لەم چین و توێژانەی لەسەرەوە ئاماژەمان پێداوە، لەسۆنگەی دڵسۆززیی و هەست بە بەرپرسیارێتیەوە بەرامبەر بەم بارودۆخە مەترسیدارەی پێیدا تێدەپەڕین، لەکار و ئەرکی سەرشانمان بەردەوامین.

بۆیە دەبێت بەرپرسانە لە بارودۆخەکە بڕوانیین و ئارامی و دانبەخۆداگرتن بپارێزین.

بەداخەوە ئەمڕۆ لە یەکتێنەگەیشتنێک لەبەینی پزیشکێک و هێزێکی ئەمنیدا دروست بوە و بۆتە هۆکاری گرژیی و ئاڵۆزیی، ئەمەش ئێمەی پزیشکانی زۆر نیگەران کردوە.

ئێمە وێڕای دەستخۆشیمان لە هێزەکانی ناوخۆو هەمو دامودەستگا خزمەتگوزارییەکان، لەهەمان کاتدا بەتوندی ئیدانەی ئەمجۆرە هەڵسوکەوتانە دەکەین و داواکارین لە دامودەستگا بەرپرسەکانی شاری سلێمانی بەرپرسانە لەگەڵ ئەم ڕوداوە نەخوازراوەدا مامەڵە بکەن و لیپرسینەوە لەگەڵ دەستدرێژیکاران بکەن و ڕێگر بن جارێکیتر ئەمجۆرە ڕەفتاڕانە دوبارەببێتەوە و تا نەبێتە هۆکاری پشێویی وئاڵۆزی شارە خۆشەویستەکەمان.

هەروەها دواکارین لەبەڕێزتان ڕێکارێکی گونجاو بۆ ئاسانکاریی هاتوچۆی پزیشک بدۆزنەوە.

هیوادارین بەهاوکاری هەمو لایەک ئەم بارودۆخە نالەبارە تێپەڕێنیین.

واژو:
ڕێکخراوی خانمە پزیشکەکانی کوردستان
٥٤٩ خانمە پزیشک واژوی کردوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×