نیمچه‌ چاره‌سه‌رێك بۆ باری ئابوری هه‌رێمی كوردستان
  2020-05-07       403       

د. شیروان نوری غه‌فور



كورد ووته‌نی گۆشتی لاڕانی خۆت بخۆ له‌منه‌تی قه‌ساب باشتره‌.
له‌م نووسینه‌مدا به‌ریتانیا ده‌هێنمه‌وه‌ به‌ نموونه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خۆم تێیدا ده‌ژیم.

له‌ به‌ریتانیا چه‌نده‌ها جۆر باج هه‌یه‌ (Tax) كه‌ هه‌موو كارمه‌ندێك، جا كارمه‌ندی حكومی بێت یان‌ له‌ كه‌رتی تایبه‌ت كار بكات یان بزنسی خۆی هه‌بێت به‌ بڕی پاره‌یه‌كی دیاریكراو ده‌بێت‌ مانگانه باج‌ بدات به‌ حكومه‌ت. ئه‌مه خۆبه‌خش نیه‌ و كه‌س ناتوانێت لێی ده‌رچێت، هه‌رچه‌نده‌ لێره‌ و له‌وێ هه‌ندێ له‌ بزنسمان و دوكانداره‌كان گزیوفزی تیائه‌كه‌ن له‌ ڕێگه‌ی موحاسیبه‌كانیانه‌وه‌.‌
به‌رامبه‌ر ئه‌م باجه كه‌ هاووڵاتی ده‌یدات..‌ حكومه‌ت به‌رپرسه‌ له‌‌ دابینكردنی گشت خزمه‌تگوزاریه‌كان به‌بێ كه‌موكورتی وه‌ك كاره‌با، ئاو، غاز، جاده‌ و بانی باش، باشترین خزمه‌تی ته‌ندرووستی به‌بێ به‌رامبه‌ر...هتد. ئه‌گه‌ر رۆژێك له‌هه‌ر حاڵه‌تێكدا كه‌مووكورتی ڕووبدات له‌م خزمه‌تگوزه‌رانیانه‌دا.. هاووڵاتی بۆی هه‌یه‌ ڕه‌خنه‌ی گه‌وره‌ و توند له‌ حكوومه‌ت بگرێت و منه‌ت به‌سه‌ر حكومه‌تدا بكات.
مووچه‌ له‌ به‌ریتانیا ساڵانه‌ هه‌ژمار ده‌كرێت و دابه‌ش ده‌كرێت به‌سه‌ر مانگ و هه‌فته‌دا. ڕێژه‌ی باج له‌ نێوان ١٠% بۆ ٣٧% به‌پێی ئه‌و مووچه‌یه‌ی كه‌ كارمه‌نده‌كه‌‌ وه‌ریده‌گرێت یان له‌ بزنسدا دوكاندار و كۆمپانیا قازانجی لێده‌كات. ئه‌وانه‌ی كه‌ ساڵی ١٢٠٠٠ پاوه‌ن و كه‌متریان ده‌ست ده‌كه‌وێت واته‌ مانگی ١٠٠٠ پاوه‌ن، ئه‌مانه‌ باج نایانگرێته‌وه‌... سه‌روو ١٢ هه‌زار باج ده‌یانگرێته‌وه‌ به‌پێی ئه‌و ڕێژه‌یه‌ی كه‌ له‌سه‌ره‌وه‌ باسم كرد.


ئه‌وانه‌ی كه‌ مووچه‌یان سه‌روو ٤٠ هه‌زاره‌.. باجی ٣٧% ده‌یانگرێته‌وه‌.. بۆ نموونه ئه‌وه‌ی له‌ ساڵێكدا‌ ١٠٠ هه‌زار په‌یداده‌كات ده‌بێت به‌لانی كه‌م ٣٧ هه‌زار بده‌ن به‌ حكومه‌ت. ئه‌وانه‌ی كه‌ ساڵانه‌ ملیۆنێك وه‌رده‌گرن ( وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌ری بانكه‌كان و به‌ڕێوه‌به‌ری كۆمپانیا گه‌وره‌كان یان CEO كان) ده‌بێت ٣٧٠ هه‌زار باج بده‌ن. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ قازانجی كۆمپانیه‌كان كه‌ ساڵی به‌ ده‌یان ملیۆنه‌ و ده‌بێت به‌ ڕێژه‌ی ٣٧% باج بده‌ن، واته ساڵی‌ ٣.٧ ملیۆن پاوه‌ن. ئه‌مه‌ی‌ باسمكرد مانای ئه‌وه‌یه‌ نه‌ك ته‌نها حكومه‌ت به‌ڵكو هاووڵاتیش به‌شداریه‌كی گه‌وره‌ی هه‌یه‌ له‌ بووجه‌ و بونیادنانی ده‌وڵه‌تدا.‌


جگه‌ له‌و باجه‌ی كه‌ له‌سه‌ره‌وه‌ باسمكرد.. باجی به‌له‌دیه‌ش هه‌یه‌ كه‌ هه‌موو ماڵێك یان دوكاندارێك یان كۆمپانیایه‌ك ده‌بێت بیدات كه‌ به‌لانی كه‌م به‌پێی گه‌وره‌یی ماڵه‌كه‌ یان دوكانه‌كه‌ یان كۆمپانیاكه یان شاره‌كه‌،‌ ڕێژه‌كانی ده‌گۆڕدرێت. ئه‌گه‌ر له‌ بچووكترین فلاتدا بژیت ده‌بێت به‌لانی كه‌م ساڵی ١٦٤٠ پاوه‌ن‌ بده‌یت‌ به‌ بلدیه، واته‌ مانگی ١٤٠‌ پاوه‌ن... ئه‌م باجه‌ به‌ ڕێژه‌ به‌رز ده‌بێته‌وه‌ تا ئه‌گاته‌ سه‌روو ١٠ هه‌زار پاوه‌ن ساڵانه‌.


باجێكی تر كه‌ پێیده‌ڵێن National Insurance Contribution و هه‌مووكه‌س ده‌گڕێته‌وه‌ بریتیه‌ له‌ minimum‌ ١٢%ی مووچه‌ و maximum ٤١٧٠ پاوه‌ن له‌ مانگێكدا، زۆری ئه‌م پاره‌یه‌ ده‌چێت بۆ كه‌رتی ته‌ندرووستی و خانه‌نشینی‌.


باجێكی تر هه‌یه‌ كه‌ پێی ده‌ڵێن VAT مانای Value Added Tax كه‌ كریار ده‌یدات له‌كاتی كه‌لووپه‌لكڕیندا كه‌ ئه‌مه‌ش ده‌كاته‌ ٢١% نرخی كاڵاكه‌ (كاتی خۆی مارگرێت ثاتشه‌ر داینا كه‌ به‌ ٢.٥% ده‌ستپێكرد) بۆ نموونه‌ گه‌ر ئۆتۆمۆبیلێك به‌ ١٠ هه‌زار پاوه‌ن بكڕیت ته‌نها ٧٩٠٠ پاوه‌نی بۆ خاوه‌ن گه‌راجه‌كه‌یه‌ و ٢١٠٠ پاوه‌نی ده‌ڕوات بۆ حكومه‌ت. سه‌روو ئه‌وه‌ خاوه‌ن گه‌راجه‌كه‌ هه‌ر پابه‌نده‌ به‌ پێدانی ئه‌و باجانه‌ی له‌سه‌ره‌وه‌ باسم كرد.‌ سه‌لاجه‌یه‌ك بكڕیت به‌ ١٠٠٠ پاوه‌ن مانای ئه‌وه‌یه‌ تۆ ٢١٠ پاوه‌ن باجت داوه‌ به‌ حكوومه‌ت وه‌ هه‌روه‌ها. گه‌ر قاتێك جل بكڕیت به‌ ١٠٠ پاوه‌ن، ٢١ پاوه‌نی ئه‌ڕوات بۆ حكومه‌ت‌. ئه‌مانه‌ هه‌مووی له‌ گیرفانی كڕیاره‌وه‌ دێته‌ده‌رێ.


له‌ به‌ریتانیا وێڕای داهاتی سرووشتی وه‌ك غاز و نه‌وتی‌ ده‌ریای باكوور (كه‌ كه‌س باسی ناكات) ، هاووڵاتی به‌مجۆره‌ بۆته‌ به‌شداربوویه‌كی سه‌ره‌كی له‌ بووجه‌ی وڵاتدا، باجدان به‌ سیستمێكی ڕێكوپێك به‌ حكوومه‌ت بۆته‌ ئه‌ركێكی سه‌رشانی هاوولاتی، زۆر لایان ئاساییه‌ و بۆیان هه‌یه‌ منه‌ت به‌سه‌ر حكوومه‌تدا بكه‌ن و خۆپیشاندان بكه‌ن گه‌ر كه‌مووكورتی له‌ خزمه‌تگوزاریه‌كاندا ڕووبدات.


به‌ڕای من گه‌ر حكوومه‌تی كوردستان وه‌ك نیمچه‌ چاره‌سه‌رێك (ئه‌توانم بڵێم چاره‌سه‌رێكی ته‌ندرووستیشه‌ نه‌ك نیمجه‌)، با یاسای باج دابنێ و بیخاته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه..گه‌ر بیكات‌ ده‌تاونێت به‌ لانی كه‌م ٨٠% ی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران، گه‌ر زیاتر نه‌بێت، دابینبكات. ئه‌وكات با داهاتی نه‌وت و گومرگه‌كان خه‌رجكات له‌ خزمه‌تگوزاری جاده‌وبان و كاره‌با و ئاو ... هتد. ئه‌گه‌ر نه‌یانكرد ئه‌وكات هاووڵاتی ئه‌توانێ په‌نجه‌ بكات به‌چاوی په‌رپرسه‌كانی حكومه‌تدا و ئه‌نواع تۆمه‌تیان بداته‌پاڵ.. و ئه‌وكات ناتوانن نكۆڵی لێبكه‌ن.


پێویست ناكات ئابووری ناسه‌كانمان (گه‌ر هه‌بن) خۆیان سه‌غڵه‌تكه‌ن و یاسا دانێن.. به‌ڵكو به‌ ئاسانی ده‌توانن كه‌م یان زۆر چاوێك له‌ به‌ریتانیا و ئه‌وروپا بكه‌ن كه‌ هه‌موو یاسایه‌كیان به‌ حازری هێناوه‌ته‌ به‌رده‌ستمان له‌هه‌موو بوارێكدا.


به‌ڕای من حكومه‌ت ده‌توانێت به‌م سیستمه‌ ئاسانه‌ی‌ خواره‌وه‌‌‌ باج له‌سه‌ر مووچه‌خۆر دابنێت، سیستمه‌كه‌ دادوه‌ری تێدایه‌ و ئه‌وكات موچه‌خۆر ده‌بێت به‌ به‌شداربوویه‌كی كاریگه‌ر له‌ بونیادنانی هه‌رێمی كوردستان:


- ئه‌وانه‌ی مووچه‌یان له‌ ٥٠٠ هه‌زاره‌ و یان كه‌متر، باج نایانگرێته‌وه‌.
- ئه‌وانه‌ی مووچه‌یان یه‌ك ملیۆن دیناره‌، با ٥% باج بیانگرێته‌وه‌. واته ئه‌وه‌ی یه‌ك ملیۆن وه‌رده‌گرێت‌،‌ ته‌نها مانگی ٢٥ هه‌زار ده‌ده‌ن، چونكه‌ له‌ ٥٠٠ی یه‌كه‌م به‌خشراون.
- ئه‌وانه‌ی مووجه‌یان ده‌گاته‌ ٢ ملیۆن، با ١٠% بیانگرێته‌وه‌.. واته‌ ئه‌وه‌ی ٢ ملیۆن وه‌رده‌گرێت مانگی ١٢٥ هه‌زار باج ئه‌دات.
- ئه‌وانه‌ی له‌ ٢ ملیۆن تا ٤ ملیۆن وه‌رده‌گرن باج له‌سه‌ریان ٢٠% بێت. واته‌ ئه‌وه‌ی ٤ ملیۆن وه‌رئه‌رێت مانگانه‌ ده‌بێت ٥٢٥ هه‌زار باج بدات.
- ئه‌وانه‌ی له‌ ٤ ملیۆن تا ٧ یان ٨ ملیۆن وه‌رده‌گرن وه‌ك وه‌زیر و ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌كان با ٣٥% باج بیانگرێته‌وه‌. واته‌ ئه‌وه‌ی ٧ ملیۆن وه‌رده‌گرێت ده‌بێت ١٥٧٥٠٠٠ (ملیونێك و‌ ٥٧٥ هه‌زار) باج بدات، ئه‌مانه‌ هێشتا پێنج ملیۆن و ٤٢٥ هه‌زاریان بۆ ده‌مێنێته‌وه‌ بۆ خه‌رجی خۆیان. ‌


كۆمپانیا و كارگه‌ زه‌به‌لاحه‌كان وه‌ك كۆڕه‌ك، ئاسیا، نۆكان، قه‌یوان، كار، كارگه‌كانی ئاسن و چیمه‌نتۆكان..هتد، ئه‌مانه‌ كه‌ مانگانه‌ ده‌یان ملیۆن دۆلار قازانج ده‌كه‌ن.. له‌گه‌ڵ قاچاغچیه‌كانی جگه‌ره‌ و مه‌شروب ده‌بێت ٤٥% ی قازانجه‌كانیان وه‌ك باج بده‌ن به‌ حكومه‌ت كه‌ ده‌كاته‌ سه‌دان ملیۆن دۆلار، زۆر له‌وه‌ باشتره‌ حكومه‌تێكی زل و زه‌به‌لاح جارجار داوا له‌ ده‌وله‌مه‌نده‌كان بكات و ئه‌وانیش به‌ بێگاری و منه‌ته‌وه‌ وه‌ك خێر بیده‌ن به‌ حكومه‌ت و له‌ میدیاكانه‌وه‌ پۆز به‌سه‌ر خه‌ڵكدا لێده‌ن.


جا ئه‌مانه‌ی باسم كرد به‌جۆرێك له‌ جۆره‌كان حكومه‌ت ده‌توانێت زیاد یان كه‌م یاسای بۆ دانێت و ‌ په‌رله‌رمانیش په‌سه‌ندیكات. ئه‌وكات ڕزگارمان ده‌بێت له‌ پاڕانه‌وه‌ له‌و شكوولاتانه‌ی خوارووی عراق كه‌ هه‌رجاره‌ به شێوازێك‌ بیانوومان پێده‌گرن.



زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×