عەبدولستار مەجید : هەر تاكێكی كوردستان بە مناڵی سەر بێشكەشەوە شەش هەزار دۆلار قەرزارە
  2020-05-23       601       
سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵ ڕایدەگەیەنێت، ''هەر تاكێكی هەرێمی كوردستان بە مناڵی سەر بێشكەشەوە نزیكەی شەش هەزار دۆلار قەرزارە''.

عەبدولستار مەجید سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی لە پەڕلەمانی كوردستان لە هەژماری خۆی بڵاویكردەوە، ''لە ساڵی ٢٠٠٧ و ئەوكاتەی پەنجا بە پەنجا قوفڵی نەوتەكەیان بادەدا نەوت دەفرۆشن، دینارێكی داهاتەكەی نەگەڕاوەتەوە بۆ بەغدا و ئەوەش حاڵی فەرمانبەرانە كە بە پێنج مانگیش ناتوانن موچەیەكیان پێبدەن و دینارێكیش پاشەكەوتیان نیە بە كورتی حكومەتی هەرێم موفلیسە !''

وتیشی ''چۆن دەكرێ و كێ باوەڕ دەكات ١٣ ساڵە بە بەردەوامی و ڕۆژانە ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوتت فرۆشتبێت، لە ٢٠١٤ شەوە تا ڕووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەر دیسان نەوتی كەركوكت فرۆشتبێت، كەچی بێیت و بە خەڵك بڵێی ٢٧ ملیار دۆلار قەرزدارین!؟''.

دەشڵێت ''بۆچی ئێوە نەوتتان فرۆشتووە یان نەوتتان كڕیوە؟''

ڕوونیشیكردەوە، داننانی سەرۆكی حكومەت بەوەی لە كۆی ٧٠٠ ملیۆن دۆلاری داهاتی نەوت تەنها ٣٠٠ ملیۆنی گەڕاوەتەوە بۆ وەزارەتی دارایی و ٤٠٠ ملیۆنی دیار نیە، فەزاحەت و كارەساتێكی ئەوەندە گەورەیە كە ناكرێ میللەت و هێزە سیاسییەكان لە ئاستیدا بێدەنگ بن !، ئێستاش لە سایەی ئەو (ئابورییە سەربەخۆ)یەی ئەم دەسەڵاتە، هەر تاكێكی هەرێمی كوردستان بە مناڵی سەر بێشكەشەوە نزیكەی شەش هەزار دۆلار قەرزارە !

ئێوارەی دوێنێ مەسرور بارزانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە وتارێكیدا دۆخی قەیراناوی هەرێمی كوردستانی بۆ هاووڵاتیان ڕوونكردەوە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×