تەندروستی هەرێم: لە 24 سەعاتی رابردودا 15 كەس توشی كۆرۆنا بون
  2020-05-23       484       

وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: لەماوەی 24 سەعاتی رابردودا 15 حاڵەتی نوێی توشبون بە كۆرۆنا تۆماركراون و لە ئێستاشدا 85 توشبوی ڤایرۆسەكە لەژێر چاودێری پزیشكیدان.

ئاوێنە: وەزارەتەكە، ئەمشەو شەممە، لە راگەیەندراوی ژمارە 89ی خۆیدا ئاشكرایكرد: لەماوەی ٢٤ سەعاتی رابردودا؛ (٧٩١) پشکنین ئەنجام دراوە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان؛ (٣١٣) هەولێر، (٢٢٠) سلێمانی، (٢٥٨) دهۆك. دەرەنجام (١٥) توشبوی نوێ تۆمار کرا.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە یەكێك لە توشبوەكانی ئەمڕۆ لە پارێزگای هەولێرە كە پیاوێكی تەمەن (٣٨) ساڵانەو قوتابی خوێندنی باڵا (بورد- دکتورا)یە بۆ پسپۆڕی هەناو لە نەخۆشخانەکانی شاری بەغدا دوای گەڕانەوەی و وەرگرتنی نمونەی پشکنینی تاقیگە دەرەنجامەكەی پۆزەتیف دەرچوە.

هەر بە گوێرەی راگەیەندراوەكە، هەشت توشبوی ئەمڕۆ لە پارێزگای سلێمانین و پێكدێن لە: (٥) ئافرەت تەمەنیان (٦٧)، (٤٧)، (٤٧)، (٣٨)، (٣٧) ساڵ و (٣) پیاو تەمەنیان (٥٧)، (٣٧)، (٢٦) ساڵ، تەنها یەکێکیان بەرکەوتوی توشبوی پێشوە دانیشتوی شاری سلێمانیەو یەکێکی تر گەشتی دەرەوەی وڵاتی کردوە دانیشتوی قەزای ڕانیەیەو شەش توشبوەکەی تر بەهۆی بونی نیشانەکانی نەخۆشی پشکنینی تاقیگەیان بۆ کراوە و پۆزەتیڤ دەرچون و دانیشتوی شاری سلێمانین.

بەپێی راگەیەندراوەكە شەش توشبوەكەی دیكە لە پارێزگای دهۆكن و پێكدێن لە: (٦) پیاو تەمەنیان (٣٨)، (٣٨)، (٣٧)، (٣٧)، (٣٦)، (٣٠) ساڵ، پیشەیان پاسەوانە لەسەر میلاکی حکومەتی عێراقی فیدڕاڵ دوای تەواوبونی دەوامیان لە شاری بەغداو گەڕانەوەیان و وەرگرتنی نمونەی پشکنینی تاقیگە، دەرەنجامەكانیان پۆزەتیف دەرچون، یەکێكیان دانیشتوی شاری دهۆکە و پێنجیان دانیشتوی قەزای ئاکرێن.

وەزارەتی تەندروستی ئاماژەی بەوەشداوە كە کۆی گشتی توشبوان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان گەیشتۆتە (٤٧٦) توشبو، لەنێویاندا (٥) مردن هەیەو (٣٨٦) نەخۆش چاکبوەتەوەو ئێستاش (٨٥) نەخۆش لەژێر چاودێری پزیشکیدان.

ئەوەشی خستۆتەڕو كە کۆی گشتی ئەو پشکنینانەی کە ئەنجام دراون لەسەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا (٦٦٢٦٥) پشکنین بوە.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×