وەزارەتی شارەوانی: بۆرییە شکاوەکەی "ئیفراز سێ"ی هەولێر چاککرایەوە
  2020-05-24       503       

وەزارەتی شارەوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: دوای ئەوەی بۆریی ئاوی "ئیفراز سێ" لە هەولێر شکاو بەهۆیەوە گرفتی کەمئاویی لە چەند گەڕەکێکی شاری هەولێر دروستبو، تیمی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێر دەستیانکرد بە چاککردنەوەی بۆرییەکە و ئەمڕۆ ئێوارەش بۆری سەرەکیی ئاوی ئیفراز سێ چاککرایەوەو ئیدی ئاوی خاوێن دەگاتەوە ئەو گەڕەکانەی لەسەر ئەو بۆرییەن.

ئاوێنە: وەزارەتی شارەوانی، ئەمڕۆ یەكشەممە، لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكرد: دوێنێ شەممە 23ی ئایاری 2020 بۆریی ئاوی ئیفرا سێ لە شاری هەولێر شکا کە گەیەنەری ئاوی بەشێک لە گەڕەکەکانی شاری هەولێرە و لە ئێستاشدا توانراوە گرفتەکە چارەسەر بکرێت و بۆرییە ستراتیژییەکە چاککراوەتەوە و هەر لەگەڵ پڕبونەوەی خەزانەکان، دۆخی دابەشکردنی ئاو ئاسایی دەبێتەوە و ئاو دەگاتەوە ئەو گەڕەکانەی بەهۆی شکانی بۆرییەکە بێئاو ببون.

بۆریی ئیفراز سێ کاریگەریی لەسەر گەڕەکەکانی باکور و رۆژهەڵاتی هەولێر هەیە، وەکو هەولێری نوێ، حەسارۆک، قەرەبو، راپەڕین، گوڵان و فەرمانبەران تاوەکو ئیسکان.

ئیفراز سێ لە رۆژێکدا 240 ملیۆن لیتر ئاو دابیندەکات کە دەکاتە لە 40٪ی شاری هەولێر. هەروەها لە هەولێر هەزار و 160 بیری ئاو هەن، 90 لەو بیرانە كارەبای موەلیدەیان بۆ دابینكراوە و 300 بیریش دو سەرچاوەی كارەبایان هەیە، زیاتر لە 700 بیریش یەك هێڵی كارەبایان هەیە.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×