2020-05-27   756     
فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا گوندی سەفرە-یان لە سنووری شارۆچکەی ماوەت لە پارێزگای سلێمانی بۆردوومان کرد، دەوترێت لەو هێرشەدا ئۆتۆمبێلێک کراوەتە ئامانج و کەسانی ناو ئۆتۆمبێلەکە گیانیان لەدەستداوە.
ئاوێنه: کامەران حەسەن، قائیمقامی قەزای ماوەت پشتڕاستی کردووەتەوە، شەوی ڕابردوو کاتژمێر ١١:٣٠ خولەک، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی توركیا گوندی سەفرە سەربە شارۆچکەی ماوەت-یان بۆردوومان کردووە.
بە گوێرەی سەرچاوەکان، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان ئۆتۆمبێلێک و نەخۆشخانەی گوندەکەیان کردووەتە ئامانج کە پێنج گەریلای پەکەکەی تیادا بووە سەرجەمیان شەھید بوون و ئۆتۆمبێلەکە تێک شکێندراوە، ھاوکات نەخۆشخانەی گوندەکەش خاپور کراوە و چەند ماڵێکیش زیانیان بەر کەوتووە.
دوای بۆردومان کردنی گوندی سەفرە لە قەزای ماوەت ئاژانسی ئەنادۆڵی سەر بەتورکیا ڤیدۆی بۆردومانەکەی بڵاو کردەوە و لەسەر زاری وەزرەتی ناوخۆی ئەو وڵاتە بڵاویان کردەوە کە لە چالاکی یەکی دەزگای ھەواڵگری میت لە باکوردی عراق پێنج سەربازی پەکەکە کراونە ئامانج و لە چالاکی خراون.
ئاماژەى بەوەشکردووە، وەزارەتی ناوخۆی تورکیا بەردەوام دەبێت لە چالاکییەکانی دژی گەریلاکانی پەکەکە و لەھەر کوێ یەک بن دەیانکەنە ئامانج .
دەوترێت؛ فڕۆکە سیخوڕییەکانی توركیا، تا نیوەڕۆی ئەمڕۆ بەسەر ئاسمانی ناوچەکەدا سووڕاونەتەوە، گوند نشینان بەردەوام لە ترس و دڵە ڕاوکێدا دەژین.