سۆران عومەر: ئەوەی ئێوە پێی دەڵێن سەقامگیری بەرهەمی تۆقاندن و برسیكردنەو دەبێ تێكبدرێ
  2020-05-29       1413       

دوای ئەوەی پارێزگاری هەولێر رایگەیاند: روبەروی هەمو ئەوانە دەبنەوە كە بیانەوێت سەقامگیری هەولێر تێكبدەن و سەرۆكی حكومەتیش هەندێك لایەنی تۆمەتباركرد بەوەی ژیانی هاوڵاتیانیان بۆ خزمەتی ئامانجە سیاسییەكانیان خستۆتە مەترسییەوە. سۆران عومەر، پەرلەمانتاری كۆمەڵی ئیسلامی دەڵێت: ئەوەی ئێوە پێی دەڵێن سەقامگیری بەرهەمی تۆقاندن و برسیكردنەو دەبێ تێكبدرێت.

ئاوێنە: دوێنێ پێنجشەممە، فرسەت سۆفی رایگەیاند"ئێمە وەكو لیژنەی ئەمنی پارێزگا، لەپێناو پاراستنی ئاسایش و ئارامی ئەم شارە هەمو رێككارێكی یاسایی دەگرینە بەر، رێگەش نادەین هیچ كەسێك لەژێر هیچ ناونیشانێك، یان خۆشاردنەوە لەژێر ناونیشان و كێشە و گیروگرفتی هاوڵاتیان بیەوێت سەقامگیری ئەم شارە تێكبدات."

پاش ئەوەش ئەمڕۆ مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە پەیامێكدا سەبارەت بە مەترسیی تەشەنەکردنی زیاتری پەتای کۆرۆنا رایگەیاند، پابەندبون بە رێنماییە تەندروستییەكان سستی تێکەوتوە و "هەندێ لایەنیش هەوڵی بە سیاسیکردنی ئەم هەوڵانەی حکومەتیان داوەو ویستویانە رێنماییە تەندروستییەکان بێنرخ و بێسود پێشان بدەن و بەداخەوە ژیانی ھاوڵاتیانیان بۆ خزمەتی ئامانجە سیاسییەکانیان خستوەتە مەترسییەوە."

ئەمڕۆ هەینی، سۆران عومەر، پەرلەمانتاری كۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی كوردستان، لەوبارەیەوە لەلاپەڕەی خۆی لە فەیسبوك رایگەیاند"حوکمڕانییە موفلیسکراوەکەی ئێوە مەترسییە لەسەر ژیانی خەڵک، ئێوە لەتەقینەوەی ناڕەزایەتیەکان دەترسن و بە کۆرۆنا دەریدەبڕن، دەتانەوێ بەناوی گەڕانەوەی کۆرۆنا ھێز بڵاوە پێبکەن، خەڵک بکەنەوە ماڵەكانیان نەبادا خۆپیشاندان سەقامگیری پایتەخت تێکبدا!"

جەختیشی كردۆتەوە"ئەوەی ئێوە پێی دەڵێن سەقامگیری بەرھەمی تۆقاندن و برسیکردنەو دەبێ تێکبدرێ!"

ئەو پەرلەمانتارە وتوشیەتی"مەترسییەک لەسەر ژیانی خەڵک و ئایندەیان ھەبێ ئێوەو حوکمڕانیە شکستخواردوەکەتانە، برسیکردن و موچەبڕین ژیانی خەڵکی خستۆتە مەترسی!"

هەروەها وتوشیەتی"ئێوە کەی ئاگاتان لەژیانی میلەتە تا لەخەمی مەترسیەکانی سەر ژیانی بن!"


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×