دەست بەسەر بڕی زیاتر لە 15 تۆن بۆیاخ و سلیكۆن و موادی بیناسازی لە كۆگایەكی سلێمانی دەگیرێت
  2019-03-27       1633       

 

دەست بەسەر بڕی زیاتر لە 15 تۆن بۆیاخ و سلیكۆن و موادی بیناسازی لە كۆگایەكی سلێمانی دەگیرێت كە بەسەرچوون و دەستكاری بەرواری بەسەرچونەكەیان كراوە.


ئاوێنە، راگەیاندنی قایمقامیەتی پارێزگای سلێمانی: سالار مستەفا- نوێنەری بەرێوبەرایەتی چاودێری بازرگانی لە لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند: لیژنەی كۆگاكان لە یەكێك لە كۆگاكانی ناو شاری سلێمانی دەستیان گرت بەسەر بڕی زیاتر لە (10) تۆن بۆیاخی ماوەبەسەرچوودا كە دەستكاری بەشی زۆری بەرواری بەسەرچونەكانیان كراوە و خاوەنەكەی بەنیاز بووە لە بازاڕدا بیفرۆشێت. لەگەڵ ئەوەشدا دەست بەسەر بڕی زیاتر لە (4) تۆن سلیكۆن و موادی بیناسازی لە هەمان كۆگادا گیراوە كە بەهەمان شێوە ماوەی بەكارهێنانیان بەسەرچووە و شیاوی بەكارهێنان نین.


وتیشی: لەلایەن لیژنەی لەناوبردنەوە تەواوی ئەو بۆیاخ و موادانی لەناودەبرێن و خاوەنەكەیشی رێكاری یاسایی لەگەڵدا دەگیرێتە بەر. لەبارەی هۆكاری نەشیاوی ئەو موادانە بۆ بەكارهێنان، ئەو ئەندامەی لیژنە هاوبەشەكان ئاماژەی بەوەكرد كە هەر مواد و كەرەستەیەك بەرواری دەرچوون و بەسەرچوونی لەسەر بێت، كەواتە ماوەی بەكارهێنانی هەیە و دوای بەسەرچوونی ناكرێت بەكاربهێنرێت و وەكو پێویست كاریگەری نابێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×