ده‌ست به‌ وه‌رگرتنه‌وه‌ی پاره‌ی قه‌رزی بچوك ده‌كرێت
  2019-03-27       1606       

وەزارەتی كار‌و كاروباری كۆمەڵایەتی هەرێم كاتی وەرگرتنەوەی قەرزی بچوكی دیاری كرد‌و داواش لە سودمەندانی ئەو پڕۆژەیە دەكرێت، لەسەرەتای مانگی نیسانەوە دەست بە دانەوەی قەرزەكانیان بكەن.

ئاوێنه‌: بەڕێوەبەرایەتی قەرزی بچوك لە وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی هەرێم لە ڕاگەیەندراوێكدا، داوای لەسەرجەم سودمەندانی قەرزی بچوك كردوە، بەپێی ئەو خشتەیەی بۆیان دیاریكراوە قیستەكانیان بگەڕێننەوە، بەپێچەوانەوە توشی پێبژاردن‌و ڕێكاری دیكەی یاسایی دەبنەوە.

هاوكات ئارام ئەنوەر، بەڕێوەبەری سندوقی پشتیوانی پڕۆژە بچوكەكانی لاوان ڕایگەیاندوە"بەهۆی قەیرانی دارایی‌و خراپی گوزەرانی هاوڵاتیانەوە بۆ ماوەی سێ ساڵ وەرگرتنەوەی قەرزی بچوك ڕاگیرا، بەڵام بڕیاردراوە دەست بە وەرگرتنەوەی ئەو قەرزە بكرێت."

ئاشكراشیكرد"بەپێی ئەو خشتەیەی كە دیاریكراوە، لە سەرەتای مانگی نیسانی 2019وە دەست دەكرێت بە وەرگرتنەوەی قەرزی بچوك."

پڕۆژەی قەرزی بچوك لەساڵی 2011وە دەستیپێكرد‌و تاوەكو ئێستاش هه‌شت هەزار‌و 137 كەس لێی سودمەندبون، هەروەها بڕی ئەو قەرزەی كە دراوە بە گەنجان بۆ دامەزراندنی پڕۆژەی بچوك گەیشتۆتە 76 ملیار دینار.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×