جەلەولا..باوكێك و سێ كوڕی لەناو باخەكەیاندا بەدەستڕیژی گولـلە كوژران
  2020-06-04       713       
دیالە/5ی ئازاری 2020/ گوندی ئیسڵاح لە باكوری جەلەولا، كاتێك ژمارەیەك چەكدار ئاگریان لە بەروبومە كشتوكاڵییەكان بەردا. وێنەكە لەلایەن خەڵكی گوندەكەوە گیراوە

باوكێك و سێ كوڕی بەدەستڕێژی گولـلەی ژمارەیەك چەكدار كوژران، لەوكاتەی لەناو باخەكەیاندا لە گوندێكی سنوری ناحیەی جەلەولا سەرقاڵی كاركردن بون.

ئاوێنە، كەركوك ناو: ئەو هێرشە بۆ سەر ئەو خێزانە، كاتژمێر 10ی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 4ی حوزەیران رویدا، لە گوندی ئیسڵاح باكوری ناحیەی جەلەولا سەر بە قەزای خانەقین.

سەیف سەتار، ئەنجومەنی گوندی ئیسڵاح، بە (کەرکوک ناو)ی وت "ژمارەیەک چەکدار چونەتە سەر ئەو خێزانە و تەقەیان لێكردون و سێ كوڕەكە هەر لەوێ گیانیانلەدەستداوە و باوكیشیان دوای گەیاندنی بۆ نەخۆشخانەی جەلەولا بەهۆی سەختی برینەكەیەوە ئەویش گیانیلەدەستداوە."

لەوكاتەی چەكدارەكان تەقەیان لێكردون، حسێن ئیسماعیل نایف و سێ كوڕەكەی (ئەحمەد، رافد و فازڵ) سەرقاڵی كاری كشتوكاڵی بون.

ئەنجومەنی گوندی ئیسڵاح، چەكدارەكانی بە "داعش" وەسفكرد.

ریاز حجێمی، کەسایەتییەکی گوندی ئیسڵاحە و کەسوکاری قوربانییەکانە، بە (کەرکوک ناو)ی وت"ئەمڕۆ چوار کەس لە گوندەکەمان کوژران و خزمی خۆمن، نزیکەی پێنج ساڵە بەمشێوەیە دەكرێینە ئامانج و بەچەكی خۆمان و بە پارە و فیشەكی خۆمان بەرگریی لە ژیانمان دەكەین."

خەڵكی گوندەكە، سەرقاڵی كشتوكاڵ و ئاژەڵدارین و ئەو روداوەش مەترسی لەسەر ژیانیان دروستكردوە. وەك ریاز وتی"ئەگەر بێت و گوندەکەمان چۆڵ ببێت و خەڵکەکەی ئاوارە بێت، ئەوە کارەسات رودەدات و مەترسی بۆ سەر خانەقین، جەلەولا، سەعدییە و تەنانەت حەوزەی حەمرینیش دروستدەبێت، چونکە بەھەزاران دۆنم زەوی کشتوکاڵی چۆڵ دەبێت و داعش تیایدا گەشەدەكات."

ئەو گوندە لە باكوری جەلەولا، دەكەوێتە سەر روباری سیروان كە ناوچەیەکی چڕ و فراوانە و ناوبەناو كردەوەی توندوتیژی دژ بە خەڵكی گوندەكە رودەدات.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×