قوباد تاڵەبانی پەیامێكی سەبارەت بە دۆخی كۆرۆنا و ناڕەزایەتییەكان بڵاوكردەوە
  2020-06-05       987       

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم داوا لە هاوڵاتیان دەكات دۆخی بڵاوبونەوەی كۆرۆنا بەجددی وەربگرن و پابەندی رێنماییەكانی خۆپارێزیی بن. داوای لێبوردنیش لە هاوڵاتیان دەكات كە ئەگەر بەهۆی بڕیارو رێنماییەكانی حكومەتەوە زیانیان پێگەیشتبێت و هۆشداریش دەدات كە ئەگەر بڵاوبونەوەی كۆرۆنا بەشێوەی چەند رۆژی رابردو بەردەوام بێت رەنگە كەرتی تەندروستی هەرێم بەرگە نەگرێت لەگەڵ ئەوەش بەڵێن دەدات كە بەسەر دۆخی كۆرۆنا و قەیرانی دارایی و ئابوریدا زاڵ بنن.

ئاوێنە: ئەمشەو پێنجشەممە، قوباد تاڵەبانی پەیامێكی ڤیدیۆیی سەبارەت بە دۆخی كۆرۆنا و ناڕەزایەتییەكانی هاوڵاتیان لە هەرێمی كوردستان بڵاوكردەوە.

قوباد تاڵەبانی لەسەرەتای پەیامەكەیدا وتی"دەمەوێت بەناوی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە داوای لێبوردنتان لێبكەم ئەگەر ئەو بڕیارو رێكارانەی ئێمە دەرمانكردون لەپێناوی روبەڕوبونەوەی پەتای كۆرۆنا بوبن بە زیان لەسەر ژیان و گوزەرانتان. مەبەست و ئەولەویەت و ئامانجی ئێمە پاراستنی سەلامەتیتانە. "

جێگری سەرۆكی حكومەتی ئاماژەی بەوەدا كە حكومەت تاوەكو بەر لە جەژن رێكاری توندی گرتۆتەبەر بۆ روبەڕوبونەوەی پەتای كۆرۆناو بەوەش بە هاوكاری كارمەندانی تەندروستی و هێزەكانی ناوخۆو هاوڵاتیان تاڕادەیەكی زۆر توانیان بەسەر كۆرۆنادا زاڵ بن و نەهێڵن ئەو پەتایە هاوشێوەی وڵاتانی تر بڵاوببێتەوە. بەڵام بەقسەی ئەو لەدوای جەژن هەم رێكارەكانی حكومەت كەمێك سست بونەوەو هەمیش پابەندبون بە رێنماییەكان وەك پێشتر نەبو ئەوەش وایكرد نەخۆشییەكە دیسان سەرهەڵبداتەوەو بەشێوەیەكی مەترسیدار دوبارە بڵاوببێتەوە.

تاڵەبانی وتی"تكاتان لێدەكەم با ئەم نەخۆشییە بەجددی وەربگرین، ئەم نەخۆشیە گاڵتە نییە. ئەم نەخۆشییە سیاسەت نازانێت، دەستكردی حكومەت نییە، ئەم نەخۆشییە خەتای یەكێتی و پارتی نییە بەڵكو نەخۆشییەكە كە بەرۆكی جیهانی گرتوەو بەرۆكی ئێمەشی گرتوەو بۆتە زیانێكی زۆر بۆ سەر هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان و بۆ سەر دۆخی هەرێمی كوردستان بەگشتی، بۆیە داواكارم لێتان ئەم نەخۆشییەو رێكارەكانمان و سیاسەتەكانمان و رێنماییەكانمان بۆ خۆپارێزیی بەجددی وەربگرن."

هەروەها هۆشداریشدا"ئەگەر خۆپارێزی نەكرێت و ئەو نەخۆشییە بە شێوەی چەند رۆژی رابردو بڵاوببێتەوە ئەو فشارەی دەكەوێتە سەر كەرتی تەندروستی هەرێمی كوردستان، فشارێك دەبێت كە كەرتی تەندروستی و ژێرخانی تەندروستی هەرێمی كوردستان رەنگبێ بەرگەی نەگرێت."

وتیشی"هیوادارین پێكەوە جددیەت بگێڕینەوە بۆ ئەم دۆخەو نەهێڵین كەسانی بەناو سیاسی ئەم پڕۆسەیە بەلاڕێدا ببەن تاوەكو لەپێناو سیاسەت و بۆچون و بەرنامەكانیاندا."
قوباد تاڵەبانی وتیشی "رون و ئاشكرایە ئەم نەخۆشییە تەنها كاریگەری لەسەر سەلامەتی هاوڵاتیان نییە، بەڵكو وەك بینیومان لەسەر ئاستی ناوچە و جیهان كاریگەری لەسەر ئابوری وڵاتانیش هەیە، بەو هۆیەشەوە داهاتی هەرێم كەمبۆتەوە و بازاڕ سست بوە و وایكردوە نەتوانین لەكاتی خۆی موچە بدەین و عێراقیش نەتوانێت وەك جاران مامەڵە بەداهاتی خۆی بكات ئەوەش كاریگەری خراپی نەخۆشییەكەیە".

هەروەها وتیشی "ئێمە تەقدیری ماندبونی موچەخۆران و كاسبكاران دەكەین كە ئەم نەخۆشییە بۆتە هۆی دواكەوتنی گوزەرانیان و هەمو هەوڵێك دەدەین بۆ باشتركردنی دۆخی كوردستان لەگەڵ بەغداد".

قوباد تاڵەبانی باسی لەوەكرد "دەزانم خەڵك ناڕازییەو بەشێوازی جۆراوجۆر ئەو ناڕەزایەتییە دەردەبڕن، خۆپیشاندان یەكێكە لەو رێگەیانەو خۆم لەدو وڵاتی زۆر دیموكراسی گەورە بوم و قەدری دیموكراسی و ئازادی دەزانم، لام ئاساییە خەڵك بەشێوەیەكی دیموكراسی ناڕەزایەتی دەربڕێت، بەڵام داواكارم هەر كەسێك دەیەوێت لەڕێگەی خۆپیشاندانەوە ناڕەزایی دەربڕێت پابەندی یاساكان بن و بەشێوەیەكی شارستانی ئەو ناڕەزایەتییە دەربڕن و بزانن كە كۆدەبنەوە ئەوە مەترسی كۆرۆنا زیاتر دەكات، بۆیە ئەگەر هەر دەكرێت خۆپیشاندان بكەن لانیكەم خۆتان و هاوڕێكانتان بپارێزن".

تاڵەبانی رویكردە هێزە ئەمنیەكان لەپاراستنی خۆپیشاندەران وتی "هەمانكات داوا لەهێزە ئەمنییەكان دەكەم بەشێوەیەكی شارستانی مامەڵە لەگەڵ خۆپیشاندەران بكەن، ئەو ڤیدیۆییانەم بینی ئەو رۆژە كە گوێبیستی تەقە بوم بەهیچ شێوەیەك قبوڵ ناكرێت، بۆیە دوای ئەوە پەیوەندیم بەهێزەكانەوە كردو پێموتن نابێت فیشەك لەبەرامبەر خۆپیشاندەران بەكاربهێنرێت، هەمانكات نابێت ئەزێتی میدیاكاران بدەین لەكاتی خۆپیشاندەران، بەڵام هەریەكەمان ئەرك و بەرپرسیارێتیمان هەیە و دەبێت پابەندبین بەو ئەرك و بەرپرسیارێتییەی لەسەرشانمانە."

لەكۆتایی پەیامەكەشیدا وتی" وەكو جێگری سەرۆكی حكومەت دڵنیاتان دەكەمەوە، ئەم جارەش زاڵدەبینەوە بەسەر ئەو تەحەدایانەی رویان لە هەرێمی كوردستان كردوەو پێكەوە زاڵ دەبین بەسەر پەتای كۆرۆناو بەسەر قەیرانی دارایی و ئابوری و بەسەر كێشەكانی حوكمڕانی و ئیدارەدانداو ئەم بەڵێنەتان دەدەینێ كە پێكەوەو بەهاوكاریكردنی یەكتری ئەو قۆناغەو ئەم رۆژە ناخۆشانەش تێدەپەڕێنین. هەم سەلامەتیتان دەپارێزین هەم حكومەتەكەشتان دەخەینەوە سەر رێچكەیەكی دروست و تەندروست تاكو بە باشترین شێوە بتوانین خزمەتتان بكەین."

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×