"شەم"ەكانی شەنگال.. ئەو ژنە ئێزیدییانەی هاوسەرەکانیان تیاچون‌و مەراقیان بۆ بەجێما
  2019-04-04       953       

ئا: سەردەشت عەبدولرەحمان

ئەو ژنە ئێزیدییانەی لەئەنجامی هێرشی چەكدارانی داعشدا بۆ سەر شەنگال هاوسەرەكانیان لەدەستدا، لەهەلومەرجێكی دەرونی بەئازارو دۆخێكی ئابوری قورسدا ژیان بەسەردەبەن. 


"ڤیان" ژنێكی ئێزیدییە‌و چەكدارانی داعش لەكاتی پەلاماردانی شەنگالدا هاوسەرەكەیان كوشتوە، ئێستا لەتەمەنی 25 ساڵیدا بەچوار منداڵەوە بێوەژنە. کاتێک بەدەستە لاوازو بێهێزەكانی ئاماژە بۆ ماڵەكەی دەكات کە شەڕ‌و بۆردومان تەنها هەیكەلەكەیان بەپێوە هێشتوە خەمێکی گەورە دایدەگرێ، ئەو وتی "ماڵم وێران بوو، هاوسەرم تیاچوو، ژیانم لێشێوا، تا ماوم دەبێ‌ بۆ بێكەسی خۆم‌و منداڵەكانم بگریم".


ڤیان لەگەڵ هەر سەیركردنێكی خانوە وێرانبوەكەیاندا، یادگارییە شیرین‌و تاڵەکانی بیردەکەوێتەوەو قوڵپی گریان لەدەرونیەوە سەردەكا‌و وەک شەم‌و مۆم دەسوتێ، سەرپۆشێکی سپی توند لەسەروملی ئاڵاندوەو زۆربەی كات سەر دەخاتە نێوان دەستە لاوازەكانیەوە‌و بۆ بەدبەختی خۆی‌و منداڵەكانی دەگری، ئەو وتی "داعش هاوسەرەکەمی لەپێش چاوی خۆم‌و منداڵەکانم کوشت، منیش بەچوار منداڵەوە سەرگەردان‌و ئاوارە بوم، بەهەزار دەردەسەری لەدەستی داعش دەرباز بوین‌و بەرەو چیا هەڵاتین، ئێستا من‌و چوارمنداڵم بێ سەرپەرشت ماوینەتەوە، گەڕاومەتەوە بۆشەنگال‌و هەر رۆژەو لەماڵی خزم‌و کەسوکارێكمدا دەژیم، بەبێ ئەوەی هیچ داهاتێکم هەبێ‌ ئەمەش فشارێکی دەرونی زۆری بۆ دروستکردوم".


وتیشی "جگە لەوەی بژێویی خۆم‌و منداڵەکانم بۆ دابین ناكرێ‌، پارەی ئەو دەرمانانەشم پێنییە بۆ چارەسەری نەخۆشی دەرونی دەبێت بەکاریانبهێنم".


ڤیان كە هەشت کەسی خێزانەکەی لەلایەن داعشەوە کوژراون، بەماتی‌و دەنگێكی خەمهێنەرەوە وتی "من شەوانە زۆر دەترسم، ناتوانم بخەوم".


وتیشی "دۆخمان زۆرخراپ بو ڕامانکرد بەرەو شاخ، ڕاکردنی بەردەوام بڕستی لەبەر بڕی بوین، زۆر دەترسام، ترسێک کە تا ئێستاش لەگەڵمدایە".


كچان‌و ژنانی ئێزیدیی قوربانی سەرەكی شەڕ‌و پێكدادانە خوێناوییەكانی داعشن، تەنانەت ئەو كچ‌و ژنانەشی كە وەك كەنیزەك نەكەوتنە دەست چەكدارانی داعشەوە، ژیانێكی سەخت لەكەمپی ئاوارەكان‌و لەزێدی رەسەنی خۆیاندا بەسەردەبەن، بەتایبەتی ئەو ژنانەی هاوسەرەكانیان لەدەستداوە، خەمی گەورەو هاوبەشیان دابینكردنی بژێوی ژیانی خۆیان‌و منداڵەكانیانە. هێشتا بەشێك لەم ژنانە لەچاوەڕوانی گەڕانەوەی هاوسەر‌و براو كەسە بێسەروشوێن كراوەكانیاندان‌و هەندێكیشیان هەرگیز دیمەنی هەژێنەری كوشتن‌و گیان لەدەستدانی هاوسەرو ئازیزترین كەسەكانی ژیانیان لەبەرچاو ون نابێت.


ڤیان هەركات كە چیرۆكی كوێرەوەری‌و خەمە نەبڕاوەكانی دەگێڕێتەوە، چاوە سەوزەكانی پڕ دەبن لەفرمێسك، ئەم ژنە كە لەبێخەوی‌و کەم خۆراکیدا ڕوخساری زەردهەڵگەڕاو‌و بزڕکاوە، خوازیارە منداڵەکانی پەروەردە بکا‌و لەخوێندن دانەبڕێن، ئەو وتی "منداڵەکانم خوێندکارن، تێچوی خوێندنیان زۆرە چونکە دوانیان هاتوچۆ دەکەن‌و دەچن بۆ سنونی‌و دەبێت کرێی هاتوچۆیان بۆ دابینبکەین، لەبەرئەوەی مامۆستاکانیش لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە دانەمەزراون‌و وانەبێژن دەبێت پارەی ئەوانیش بدەین" .


وتیشی "هەمو کەسوکارەکەم کە گەڕانەوە بۆ شەنگال‌، منیش لەگەڵ ئەوان گەڕامەوە، بەهیوای باشتربونی ژیانمان‌و دەستپێکردنەوەی ژیانیکی نوێ".



رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان ئاماژە بەوە دەكەن كە بەهۆی پەلاماردانی داعشەوە بۆ سەر ناوچە ئێزیدینشینەكانی دەوروبەری موسڵ بەهەزاران كەس ئاوارە بون‌و لەهەلومەرجێكی پڕ لەمەرگەساتدا ژیانیان گوزاراند، تا ئێستاش كە نزیكەی سێ‌ ساڵ بەسەر ئازادكردنی شەنگالدا تێدەپەڕێت، ژمارەیەكی لەم ئاوارانە لەكەمپ‌و ناو خێمەكاندا دەژین بەهۆی وێرانبونی گوندو شارۆچكەكانیان، کە هێشتاش گۆڕەپانی چەندین هێزی ناكۆكن.


"دلارا" ژنێكی تەمەن 30 ساڵەو لەشارۆچكەی شەنگال لەگەڵ ماڵی باوكی دەژی كە ئاسەواری گولەو شەڕ بەدەرو دیوارییەوە دیارە، ماڵێك كە هەژاری لەدەرگاو پەنجەرەو لەكەلوپەل‌و جلوبەرگی خۆی‌و منداڵەكانیشی دەبارێت، ئەو كە هاوسەرەكەی لەپاش هێرشی داعش بۆ سەر شەنگال بێسەروشوێنە، نیگەرانە لەوەی سەرەڕای تێپەربونی سێ ساڵ بەسەر ڕزگارکردنی ناوچەکەیاندا، هێشتا بڕێکی زۆر کەمی خزمەتگوزاری بۆ شەنگال‌و گوندەكانی دەوروبەری دابینکراوە، هیچ دکتۆرێک‌و بنکەیەكی تەندروستی‌و ئاوی شیاوی بۆ خواردنەوە تێدا نیە، خەڵکی بەدەست نەبونی کارەباوە دەناڵێنن، بارودۆخی ئەمنی ناجێگیرە، بێکارییەکی ترسناک شارەکەی تەنیوە، دلارا وتی "ئەوەی کەمێک سەبوریمان پێدەبەخشێت تەنها ئەوەیە کە داعش لەناوچەکانمان دوور كەوتوەتەوە".


وتیشی "زۆربەی ئەو خێزانانەی گەڕاونەتەوە بۆ شەنگال، جگە لەوەی کە ژمارەیەک کەسیان رفێندراوە یان کوژراوە، بەشێكی بەرچاویان ئەو ژنانەن هاوسەرەكانیان لەلایەن داعشەوە كوژراوە یاخود بێسەر‌وشوێن كراون".


وتیشی "ئەم ژنانە زۆربەیان توانای کڕینی سادەترین پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیانیان نییە، ئێستا خۆم‌و دو منداڵەکەم لەگەڵ ماڵی باوک‌و چەندین منداڵی بەجێماوی براو براژنەکانمدا دەژین، هەموو رۆژێك چاوەڕوانی گەڕانەوەی هاوسەرەكەمم".


ئێزیدییەكان كە كەمینەیەكی ئایینین‌و بەشێوەیەكی سەرەكی لەناوچەی شەنگال‌و شێخان‌و شارۆچكەو گوندەكانی سەر بەپارێزگاری موسڵ دەژین‌و پەرستگای لالش پیرۆزترین مەرقەدیانە، چەندینجار لەمێژووی خۆیاندا روبەڕووی كوشتارو ئازاردان بونەتەوە، بەتایبەتی لەپاش روخانی رژێمی سەدامەوە لە2003دا كە لەلایەن گروپە ئیسلامییە توندڕەوەكانەوە كراونەتە ئامانج لەسەرئەوەی پەیڕەوانی ئایینێكی جیاوازن. هێرشی داعش بۆ سەر شەنگال لەهاوینی 2014دا كارەساتێكی گەورە بوو بۆ ئێزیدیەكان كە بووە هۆی ئاوارەكردنی نزیكەی 300 هەزار كەس لەو ناوچانە، چەكدارانی داعش جگە لەوەی شەنگالیان وێران كرد، هەزاران پیاوی ئێزیدیان كوشت‌و هەزاران كچ‌و ژنیشیان بەدیل گرتن كە وەك كەنیزەك‌و كۆیلەی سێكسی مامەڵەیان لەگەڵ كرا. 

 ئەو رۆژە رەشە بەئاگر‌و ئاسن لەبیرەوەری "رەعنا"دا هەڵكۆڵراوە، چونكە لەو رۆژەدا هاوسەرەکەی بێسەروشوێن كراوو ئەم‌و دو منداڵەكەشی، لەترسی کوشتن‌و بەدیل گرتنیان بەبرسێتی‌و تینویەتی لەگەڵ هەزاران كەسی ئێزییدیدا روویان کردە چیای شەنگال‌و پاشان لەكەمپێكی ئاوارەكان لەپارێزگای دهۆك گیرسانەوە، ئەو وتی "ژیانی ناو كەمپ كولەمەرگی بو، هەمو رۆژێك چەند جارێك دەمردین‌و زیندو دەبوینەوە، بەهاوین گڕەی گەرماو تەپ‌و تۆزو بەزستانیش لەتاو سەرما‌و چۆڕاوگەی باران ژیانمان نەبو".


ئەم ژنە ئێزیدییە باس لەوە دەكات ژیانی ناو كەمپەكان ئەوەندە بەئازارو بەئێش بو، پاش تەنیا چوار ڕۆژ لەئازادکردنی شەنگال بڕیاری گەڕاندنەوەیان داوە بۆ سەر ماڵ‌و حاڵی خۆیان، سەرەڕای ئەوەی لەسەرهێڵی تەماس بون‌و بەردەوام گوێیان لەتەق‌و تۆق بوە.


ئەم ژنە گەنم رەنگە تا ماوە ئەو بەرەبەیانە تۆزاوی‌و گەرمەی هاوینی 20014ی لەبیرناچێت، کە چەكدارانی داعش پەلاماری شەنگالیان دا‌و وەك زۆرێك لەخێزانەكانی ئەو شارۆچكەیە تەنانەت فریای داخستنی دەرگای ماڵەكانیشیان نەكەوتن‌و هەڵاتن، ئەو بەخەمبارییەوە وتی "لەوەتەی هەین، پەیڕەوکردنی ئایین‌و کلتورەكەمان ڕاوەدونان‌و کوشتنی بەدواوە بوە، هەمیشە ترسێکی شاراوە لەدەرونی باو‌و پاپیرانماندا هەبوە، كاتی خۆی ئێمە تێنەدەگەیشتین بۆچی‌و لەبەرچی ئەوان لەسایەی دڵەڕاوکێ‌و ئەو ترسە بەردەوامەدا دەژین، تا لەناكاو داعش هات‌و ئیتر ئێمەش تا ماوین لەسایەی هەمان ئەو ترس‌و مۆتەكەیەدا ژیان بەسەردەبەین".









زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
وەزارەتی دارایی ھەرێم: جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌ی‌ ھەژماری من پێویستی‌ به‌بڕیاری‌ دادگای‌ فیدراڵییه‌
ئامادەکردنی لیستی موچەی مانگی پێنج بەپلەبەرزکردنەوەوە بەردەوامە
کۆمسیۆن وادەى دەستپێکردنى بانگەشەى هەڵبژاردنى پەرلەمانی هەرێمی دیاری کرد
به‌رپرسێكى ئه‌مریكی نوێترین زانیاریى له‌باره‌ى هێرشى ئیسرائیل بۆسه‌ر ئێران ئاشكراده‌كات
ناوى ئه‌و كۆمپانیا ئه‌مریكیانه‌ ئاشكراده‌كرێت كه‌ عێراق گرێبه‌ستى له‌گه‌ڵ كردون
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×