عێراق؛ بەهۆی پێشبینی لافاوەوە لەبەغدای پایتەخت و پێنج پارێزگای دیكە باری نائاسایی رادەگەیەنرێت
  2019-04-05       1011       

عێراق هۆشداری دەدات لەدەستپێكردنی شەپۆلێكی باران بارین و ئەگەری دروستبونی لافاو لانیكەم لە بەغدای پایتەخت و پێنج پارێزگای وڵات باری نائاسایی رادەگەیەنێت.

ئاوێنە: كەشناسی عێراق رایگەیاند كە لە ئەمڕۆ هەینییەوە چەند ناوچەیەكی وڵاتەكە دەكەوێتە ژێر كاریگەری بارانی بەلێزمەو بەخوڕ كە مەترسی دروستبونی لافاوی لێدەكرێت بەتایبەت لە پارێزگاكانی سەڵاحەدین، كەركوك، دیالە، واست و میسان.

لایەنە بەرپرسەكانی عێراق پشت بە بەنداوەكانی دیالە، حەمرین و ئەڵوەند و عوزێم لەپارێزگای دیالەو هەروەها بەنداوی سامەڕا لە پارێزگای سەڵاحەدین دەبەستن بۆ كۆنترۆڵكردنی ئەو ئاوە زیادەیەی چاوەڕوان دەكرێت بەهۆی باران بارینی زۆرەوە دروست ببێت.

وێڕای ئەو بەنداوانە، دەسەڵاتدارانی عێراق جەختیان كردۆتەوە كە بەنداوی موسڵ لە پارێزگای نیەنەوا سەلامەتەو هیچ مەترسییەكی لەسەر نییە.

هەروەها بەغدای پایتەختیش خراوەتە چوارچێوەی مەترسییەكەوەو لەو شارەش باری نائاسایی راگەیەندراوە.

پارێزگاری بەغدا رەزامەندی نیشانداوە لەسەر هەڵگرتنی پردی "عەریكات" لەسەر روباری دیجلە بەمەبەستی چاككردنەوەو ئامادەكردنی لەسەر داوای بەڕێوەبەرایەتی رێگەبان و پردەكانی بەغدا و هۆشداریشی داوەتە چێشتخانەو دامەزراوەكانی سەر رۆخی دیجلە كە ئاستی ئاوی روبارەكە بەرزدەبێتەوەو داواشی لەهاوڵاتیان كردوە نزیك رۆخی روبارەكە نەكەونەوە.

عێراق ترسی لە سەرڕێژكردنی بەنداوی سامەڕا كە دەكەوێتە باكوری بەغدای پایتەخت هەیە كە گلدانەوەی ئاو تێیدا گەیشتۆتە ترۆپك، ئەوەش وێڕای ناردنی نزیكەی 11 بۆ 12 ملیار مەتر سێجا لەئاوی ئەو بەنداوە بۆ دەریاچەی "سەرسار" بەرەو پارێزگای ئەنبار.

لایەنە پەیوەندیدارە عێراقییەكان رایانگەیاندوە كە بۆ كۆنترۆڵكردنی زیادەی ئاوی باران و لافاو، پەنا دەبەنە بەر دەریاچەكانی سەرسار و حەبانیە لە ئەنبار و هەروەها رەزازە لە كەربەلا كە بەپێی قسەی ئەوان، ئەو دەریاچانە دەتوانن زیادەی ئاو بە قەبارەی 40 ملیار مەتر سێجا گلبدەنەوە.

پارێزگای واست-یش رایگەیاندوە كە لەئەمڕۆوە دەستیان كردوە بە لابردنی هەردو پردی پارێزگاكەو بۆ ئەوەی هاتوچۆیان پێدانەكرێت ئەوەش وەك رێكارێك خۆئامادەكردن بەهۆی ئەگەری بەرزبونەوەی ئاوی روباری دیجلە.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×