بكوژی ئاڤان نەجمەدین كە ‎مێردی پێشویەتی، سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێنرا
  2019-04-05       3039       

دانا عەبدوڵا، مێردی پێشوی ئاڤان نەجمەدین، دانی ناوە بەكوشتنی هاوسەری پێشوی لەبەریتانیا كە دایكی چوار منداڵی خوار تەمەن هەشت ساڵان بو و دادگاش سزای بۆ هەتاهەتایی بۆ دەركرد.

ئاوێنە، ‎بەریتانیا، كاوە ڕەش: ‎بەپێی گێڕانەوەكانی بۆ دادگا دانا عبدوڵا، هۆكاری كوشتنی هاوسەرەكەی بۆ ئەوە گەڕاندۆتەوە، كە ئاڤان ئایینی خۆی گۆڕیوەو بۆتە كریستیان و دواتریش پەیوەندی لەگەڵ پیاوێكی دیكە بەستوە.

‎ڕۆژنامەكانی بەریتانیا دانا عەبدوڵا، بە پەنابەرێكی نایاسایی وڵاتی ئێران لەقەڵەم دەدەن، كە پێشتر تاوانی سێكسی لەسەر ساغ بۆتەوە لەگەڵ كچی خوار سیازدە ساڵان، بەو هۆیەشەوە پێشتر لەبەریتانیا سزادراوەو دیپۆرت كراوەتەوە.

‎لەناو دادگای باڵای شاری ستافۆردشێر، دادوەر گوێبیستی "دانا عەبدوڵا"ی تەمەن٣٥ ساڵ بو، كە ئەو چۆن بەچۆقەیەكی چێشخانە ٣٣ جار مل و جەستەی ئاڤانی بەرچەقۆ داوە، تا گیانی دەرچوە.

‎هەروەها دانا عەبدوڵا، پێشتریش  چەندجارێك هەڕەشەی كوشتنی لەدایكی چوار منداڵەكەی كردوە، بەو هۆیەوە، دانا لەژێر چاودێری پۆلیسدا بوەو ئەڵقەی ئەلیكترۆنی لەپێدا بوە، بەڵام لەوكاتەدا ئەڵقەكەی قرتاندوە تا پۆلیس جێ پێی هەڵنەگرێ. سەرباری ئەوەش ئاڤان و چوار منداڵەكەی لە ناونیشانێكی نهێنی لەشاری ستۆكنترێت ژیاون، ‎بەڵام دانا هەرچۆنێك بێت ئەوانی دۆزیوەتەوەو بەتۆمەتی پەیوەندی بەستن لەگەڵ پیاوێكی دیكەو بون بە مەسیحی، ئاڤانی كوشتوە.

‎دانا عەبدوڵا كە هیچ ئەدرەسێكی دیاریكراوی نەبوە لەبەریتانیا، دوای ئەوەی دادگا تاوانی كوشتنەكەی بەسەردا ساغ كردەوە، دەبێ لانیكەم ١٩ساڵ و ٦٠ ڕۆژ لەپشت شیشی زیندانەكانەوە بەسەر بەرێت.

‎دادگا گوێبیستی ئەوە بو كە دانا بە تاكسی سەعات 11:05 خولەكی سەرلەبەیانی گەیشتۆتە شەقامی ماڵی ئاڤان، هەر بەو شوفێرەشی ڕاگەیاندوە كە سەعاتێك دواتر بێتەوەو هەڵی بگرێتەوە، پاشان تاكسیەكە كاتژمێر 12:15 خولەكی پاشنیوەڕۆ گەڕاوەتەوە ئەوی هەڵگرتۆتەوە.

‎داواكاری گشتی  ئاندرو سمیس، دەڵێ، دانا كاتێك سواری تاكسییەكە بوە شڵەژاوەو وتیەتی، دەبێ لێبوخڕیت بۆ شاری لیڤەرپوڵ. 

‎هەر لەناو تاكسیەكەدا، دانا  بینراوە كە سیمكارتێكی نوێی خستۆتە سەر مۆبایلەكەی و چەند پەیوەندییەكی ئەنجامداوەو دواتر ژمارەكانی سڕیوەتەوە، داوای لەشوفێرەكەش كردوە، دەستەسڕی بداتێ بۆ ئەوەی دەستی پێ خاوێن بكاتەوە.

‎زەنگی مەترسی دیارنەمانی ئاڤان ئەو كاتە دەركەوت، كە ئەو رۆژە سەعات چواری پاشنیوەڕۆ نەچوە بەدوای هێنانەوەی منداڵەكانیدا لەقوتابخانە.

‎بۆیە كارمەندانی چاودێری كۆمەڵایەتی، پۆلیس ئاگادار دەكەنەوەو ئاڤان لە ژوری چێشتخانەی ماڵەكەیداو لەناو خەڵتانی خوێندا، بەسەر دەم و چاودا كەوتوە، دەدۆزرێتەوە.

‎ڕۆژی داهاتو تۆمەتباری  داواكراو دانا عەبدوڵا، دەچێت بۆ سەنتەری شاری گڵاسگۆ، لەبنكەیەكی پۆلیس داوادەكات كە ئەو خۆویستانە دەیەوێت بەریتانیا بەجێبهێڵێت و هاوكاری بكەن بۆ گەڕانەوە،  بەهۆی ئەوەی ڕەوشی پەنابەریی ڕەتكراوەتەوە، بەڵام  لەبەرامبەردا كارمەندانی پۆلیس ئەو قۆڵبەست دەكەن.

‎خوشكی قوربانیەكە دەڵێ: كوشتنی ئاڤان كاریگەری قوڵی لەسەر خێزانەكەمان هەبوە،  كوشتنی ئەو وەك ئەوەیە كە هەمو خێزانەكەمانی كوشتبێت.

‎دادگا گوێبیستی سكاڵالێكراو بو، كە ئەو پێشتر لەساڵی 2013 دوجار دەستدرێژی سێكسی كردۆتە سەر كچێكی تەمەن خوار سێزدە ساڵ، بەوهۆیەشەوە ١٥ مانگ سزا دراوە،  دواتر دیپۆرتكراوەتەوە.

‎دادوەر مایكڵ جیمبەز دەڵێ: ئەوە تاوانێكی دڕندانەو كارێكی پلان بۆ داڕێژراو بوە، بەكارهێنانی چەقۆیەك بۆ كوشتنی دایكی ئەو چوار منداڵە، كە لەسۆزی دایكایەتی بێبەش بون، لەخوار تەمەنی هەشت ساڵان.

‎دادوەر  زیاتر دەڵێ، تۆ پاڵەپەستۆت خستۆتە سەری تا هاوكاریت بكات لەدژی دیپۆرتكردنەوەت، دوای ئەوەی كەیسەكەت شكستی هێناوە. هەروەها بەهۆی گوڕینی ئایینەكەی بۆ مەسیحی و پەیوەندی لەگەڵ  پیاوێكی دیكە، لەگەڵ تۆ نەگونجاوە، تۆش ئەو تاوانەت ئەنجامداوە. دواتر ویستوتە لەسزاكەی دەرباز بیت، بەوهۆیەوە ویستوتە خۆت دیپۆرت بكەیتەوە بەشێوەیەكی ئارەزومەندانە.

‎تۆ كەسایەتییەكی باش نیت، چونكە پێشتریش تاوانی سێكسیت ئەنجامداوەو دیپۆرت كراویتەتەوە، بەڵام جارێكی دیكە بەنایاسایی گەڕاویتەوەو تاوانێكی دڕندانەو ترسناكترت ئەنجام داوە.

‎دادوەر دەڵێ، رستەیەك كە تاوانی كوشتنە سزاكەی لەپازدە ساڵەوە دەست پێدەكات، بەڵام بڕیاری دادوەرانەی من لەو ڕوانگەیەوەی تۆ پلانی زۆرو وردو ترسناكت هەبوە، كە تاوانی سێكسی و دیپۆرتكردنەوەت و گەڕانەوەی  نایاسایی و پاشان كوشتن بەچەقۆو خۆدەربازكردن لەتاوانەكەی، بڕیارمدا سزای لانیكەم  ١٩ ساڵ و ٦٠ ڕۆژ زیندانیت بۆ دەردەكەم.

‎تۆ كە ئێستا ١٨٠ رۆژت لەزیندان بەڕێكردوە، واتە ١٨ساڵ و ٢٤٥ی دیكە، دەبێ لەناو قەفەزی زیندان بەڕێ بكەیت.


زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×