بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان: بەنداوەكە یەك مەترو نیوی ماوە پڕبێت
  2019-04-06       2981       

بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان باس لە دۆخی بەنداوەكە بۆ ئاوێنە دەكات لەسایەی ئەو بارانە زۆرەی كە ناوچەكەی گرتۆتەوە. ئەو دەڵێت؛ تەنها مەترو نیوێك ماوە بۆ پڕبونی بەنداوەكە بەڵام گەشبینە بەوەی بتوانن بەسەلامەتی ئەو شەپۆلی بارانبارینە تێپەڕنن كە بۆتە هۆی دروستبونی لافاو لەناوچەكە.

ئاوێنە، ئەیاد محەمەد: رەحمان خانی، بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان لەلێدوانێكدا بۆ ئاوێنە باسی لەوە كرد كە لەئێستادا دو ملیارو 100 ملیۆن مەتر سێجا ئاو لە بەنداوی دەربەندیخاندا هەیەو تەنها یەك مەتر و 50 سەنتیمەتر ماوە بۆ پڕبونی.

هێمای بۆ ئەوەش كرد كە ئاوێكی زۆر دێتە بەنداوی دەربەندیخان بەڵام لەگەڵ ئەوەش ئەمان ئاوێكی زۆریان بەرداوەتەوەو بەوەش هاوسەنگییان دروست كردوە لەنێوان ئەو ئاوەی دێتە بەنداوەكە لەگەڵ ئەو ئاوەی لە بەنداوەكەوە دەردەچێت، هەروەك رەچاوی سەلامەتی بەنداوەكەش دەكەن.

وتیشی"بۆ ئەو ئاستەی ئێمە دامانناوە هێشتا یەك مەتر و 50 سەنتیمەتر بە بۆشایی ماوە. ئەو مەترو نیوەش توانای بڕێك لەگدانەوەی هەیە كە لەئایندەدا ئەگەر ئاوێكی زۆرتر روبكاتە بەنداوەكە دەتوانین كۆنترۆڵی بكەین."

باسی لەوەش كرد كە پلانیان هەیە بە كەمترین زیان لەو ناوچانەی دەكەونە خواروی بەنداوەكە ئەم شەپۆلەی ئێستا تێپەڕێنن چونكە بەقسەی ئەو مانگی نیسان مانگێكە كە بەردەوام لەو ساڵانەی باران و لافاو زۆرە، ئاوێكی زۆر لە چەم و روبارەكانەوە دێتە ناو بەنداوەكە.

هێمای بۆ ئەوەش كرد كە ئەوان بەشەو و رۆژ چاودێری دۆخی بەنداوەكەو گێچەكان و ئاستی ئاوەكەی دەكەن.

بەپێی قسەی رەحمان خانی لەگەڵ ئەوەی بەنداوی دەربەندیخان لەچاو بەنداوی دوكان ئاوێكی كەمتر دەگرێت بەڵام دەرگاو دەرچەی بەردانەوەی ئاوی زیاتری بۆ دروستكراوە ئەوەش لەبەرئەوەی كە ئەو ئاوەی دێتە بەنداوی دەربەندیخان نزیكەی قەبارەی ئەو ئاوە دەبێت كە دەچێتە بەنداوی دوكان.

وتیشی"ئێمە رەچاوی ئەوە دەكەین كە هیچ زیانێك بەو ناوچانەی خواروی بەنداوەكە نەگات، ئەگەرنا ئێمە توانای ئەوەمان هەیە هەر ئاوێك دێتە بەنداوەكەوە بەو رێژەیە بەری بدەینەوەو كۆنترۆڵی لەدەست خۆماندایە، دەتوانین بەردەوام ئاوی بەردراوە زیاد بكەین بەڵام وەك وتم دەبێت ئەمە بە هاوسەنگی بێت، بۆ ئەوەی زەرەرو زیانێكی زیاتر بە خواروی بەنداوەكە نەگات."

لەكۆتاییشدا وتی"تا ئەم ساتە هەمو شتێك لەكۆنترۆڵی ئێمەدایە، خۆتان دەزانن ئیدارەدانی لافاوو ئیدارەدانی بەنداو لەكاتی لافاودا، ئیدارەدانی مەترسییە، ئەوەش لەهەمو دنیادا وایە. ئێمە مامەڵە لەگەڵ ئەو دۆخە دەكەین و پشت بەخوا بە سەلامەتی تێیدەپەڕێنین."   

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×