سبه‌ی پارتی و یه‌كێتی رێككه‌وتنه‌كه‌یان ئیمزا ده‌كه‌ن
  2019-04-07       1741       

بڕیاره‌ سبه‌ی دوشه‌ممه‌ پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان رێككه‌وتنی نێوانیان بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێم ئیمزا بكه‌ن.

ئاوێنه‌: ئەمڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و وەفدی دانوستانکاری یەکێتی لە سلێمانی کۆبونەوە. دوابەدوای کۆبونەوەکە عیماد ئەحمەد لە وەفدی دانوستانکاری یەکێتی به‌ میدیای حزبه‌كه‌ی راگه‌یاند، سبه‌ی رێککەوتنی یەکێتی و پارتی بۆ پێکھێنانی حکومەتی نوێی ھەرێم بە رەسمی ئیمزا دەکرێت.

ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ كه‌ دوێنێ شه‌ممه‌ مه‌كته‌بی سیاسی و ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی رێككه‌وتنه‌كه‌یان په‌سه‌ندكرد.

رۆژی چوارشەممەی رابردو دوای پەیوەندییەكی تەلەفۆنی نێوان مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی و كۆسرەت رەسوڵ عەلی، جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی، وەفدی دانوستانكاری هەردولا گەیشتنە رێككەوتن لەسەر پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێمی كوردستان.

هەر ئەو رۆژە بۆ یەكەمجار فراكسیۆنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەشداری لەكۆبونەوەی پەرلەمانی كوردستاندا كرد.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×