برینێكی هەستیارو ساڕێژكردنی بەخۆڵەمێش
  2019-04-08       1951       


ئا: قەیسەر ئەحمەد

دوای یەكدی لە ئامێز گرتن مریەم بە دڵخۆشیەوە دەستی كچەكەی گرت و بە دەستەكەی تری ماڵئاوایی لێكردین، من و شۆفێرەكەمان لەناو ئۆتۆمبێلەكە چاوەڕێی ناسكمان دەكرد كە گەڕایەوە لە بەردەمیدا كلێنسێكی دەرهێنا پاش سڕینی چاوەكانی زەردەخەنەیەكی كرد ووتی هەست بە ئاسودەیی دەكەم كە مریەم دڵخۆشە.
لەگەڵ ژنانی یەكێك لە گوندەكان كۆبوینەوە بەمەبەستی پێدانی هۆشیاری سەبارەت بە خەتەنەكردنی ژنان و گوێگرتن لە كێشەكانیان، لە دووری ئێمەوە ئافرەتیك لە بن دارتوێكدا دانیشتبوو سەیری ئیمەی دەكرد، بە ژنەكانم ووت ئەو ئافرەتە بۆ نایە بەشداری بكات لەگەڵمان، یەكێك لە ژنەكان ووتی "ئەو نایەت چونكە مێشكی تەواو نییە".
دوای تەواوبوونی گفتوگۆكەمان لەگەڵ ژنەكاندا ڕۆشتین بۆ لای ژنەكە، سەرەتا هیچ قسەی لەگەڵ نەكردین تەنها بەبێدەنگی سەیری دەكردین، كە ئێمە زیاتر قسەمان كرد بەبێدەنگی مەكسیەكەی بەرز كردەوە و ڕان و پشتی نیشاندان كە هەمووی شین ببویەوە جێگا لێدانێكی زۆری پێوە دیاربوو،  زیاتر قسەمان لەگەڵ كرد بۆ ئەوەی ڕاستی ڕوداوەكەمان بۆ بگێڕێتەوە، بە ئارامی سەیری دەوروبەری كرد و ووتی "قسە دەكەم بەڵام با پیا و كچەكەم نەزانن،  ئەوان لێم دەدەن، من ناتوانم لەگەڵ پیاوەكەم بخەوم ئەو ئازارم دەدات لەبەر ئەوە لێم دەدات و لای كچەكەم دەڵێت شێتە ئاگاتان لێی بێت ئەویش لێم دەدات وە ناچارم دەكەن تا ئێوارە لە بن ئەم دارتوودا دانیشم ئەگەر بچمە ماڵەوە یان هەرشوێنێكی تر كچەكەم لێم دادات و بە باوكی دەڵێت ".
مریەم تەمەنی 44 ساڵ بوو، سێ‌ كچ و دوو كوڕێكی هەبوو، خەریكی حەیوانداری بوون و هاوسەرەكەی شوان بوو. 
مریەم خراپترین جۆری خەتەنەی مێینەی بۆ كرابوو كە بڕێنی تەواوی (قیتك)ەیە كە ئەو كەسانە لە بری چێژ وەرگرتن هەست بە ئازار دەكەن. لەگەڵ كچەكەی قسەمان كرد لەو بارەیەوە چەند ڕێنماییەكمان پێدا دواتر لەگەڵ هاوسەرەكەی، چەند جارێك سەردانمان كردن، زۆر دڵخۆش بوو بەبینینی ئێمە لە هەر دەرفەتێكدا كچەكەی دیار نەبوو زۆر بە ئەسپایی دەیوت " بەخێر بێن، زۆر دوعاتان بۆ دەكەم ئیستا لێم نادەن" .
لە گەڵ هاوكارم ناسك و شۆفێرێك تیمێكی گەڕۆك بووین و سەردانی گوندەكانی دەوروبەری شارمان دەكرد، بە مەبەستی هۆشیاركردنەوەی ژنان لە زیانەكانی خەتەنەی مێینە و یاسای بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی خێزانی.
ناسك لەگەڵ مریەم زۆرتر قسەی دەكرد بە بەراورد لەگەڵ ئەو كەسانەی سەردانمان دەكردن پێی خۆشبوو زیاتر سەردانی بكەین، دواتر كە دەگەڕاینەوە لەناو ئۆتۆمبیلەكە دەستی بە گریان دەكرد.
 دواین جار كە سەردانی مریەممان كرد و گەڕانەوە ناسك كە فرمێسكەكانی دەسڕی ووتی لە خێزانێكی گەورەدا دەژیام پێنج خوشك و سێ‌ برام هەبوو، تەمەنم 9 ساڵ بوو كە دایكم و یەكێك لە ژنە بەتەمەنەكانی گەڕەك كە مامانبوو لە ماڵی خۆمان بەهاوكاری خوشكە گەورەكەم منیان گرتوو خەتەنەیان كردم، هەرچەندە هاوارم كرد و گریام بەڵام بێسود بوو.
كە توشی خوێن بەربون بووم مامانەكە دوای هەوڵێكی زۆر بە خۆڵەمێش ڕایگرت،  ڕەنگم زەرد هەڵگەڕا، لەبەر زۆری ئازار ئەو هەفتەیە نەگەڕامەوە بۆ قوتابخانە، دایكم زوو زوو ئاگاداری دەكردمەوە كە نابێت باوكت و براكانت بەوە بزانن تۆ تەنیا بڵی سكم ئازاری هەیە.
پاش ئەو ڕوداوە زۆر كات ئازارم هەبوو، بێ‌ هۆكار دەترسام و دەگریام خۆم تەنیا لە ژوورێك دادەنیشتم حەزم نەدەكرد لەگەڵ كەس قسەبكەم. هەرجاریك ئەو مامانەم بدیایە بارودۆخم تێك دەچوو تا دواجار دایكم ناچاربوو پێی بڵێت كە سەردانمان نەكات. 
لە تەمەنی 23 ساڵیدا ژیانی هاوسەرگیریم دروست كرد بەڵام دوای ئەوە كێشەكانم زیاتر بوون، یەكەم شەو ئازاری زۆر تێك چوونی باری دەرونیم هاوسەرەكەم ناچاریكردم كە ڕۆژی دواتر سەردانی پزیشك بكەم.
هاوژینەكەم پێی دەوتم " كەسیكی ساردیت هێچ ئارەزویەكت نییە" ڕاستی دەكرد منیش هەستم بەوە دەكرد كە ئارەزووی سێكس كردنم نییە لەبری ئەوە توشی ئازار و خەمۆكی دەبووم، ئەوەی كەلە هاوڕێكانم دەبیست لە مندا نەبوو،  ماوەیەكی زۆر نائومید بووم بە گۆشەگیری مامەوە، دواتر بڕیارم دا كە سەردانی دكتۆر بكەم و زیاتر پرسیار بكەم و لەو بارەیەوە بابەتی زیاتر بخوێنمەوە.
لەیەكەم سەردانی دكتۆردا پێیوتم " ناتوانین هیچت بۆ بكەین " لەو كاتەدا كە لە عەیادەكە هاتمە دەرەوە زۆر رقم لە مامان و دایكم و خوشكەكەم دەبویەوە، كە گەڕامەوە ماڵەوە هەموو چیرۆكەكەم بۆ هاوسەرەكەم باس كرد، لە كۆتایدا پێم ووت كە دەتوانێت لە من جیا بێتەوە، بەڵام ئەو ووتی " تۆم خۆش دەوێت و ئامادەنیم دەست بەردارت بم و دەمەوێ‌ تاكۆتایی ژیانم لەگەڵ تۆ بژیم" .
ساڵی 2013 بیستم كە ڕێكخراوێك سەبارەت بە قەدەغە كردنی خەتەنەی مێینە ئیش دەكات بڕیارمدا كە لەو بوارەدا ئیش بكەم بۆ ئەوەی كەسی تر نەبێتە قوربانی، بۆ چەند مانگێك بە خۆبەخشی لەگەڵیان ئیشم كرد، كە تیمی هۆشیاریان بۆ گوندەكانی دەوروبەری شار دروست كرد منیان لە یەكێك لە تیمەكاندا وەك كارمەندی خۆیان دانا ، لەبەر ئەوەی كە دەمتوانی لە ئازاری ئەو كەسانە تێدەگەم و زانیاری زۆرم لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوو كۆكردبویەوە.
ناسك لەكۆتاییدا وتی "گفتوگۆكردن لەگەڵ قوربانیەكاندا هەموو ئازار و یادەوەریە ناخۆشەكانی خۆمم دیتەوە یاد، بەڵام زۆر دڵخۆشم كە توانیم هەندێك لە ئازاری مریەم و چەندین كچ و ژنی تر كەم بكەمەوە". 


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×