قایمقامیەتی سلێمانی هۆشداری بە شۆفێری پاسەكان دەدات
  2019-04-10       2832       

قایمقامیەتی سلێمانی هۆشداری بە شۆفێری پاسەكان دەدات، دایکان و باوکان سکاڵایان لەسەر زۆری ژمارەی خوێندکاران و نەگەڕاندنەوەی کرێی ھاتوچۆی خوێندکاران لە رۆژانی پشوو کردووە و لیژنەکانی قائیمقامیەت-یش سزای ئەو شۆفێرانە دەدات سەرپێچی دەکەن.


ئاوێنە، راگەیاندنی قایمقامیەتی سلێمانی: رائیدی ھاتوچۆ و سەرۆکی لیژنەی ھاتوچۆی خوێندکاران چالاک سەڵاح، رایگەیاند؛ دایکان و باوکان سکاڵایان کردووە لەسەر زۆری ژمارەی خوێندکاران لەناو پاس و تاکسی لەکاتی گواستنەوەیان بۆ خوێندنگە و نەگەڕاندنەوەی کرێی ھاتوچۆی خوێندکاران لە رۆژانی پشوو، لیژنەکە بەدواداچوونی کردووە دەرکەوتووە کە بەشێک لە شۆفێری پاسەکان ئەوبڕەیان نەگەڕاندۆتەوە.


وتی؛ پێشتر شۆفێرانی گواستنەوەی خوێندکاران ئاگادارکراونەتەوە کە ھێندەی ژمارەی کورسیەکان خوێندکاران بگوازنەوە و ھەرشۆفێرێکیش خوێندکاری زیاد ھەڵبگرێت بەپسوڵەی سەرپێچیکردن لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ھاتوچۆی سلێمانی سزا دەدرێت.


وتیشی؛ لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی چاودێری بازرگانی سلێمانی دورو نزیکی خوێندکار لە خوێندنگەکەیەوە کراوەتە پێوەر بۆ دیاریکردنی نرخی ھاتوچۆکردن، ھەروەھا بڕی ئەو پارەی کە پێویستە لە رۆژەکانی پشووی مانگی سێ بگەرێنرێتەوە، دیاریکراوە.


راشیگەیاند؛ بڕی ئەو پارەی لەرۆژانی پشووی مانگی سێ پێویستە لەلایەن شۆفێری پاسەکان بیگەڕێنێتەوە بۆ خوێندکاران، ھەر شۆفێرێک نەیگەڕێنێتەوە و سەرپێچی بکات روبەروی رێکاری یاسایی دەبێتەوە.

 
سەرۆکی لیژنەی ھاتوچۆی خوێندکاران داوا لە دایکان و باوکان دەکات لەکاتی ھەبونی سەرپێچی و نەگەڕاندنەوەی پارەی رۆژە پشوەکان لەرێی ژمارە مۆبایلی (٠٧٧٠٨٦٧٧٧٧٧) یاخود پەڕەی (قائیمقامیەتی سلێمانی) لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیس بووک پەیوەندی بە لیژنە ھاوبەشەکانەوە بکەن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×