"عادل عەبدولمەھدی بڕیاری خەرجکردنی موچەی چوار مانگی پێشمەرگەی دەرکرد"
  2019-04-10       1743       

په‌رله‌مانتارێكی پارتی لە لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق ئاشکرای کرد، سەرۆک وەزیرانی عێراق خەرجکردنی موچەی چوار مانگی ئەمساڵی ھێزەکانی پێشمەرگەی ئیمزا کرد و دەشڵێت، بڕیارە پارەکە ڕەوانەی ھەرێمی کوردستان بکرێت.

ئاوێنه‌: ناسر هه‌ركی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و به‌رگریی له‌پەرلەمانی عێراق بە ماڵپەڕی ره‌سمی حزبه‌كه‌ی رایگه‌یاند"عادل عەبدولەمەھدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بڕیاری خەرجکردنی موچەی چوار مانگی ھێزەکانی پێشمەرگەی دەرکردوە، کە بڕیارە لە سەرەتای ئەمساڵەوە بۆیان ھەژمار بکرێت و کۆی گشتیی پارەکەش دەکاتە ٨١٦ ملیار دیناری عێراقی و بڕیارە لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە ڕەوانەی ھەرێمی کوردستان بکرێت."

ئەندامەکەی لیژنەی ئاسایش و بەرگری ئاماژەی بۆ ئەوە کرد"بەپێی یاسای بودجەی گشتیی عێراق ھاوشێوەی موچەی فەرمانبەران ئەرکی حکومەتی فیدڕاڵە مانگانە پارە بۆ موچەی ھێزەکانی پێشمەرگە خەرج بکات."

وتیشی "ئاستەنگی سەرەکی بەردەم ناردنی موچەی پێشمەرگە، نەبونی داتا بو، بەڵام ئەو پرسە چارەسەرکراوە و سەرۆک وەزیران بەوەکالەت وەک وەزیری بەرگری، ئیمزای لەسەر خەرجکردنی موچەکە کردوە."


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×