عەبدوڵا گول رەخنە لەبڕیای دەستەی هەڵبژاردنەكان دەگرێت سەبارەت بە كاندیدە سەركەوتوەكانی هەدەپە
  2019-04-13       1594       

عەبدوڵا گول، سەرۆكی پێشوی توركیاو یەكێك لە دامەزرێنەرانی پارتی دادو گەشەپێدان رەخنە لەو مشتومڕانە دەگرێت كە بەهۆی تانەكانی ئاكەپەوە لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی توركیا هاتونەتە ئاراوەو بە ئەردۆغان دەڵێت كە پێویست ناكات گومان لە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن بكەن، هەروەها نیگەرانی خۆیشی سەبارەت بڕیاری دەستەی باڵای هەڵبژاردنەكان بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی چەند سەرۆك شارەوانییەك لە هەدەپە دەردەبڕێت.

ئاوێنە: عەبدوڵا گول، سەرۆك كۆماری پێشوی توركیا لەبەیاننامەیەكدا داوا لە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا دەكات كۆتایی بەو دۆخی گومانكارییە لەبارەی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی شارەوانیەكانەوە بهێنن و رێگە نەدەن توركیا ببێتە وڵاتێك مشتومڕ لەسەر هەڵبژاردنەكانی بكرێت.

پارتەكەی ئەردۆغان، پارتی دادو گەشەپێدان، لەهەڵبژاردنی شارەوانییەكانی توركیادا كە رۆژی 31ی ئازار بەڕێوەچو، گورزی كوشندەی بەركەوت بەجۆرێك كە شارەوانییەكانی ئەنكەرەو ئەستەنبوڵ-ی لەدەستدا. بەڵام دەستبەجێ داوای ژماردنەوەی دەنگەكانی كردو لەئێستاشدا ئەردۆغان داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەكانی ئەستەنبوڵ دەكات.

عەبدوڵا گول لەبەیاننامەكەیدا وەك ئاماژەیەك بۆ ئەردۆغان رایگەیاند"پێموایە زۆر گرنگە ئەوانەی توركیا بەڕێوەدەبەن لەو مشتومڕە خۆیان دوربخەنەوە كە لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانەوە هەیە، بەتایبەت كاتێك كاری گرنگ هەیە پێویستە ئەنجامی بدەن، ئەوان چوار ساڵ و نیویان لەبەردەمدایە كە تا ئەو كات هیچ هەڵبژاردنێك لەتوركیا بەڕێوەناچێت."

هێمای بۆ ئەوەش كردوە"بۆیە هیچ پێویست بەوە ناكات توركیا بكرێتە وڵاتێك كە بەو جۆرەی كە دەیبینین مشتومڕ لەسەر هەڵبژاردنەكانی بكرێت."

ئاماژەی بەوەشداوە كە پێویستە بەشێوەیەكی خێرا چاو بە سەرجەم تانەكاندا دژ بە ئەنجامەكان بخشێنرێتەوەو دوانەخرێت، چونكە درێژەكێشانی ئەو دۆخە زیانی گەورە بە توركیاو دیموكراتییەكەی دەگەیەنێت.

ئەوەشی خستەڕو "بەداخەوە، توركیا لە ساڵی 1950ەوە كە سیستمی فرەحزبی پەسەندكرد، مشتوموڕی وای بەخۆوە نەبینیوە...ئەم مشتومڕە سومعەی وڵات لەناوخۆ و دەرەوە لەكەدار دەكات"
سەبارەت بە وەرگرتنەوەی سەرۆكایەتی شارەوانییەكانیش لە چەند سەرۆك شارەوانییەكی هەدەپە لەلایەن دەستەی باڵای هەڵبژاردنەكانەوە، عەبدوڵا گول نیگەرانی خۆیشی دەربڕی لە "هەڵوەشاندنەوەی سەركەوتنی هەندێك لەكاندیدەكان بۆ سەرۆكایەتی شارەوانییەكان، بە پاساوی پەیوەندییان بە تیرۆرەوە لەلایەن دەستەی باڵای هەڵبژاردنەكانەوە، لەكاتێكدا دەستەكەی خۆی

لەسەرەتاوە ئەوەی پەسەندكردوە كە خۆیان كاندید بكەن، شتێكی لەمجۆرە مشتومڕی گەورەی لێدەكەوێتەوە."

جەختیشی كردۆتەوە كە ئەو مشتومڕانە ئێستا لە چوارچێوە یاسایی و هونەرییەكەی پڕۆسەی هەڵبژاردن چونەتە دەرەوەو بونەتە پرسێكی گوتاری سیاسی نێوان لایەنەكان.
ئەوەش لەكاتێكدایە كە باس لە بونی ناكۆكی توند دەكرێت لەنێوان ئەردۆغان و عەبدوڵا گول بەتایبەت لەدوای چەند ساڵێك لەدوركەوتنەوەی گول لە پارتی دادو گەشەپێدان.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×