پەرلەمانتارێكی پارتی: تێبینی زۆرمان لەسەر پڕۆژە یاسای دادگای باڵای فیدراڵی هەیە
  2019-04-13       708       

پەرلەمانتارێكی پارتی لەپەرلەمانی عێراق رایگەیاند، تێبینی زۆرمان لەسەر پڕۆژە یاسای دادگای باڵای فیدراڵی هەیە كە بڕیارە لەدانیشتنەكەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراقدا خوێندنەوەی یەكەمی بۆ بكرێت. وتیشی"تێبینییەكانمان تەكنیكی و سیاسین."

ئاوێنە: پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە كۆبونەوەی پەرلەمانی عێراق دەستی پێكردو بڕیارە لەكۆبونەوەكەدا خوێندنەوەی یەكەم بۆ چەند پڕۆژە یاسایەك بكرێت كە یەك لەوانە پڕۆژە یاسای دادگای باڵای فیدراڵی عێراقە.

رێبوار هادی، پەرلەمانتاری پارتی لەپەرلەمانی عێراق بە میدیای حزبەكەی راگەیاندوە"دانیشتنی ئەمڕۆی ئەنجومەنی نوێنەران چەند خاڵێكی لەخۆ گرتوە، لە هەموشی گرنگتر بۆ ئێمە پڕۆژەیاسای دادگای فیدڕاڵییە و بابەتێكی هەستیارەو زۆریش گرنگە بۆ كورد."

بەپێی قسەی رێبوار هادی ئەو پڕۆژە یاسایە دەبوایە لەساڵانی 2005و 2006دا پەسەندبكرایە بەڵام بەهۆی ئەوەی كە لەدەستوری عێراقدا ئاماژە بەوە كراوە كە پڕۆژە بۆ تێپەڕاندنی پێویستی بە دو لەسەر سێی دەنگی پەرلەمانتاران هەیە، بۆیە تا ئێستا ماوەتەوە.

بەبۆچونی پەرلەمانتارەكەی پارتی بەوهۆیەشەوە ئاسان نییە پڕۆژە یاساكە بە بێ كورد تێپەڕێنرێت و دەبێت تەوافوقی لەسەر بكرێت.

وتوشیەتی"وەك كورد تێبینیی زۆرمان هەیە، بەڵام ئەمڕۆ خوێندنەوەی یەكەمەو دواتر گفتوگۆ لەسەر تێبینییەكان دەكەین لە نێوان خوێندنەوەی یەكەم و دوەمدا، تێبینییەكانی ئێمەش تەكنیكی و سیاسین، ئەوەی لەروی سیاسییەوە بۆ ئێمە گرنگە، شێوازی دیاریكردنی ئەندامانی دادگایە، كە كێ دیارییان دەكات، هەروەها كێ بڕیار دەدات بۆ ئەوەی كەسێك ببێتە ئەندامی دادگای باڵای فیدڕاڵی، جگە لەوەش پێویستە بزانین ئالیەتی دەنگدان لەو دادگایە بە چ شێوەیەك دەبێت و چۆن بڕیارەكان یەكلادەبنەوە، كە ئایا بە دو لەسەر سێ یان زیاتر یاخود بە زۆرینەی سازان دەبێت."

جەختیشی كردۆتەوە"ئەو پێشنیارانەی ئێمەی كورد دەبێت جێبەجێ بكرێن، چونكە ئەگەر جێبەجێ نەكرێن، یاساكە تێناپەڕێندرێت كە بە دەنگی دو لەسەر سێ دەبێت، بۆیە ئەگەر كورد یەكدەنگ بێت، دەتوانێت یاساكە ڕابگرێت."


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×