گۆڕستانی زیندووەکان
  2019-04-15       1365       

ئا: سنور فایەق نامیق


خاتوو (ڕەحمە) خانمێکە، ئێستا لە ناحیەی ڕزگاری نیشتەجێیە. ماڵباتی ئەم خاتوونە پێش مەرگەساتی ئەنفال لە گوندی (پیرە مۆنی) ژیاون. کارەساتو ناسۆری، ناخۆشی و ئاریشەکانی ڕۆژانێ، کە بەهۆی مەرگەساتی بەدناوی ئەنفالەوە بەسەری هاتوون بەم شێوەیە دەگێڕێتەوە:

" ژیانێکی باش و ئاسوودەمان بەسەردەبرد، لە لادێکەمان. ڕۆژانە بە ئیش و کاری ژیانەوە سەرقاڵ بووین؛ ژیانێکی ئاسایمان هەبوو تاوەکو ڕۆژی (۱٤ی٤).
ئەو ڕۆژە هەر لە خۆرهەڵاتنەوە، وەک بڵێی شتێکی ترسناک ڕوو ئەدات، هەمووان بێ دەنگ، لادێکەمان کش و مات، تەنانەت جریوەی چۆلەکەکانیش نەدەهاتن؛ دڵم خەبەری دابوو، کە شتێ ڕوو ئەدات، لێ نەمدەزانی چییە و، تا دەهات دنیا زیاتر سامناک ئەبوو.
لە ماڵەوە دانیشتبووین، مناڵەکانم بە ئەرخەیانی لە حەوشە یارییان دەکرد، تا ئەو دەمەی بە پڕتاوێ دنیا خرۆشا و قیامەتی ژیان هەستا، بەعسییە پیس و پۆخڵەکان، وەک ئەهریمەن، سەرەتا بە فڕۆکە و دواتر بە خۆیان و تراتکتۆر و سەگە ڕەشەکانیانەوە، بەرەوڕووی لادێکەمان هاتن، ئێمەش بەهەڵەداوان پەنامان بردە شاخەکان، تاوەکو خۆمان حەشار بدەین؛ لە یادمە؛ هەر ئەو ساتەی، کە بەرەو شاخەکان ڕامان دەکرد، پیاوێک بەر گولەبارانی فرۆکەکان کەوت، هیچێکمان لە ترساندا نەپەرژاینە سەر ئەوەی بگەڕێینەوە و ڕزگاری بکەین؛ تاوەکو ڕۆحی ئەسپارد و، لاشەکەی بووە خۆراکی سەگەکان. لەودەمەدا وامان دەزانی بەخۆحەشاردان لەنێو شاخەکان ڕزگارمان دەبێت؛ وەلێ ئەوە تەنێ هەوڵێک بوو لە حەژبەتی گیانی خۆمان، ئەگینا بەوەش هەر سەلامەت نەبووین.

پیاوێک بۆ ئەوەی بزانێ، چی دەگوزەرێ و کەنگێ ڕزگارمان دەبێ، زوو زوو سەری هەڵدەبڕی و تەماشایەکی دەکرد، بەڵام بەداخەوە گولەیەک لە تفەنگی بەعسییەکی پیسەوە هات و، ئەو پیاوە لەپێش چاومان ڕۆحی سپارد، دوای بینینی ئەو دیمەنە، ئیدی کەس لەجێی خۆی نەجوڵا، تا ئەو دەمەی، کە ئیدی کار لەکار ترازا و
ڕەوڕەوەی ژیانی ئێمە گۆڕا؛ هەموومانیان لە تراکتۆر سەرخست. چوار کوڕ و کچێکم هەبوو، ئێستەش شێوەیان لە پێش چاومە، کە چۆن دەگریان و لە ترساندا هەموویان توند باوەشیان لێ دابووم.
تراکتۆر کەوتە ڕێ و نەماندەزانی بۆ کوێمان دەبەن، هەموومان چاوەڕێی دەستێ بووین بگاتە فریامان و ڕزگارمان بکات، وەلێ نەبوو.
ماڵمان تاڵان و وێران کرا، لەسەر ئاو و خاکی خۆمان لایان بردین و ئێمەیان گواستەوە بۆ (دووز خورماتوو)، دواتر ڕەوانەی (تکریت) کراین. لە ڕۆژانێکی باراناویی و سارد و سڕدا پێنج ڕۆژ لە (تکریت) ماینەوە؛ لێمان ڕوون نەبوو چیمان بەسەردێ!

دوای ئەو پێنج ڕۆژە (پیر و جوان) کراین، واتە: گەنج و پیر جیاکرایەوە و، ڕەوانەی (نوگرەسەلمان) کراین، لە هەر جێ گۆڕینێک زیاتر و زیاتر ژیانمان لێ تاڵ دەبوو، هەرجارە و ڕووداوێکی ترسێنەرترمان دەبیست و دەبینی، نوگرەسەلمان ئەو جێگە بوو، کە مەرگی نائاسایی ئازیزانی پێ پیشانداین، نەک مەرگێک بە قەدەری ئیلاهیی.

سەرەتای ئازارەکانی ئێمە بە ناونووسین دەستی پێ کرد، ئەم ناونووسینەش تەنها بۆ منداڵ و پیرەکان بوو،
هەر ئەوکات درکمان بەوە کرد، کە کارەساتێکی مەترسیدار بەڕێوەیە، چونکە تەنێ بۆ دوو کۆمەڵە بوو.
ئەوەی لێی دەترساین زۆر لەوە خراپتر ڕوویدا، کە لە زەینی ئێمەدا بوو؛ چونکە لە هەر ئانوساتێکدا بەعسییەکان دەهاتن و چەند کەسێکیان پەلکێش دەکرد و، ئیدی هەرگیز ئەو کەسانەمان بە زیندوویی نەدەبینییەوە؛ مناڵەکانی منیش ناونووس کرابوون.
ڕۆژانە عەزابێکی زۆر ئەدراین، برسی و توینوویان دەکردین، زەڕەیەک بەزەیی لە ناخیاندا بوونی نەبوو، هەر لە ژێر ئازار و عەزابی بەعسییەکاندا چاوێکم کوێر بوو.
هەر لەو زیندانە پیسەی (نوگرەسەلمان) یەکێ لە کوڕەکانم لەدەست دا؛ دوای ئەوەی ڕووناکی چاوێکم نەما، ڕووناکی ژیانیشم کوژایەوە؛ نەمدەتوانی بڕۆم و، بیبینم، تا بزانم، چۆن مردووە؟ 
ئاخر کێ دەتوانی بەرگەی بینی ئەو ئازارانە بگرێ؟
تا پورم هاتە لام، بەگریانەوە پێی ووتم:
"مناڵەکەت بەر دەستی سەگە ڕەش کەوتووە."
وتم پورێ چۆن دەزانی منداڵەکەی منە؟ ئاخر ئەمانە خوانەناسانە ڕۆژی چەندین کەس دەکوژن.
وتی: "بەو موورووە شینـانەی کە لەدەستیت کردبوو؛ دەستیم بەو موورووە شینانە ناسیوەتەوە، کە بەدەم سەگەکەوە بووە."
ئێوە لەم ئازارە تێناگەن و درک بەم ناسۆرییەم ناکەن، چونکە بە ئێوەیان نەوتووە ڕۆڵەکەتان بووەتە خۆراکی سەگەکان.

نوگرەسەلمان؛ گۆڕستانی زیندووەکان بوو، لەوێ سزای ڕۆحیی و جەستەیی مرۆڤەکان ئەدرا. لەوێ بەزەیی نەبوو، تەنها کوشتن و ئازاردان هەبوو؛ نە لەتێ نان، نە چۆڕێ ئاو؛ هەمووان برسی و توینوو، شەکەت و بێ هێز. تەنها بە ئازاردانەوە نەدەوەستان، بەڵکو سەرئاوە پیسەکانیشیان بە ئێمە پاک دەکردەوە.
لەوێ مردووەکانیان بە پیاوەکان دەناشت، بەڵام چۆن ناشتنێ؟ بێ شۆردنەوە، بێ کفن، بە کەمێ خۆڵ تەرمەکانیان دەشاردەوە و، لە هەر ساتێکدا چاوەڕێی ئازار و ناسۆرییەکی گەورەتر بووین.

هەرگیز ئەو ڕۆژەم لەیاد ناچێت، کە (دایکی تاریق) ڕۆحی بەدەم سزای بەعسییەکانەوە سپارد!
ئەوێ ڕۆژێ پیاوەکان وەک هەمیشە بێ هێز، بێ توانا، برسی و شەکەت بوون. براکەم لەگەڵ چەند کەسێک ڕۆشت، تا تەرمەکەی لە گۆڕ بنێن، بەڵام چونکە سێ ڕۆژ بوو، هیچ شتێکیان نەخواردبوو، هیچ هێز و توانایەکیان نەبوو، بە دەستە لەرزۆکەکانیان نەختێ خۆڵیان بەسەر لاشەکەیدا کرد و شاردیانەوە، وەلێ دواتر بەعسییەکان هەر بە ئەنقەست، سەگێکی ڕەشی برسییان هێنا و
بە چنگ ئەو ئافرەتەی لەگۆڕ دەرهێنا و ئەندامەکانی لاشەی یەک یەک لێ کردەوە و خواردی؛ لە هەمووی ناخۆشتر، کەس نەیدەوێرا بەهانای لاشەکەیەوە بچێت و لە چنگی ئەو سەگە قورتاری بکات، چون سەرئەنجامی ئەو کەسەش دەبووە خۆراکی سەگەکان.

خواردنی ڕۆژێکی تەواومان تەنێ یەک جار بوو، لە بەیانیاندا سەمونێ ڕەق و چۆڕێ ئاو؛ جا چۆن ئاوێ؟ لەنێو تەنکی ئاوەکەدا (کرم) قوڵەی دەهات؛ بەهۆی ئەم خواردنە پیسانەوە، تووشی چەندین نەخۆشی بووین!

لە مانەش ناخۆشتر (توانج و قسە ناشرینەکانیان) هێندەیتر بریندار و بێزاری دەکردین، کە تائیستاش لەگوێمدا دەزرینگێتەوە.

لە نێو ئەم ئازارانەدا ماینەوە (مانگێك و چواردە ڕۆژ لەوێ بووم) ڕۆژ هات و چوو، هەتا شەوێک دەرگاوانی ئەو گەراجە هاتە لامان، کە تێیدا بووین.
بە کوردییەکی ڕەوان قسەی دەکرد؛ لە شێوازی قسەکردنی دیار بوو، کە کوردە، پێی وتین:
"ئەم شەو نا؛ ئەو سەیارانەی کە سبەی شەو دێ، لەگەڵی سەرکەون، گەر بەقسەم نەکەن، هەر لێرە دەمێننەوە و،
دەمرن و تیادەچن." 
ئەوەی بەدزییەوە پێ وتین و، بەپەلە ڕۆشت.

سبەی شەو ۱۲ سەیارە هات و، پڕ بوو لە خەڵک،
بە ئێمەیان وت: "سەرکەون." و، بە ئەوانیشیان وت: "دابەزن." ئێمەش قسەی دەرگاوانەکەمان بیرهاتەوە و
هەموومان سواری سەیارەکان بووین.
نەماندەزانی چیمان بەسەردێ!
هەتا گەشتینە شاری سولەیمانی و لەوێ بانگەوازیان کرد و وتیان: "ئەم خەڵکانەی هێناومانە، بیانگەڕێنینەوە شوێنی خۆیان، بۆ قەزا و ناحیەکانیان."
ئیدی ئێمەیان گەڕاندەوە، بۆ کەلار و لەناوەڕاستی شاردا فڕێیان داین.
لێرەش دیسان بێ لانە و جێ؛ بێ خواردن، پۆشاک و شوێن، لەسەر شەقامەکان ماینەوە.
ئیدی دوا بەدوای ئەوە دەستم کردە گەڕان بەشوین کەس و کارم و بۆم دەرکەوت، لە خێزانێکی (۲۱) کەسی لە برا، خوشک، خوشکەزا و برازا هیچ کەسێکم نەماوە."

زۆرترین بینراو
سۆران عومه‌ر: به‌دواداچوونێكى ورد ده‌ریخست ئامانج بابانى بكوژى هاوسه‌ر و منداڵه‌كه‌ى و خۆیه‌تى
په‌لەمانتارێکى پارتى: دوای ڕۆژئاوای کوردستان ئاڕاستەی دژایەتی تورکیا بەرەو ڕوی هەرێمی کوردستانە
به‌ڕێوه‌به‌ری پێشووی CIA: له‌ ئه‌نجامدا به‌ریتانیا و فه‌ڕه‌نساش کورده‌کان به‌جێده‌هێڵن
سیناتۆرێکی ئەمریکی: بۆ تەمبێ کردنی تورکیا پێویستە هەم گێزەر و هەم تێڵا بەکار بهێندرێت
سەركردەیەكی پارتی: تورکیا ناتوانێ ئەو بەرنامە چەپەڵەی بۆ رۆژاڤا دایناوە جێبەجێ بکات
وەفدێكی سەربازیی روسیا گەیشتە قامیشلۆ
داوا ده‌کرێت 40 هەزار سەربازی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا رەوانەی رۆژئاوای کوردستان بکرێت
لەمڕۆوە بە بەردەوامی كامێرای چاودێری لەڕێگایەك دادەنرێت
شاسوار عەبدولواحید: ئەم دۆخە دەبێتە بازدانێکی گەورە بۆ بەرەوپێشبردنی دۆزی کورد
ئەسەسەرد: گەر تورکیا ئامانجەکانى لەباکورى سوریا پێکا، ئەوا بیر لە فراوانکردنى سیناریۆکە دەکاتەوە
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×