ئاسايش دو تۆمه‌تباری دیكه‌ی "بانده‌ مه‌ترسیداره‌كه‌"ی سلێمانی ده‌ستگیرده‌كات
  2019-04-21       2249       

ئاسایشی سلێمانی دو تۆمه‌تباری دیكه‌ی "بانده‌ مه‌ترسیداره‌كه‌"ی شاری سلێمانی ده‌ستگیركردو میدیای ره‌سمی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستانیش دانپێدانانی ئه‌و دو تۆمه‌تباره‌ی بڵاوكرده‌وه‌.

ئاوێنه‌: كه‌ناڵی گه‌لی كوردستان، ئه‌مشه‌و(یه‌كشه‌ممه‌)، بڵاویكرده‌وه‌"ئاسایشی سلێمانی دو تۆمەتباری دیكه‌ی باندە مەترسیدارەكەی سلێمانییان ده‌ستگیركردوه‌ كه‌ كە نزیكەی 40 تاوانیان لە سلێمانی ئەنجامدابو كه‌ كاریان ساغكردنەوەو فرۆشتنی ئۆتۆمبێلە دزراوەكان و قۆڵبرینی هاوڵاتیان بوە."

به‌پێی كه‌ناڵه‌كه‌ له‌ ئۆپه‌راسیۆنێكدا هێزه‌كانی ئاسایش بەهاوكاریی هێزە عیراقییەكان لە پارێزگای كەركوك لە نزیك  قه‌زای دوبز هەردو تۆمەتبار (رەعد محەممەد عبدالغەزیر) ناسراو بە شێخ رەعد و ( شڤان عەبدولرەزاق ) دەستگیركراون.

ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ كه‌ سەرلەبەیانی  رۆژی یەکشەممە 7ی نیسانی 2019، ئاسایشی سلێمانی دەستگیرکردنی باندێکی تاوانکاری مەترسیداری راگه‌یاند و ئاشكرایكرد كه‌  باندەکە لە سێ کەس پێکدێن و سێ کەسیان بەشێوەی دڕندانە کوشتوە.

لیوا حه‌سه‌ن نوری، بەڕێوبەری ئاسایشی سلێمانی وردەکاری چۆنیەتی دەستگیرکردن و تاوانەکانی ئەو تیمەی ئاشکراکرد و وتی " لەوەتەی لە دەزگای ئاسایش کار دەکەم گروپی مەترسیداری لەو شێوەی ئەمڕۆم نەبینوە".

به‌پێی وته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری ئاسایشی سلێمانی بانده‌كه‌ کەسێکیان بەناوی "تاریقی بەقاڵ"، فڕاندوە کە ماوەیەکی زۆرە دیار نەماوە و ئەو باندە دوای رفاندنی خۆی و ئۆتۆمبیلەکەی کوشتویانە و تەرمەکەیان لە ناوچەی قولەرەیسی ژێرخاک کردوە.

بەرێوبەری ئاسایشی سلێمانی وتیشی "پێمان باش بوە وێنەی ئەو تاوانبارانە نیشان بدرێت چونکە ئەو تاوانانەی ئەوان ئەنجامیان داوە زۆر مەترسیدار بوە".

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×