"پێنه‌دانی‌ مۆڵەتی‌ ده‌ستبه‌كاربون بەکاندیدەکانمان‌ فێڵكردنە لەگەلەكەمان"
  2019-04-23       1210       
په‌روین بوڵدان
په‌روین بوڵدان رەخنە لەبڕیاری‌ دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردنەكانی‌ تورکیا ده‌گرێت کە فەرمانی دەستبەكاربونی ئەو كاندیدانەی سەرۆكایەتیی شارەوانییەكانی‌ هەدەپە نادات کە سەركەوتنیان بەدەستهێناوەو ده‌ڵێت، "پێنه‌دانی‌ مۆڵەتی‌ دەستبەكاربونیان فێڵكردنە لەگەلەكەمان".

ئاوێنه‌: په‌روین بوڵدان هاوسەرۆکی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ گه‌لان -هەدەپە- له‌وتارێكدا باس له‌پێنه‌دانی‌ مۆڵه‌تی‌  دەستبەكاربون به‌كاندیده‌ سه‌ركه‌وتووه‌كانیان ده‌كات‌و ده‌ڵێت، "سەرۆكایەتیی شارەوانییەكانی ناوچەكانی باغڵاری دیاربەكر، توشبا، چاڵدران، ئەردەمیتی وان، تێكمانی ئەرزوڕوم‌و داغپناری قەرس كە گەلەكەمان بەدەستیهێنابو، بەكودەتای دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردن دەستیان بەسەرداگیرا. پێدانی مۆڵەتی كاندیدبون بەكاندیدەكانمان‌و دواتر پێنەدانی فەرمانی دەستبەكاربون، فێڵكردنە لەگەلەكەمان‌و مێژو هەرگیز ئەم بێ شەرمییەی بیرناچێتەوە". 

جەختی‌ لەپێویستیی‌ هێنانە کایەی‌ دیموكراسی، ئاشتی، دادپەروەری‌و ئازادیی کرد لەتورکیاو وتی‌، "گەلەكەمان پێكەوەژیان‌و یەكڕیزیی دەوێت نەك جەمسەرگیری، یەكسانیی دەوێت نەك جیاكاریی، خۆشەویستیی دەوێت نەرق‌و كینە، ئازادیی دەوێت نەك ژێردەستەیی".

ئه‌و وتانه‌ی‌ په‌روین بوڵدان له‌وتارێکیدا هات كه‌ به‌بۆنه‌ی (99)ـه‌مین ساڵیادی كردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان‌و جه‌ژنی منداڵان پێشكه‌شیكرد.

ناوبراو له‌وتاره‌كه‌یدا سڵاوی‌ بۆ سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش‌و فیگه‌ن یوكسه‌كداغ هاوسه‌رۆكانی‌ پێشوی هه‌ده‌په‌ نارد کە هێشتا لەزیندانان‌و  وتی‌، "له‌وڵاتێكدا ده‌ژین دادوه‌ری ته‌نیا بۆ خاوه‌ن هێزه‌كانه‌و به‌شی سته‌مدیده‌كانیش هه‌ر نادادپه‌روه‌رییه".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×