"تا ئێستا لێكۆڵینەوەیەكی زانستی نەكراوە لەسەر پیسبونی ژینگەی هەرێمی كوردستان"
  2019-04-26       2327       

چالاكی بواری ژینگە، شوان مەعروف رایدەگەیەنێت تا ئێستا لێكۆڵینەوەیەكی زانستی نەكراوە لەسەر پیسبونی ژینگەی هەرێمی كوردستان، پێشی وایە ئەنجامنەدانی ئەو لێكۆڵینەوەیە بەهۆی نەبونی ئامێری پێویستە، دەشڵێت "تێكەڵ بونی فاست‌و مادە پاككەرەوەكانی دیكە بە ئاو گەورەترین مەترسین بۆ سەر ژینگە".

ئاوێنە: شوان مەعروف، چالاكی بواری ژینگە‌و شارەزای ژینگە بە ئاوێنەی راگەیاند پیسبونی ژینگە تەنها تایبەت نیە بە ناوچەیەك بەڵكو دیاردەیەكی جیهانیە‌و لەرێگەی ئاو هەوا پیسبونی ژینگە لە شوێنێكەوە دەگوازرێتەوە بۆ شوێنێكی دیكە، باس لەوەش دەكات بونی هەمو ئەو كارگە پیشەسازییانەی هەرێمی كوردستان‌و پاشەرۆی ماڵان‌و كارگەكان كاریگەریی راستەوخۆیان هەیە لەسەر پیسكردنی ژینگە.

لەوەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا ژینگەی هەرێم پیسبوە یاخود نا؟، ئەو وتی "من ناتوانم وەڵامی ئەو پرسیارە بدەمەوە، چونكە تا ئێستا لێكۆڵینەوەیەكی زانستی نەكراوە لەسەر پیسبونی ژینگەی هەرێمی كوردستان، من پێموایە ئەنجامنەدانی ئەو لێكۆڵینەوەیە بۆ ئەوە دەگەرێتەوە كە وەك پێویست ئامێری تایبەت بەو بابەتە لەبەردەست نیە لەكوردستان".


باس لەوەش دەكات كاتێك بابەتەكانی پاككەرەوەی وەك فاست‌و زاهی‌و هەندێد مەوادی كیمیاوی دەرژێنە ئاوەرۆكانەوە‌و لەوێشەوە تێكەڵ بە روبار‌و دەریاچەكان دەبن كاریگەریی مەترسیداری دەبێت بەتایبەت بۆ بەرهەمهێنانی سەوزە‌و سامانی ماسی كە لەروی زانستیەوە ئەو مادە كوشندانە دەبنە بەشێك لەپێكهاتەی بەرهەمەكان‌و دواجاریش دەچنەوە ناو جەستەی مرۆڤ‌و كاریگەیی راستەوخۆ لەسەر تەندروستی دروست دەكەن.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×