ئایا پێك نەهێنانی حكومەت پەیوەندی بەناكۆكی مەسرورو نێچیرڤانەوەیە؟
  2019-04-29       3156       

ئا: ئاوێنە



مەسعود بارزانی مانگێك لەمەوبەر لەرێورەسمی کردنەوەی پێشانگای کتێبدا لەھەولێر رایگەیاند "زۆر ئاراممان گرت‌و دەرفەتی زۆرمان دا بەهەمو لایەنەکان بۆ ئەوەی حکومەت لەهەمو لایەنە براوەکانی هەڵبژاردن پێکبێت، بەڵام بەرونی دەیڵێم لەئەمڕۆوە یەک چرکەی دیکە چاوەڕێ ناکەین و پشتیوان بەخوا بەمزوانە حکومەتی نوێ پێکدێت"!

 


سەرباری ئەو هەڕەشەیەی مەسعود بارزانیش تا ئێستا كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەسەرۆكایەتی مەسرور بارزانی پێكنەهێنراوە! بەپێچەوانەی ئەو لێدوانەی بارزانییەوە پاش تێپەڕینی زیاتر لەشەش مانگ بەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی كوردستاندا، هەمو ئاماژەكانیش روەو ئەو ئاڕاستەیەن كە بەمزوانە حكومەتی نوێ‌ پێكبهێنرێت.

 


پێكنەهێنانیشی بەپلەی یەكەم ناگەڕێتەوە بۆ ناكۆكی‌و زۆرانبازی پارتی‌و یەكێتی‌و رێكنەكەوتنیان لەسەر دابەشكردنی پۆستەكان، بەڵكو ئاستەنگێكی سەرەكی پێكهێنانی حكومەتی نوێ‌ پەیوەندی بەناكۆكییەكانی ناو پارتی خۆیەوەیەتی، بەتایبەتی پەیوەستە بەململانێنی دابەشكردنی دەسەڵات‌و پۆست‌و پشكی مەسرورو نێچیرڤانەوە.

 


بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست ئاوێنە كەوتون ئاستەنگەكانی بەردەم راگەیاندنی پێكهێنانی حكومەت، دەگەڕێتەوە بۆ زیاد لەهۆكارێك كە پەیوەندییان بەكێشەكانی ناوخۆی پارتییەوەیە:

 


یەكەم: نێچیرڤان بارزانی سورە لەسەر ئەوەی تا پۆستی سەرۆكایەتی هەرێم بەدەسەڵاتێكی زۆرەوە بۆ خۆی مسۆگەر نەكات، پۆستی سەرۆكایەتی حكومەت بۆ مەسرور بارزانی بەجێنەهێڵێت.

 


دوەم: زۆرانبازی نێوان مەسرورو نێچیرڤان بارزانی لەوەش قوڵترە، مەسرور كە تا ئێستاش راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستانە، خوازیارە لەقۆناغی داهاتودا ئەنجومەنی ئاسایش لەبری ئەوەی سەر بەسەرۆكایەتی هەرێم بێت، سەر بەسەرۆكایەتی حكومەت بێتن لەبەرئەوەی پێشتر مەسعود بارزانی باوكی سەرۆكی هەرێم بو، لەبەرامبەریشدا نێچیرڤان خوازیارە ئەنجومەنی ئاسایش وەك سەردەمی سەرۆكایەتی مەسعود بارزانی سەر بەسەرۆكایەتی هەرێم بێت‌و دەسەڵاتەكانی فەرمان كردن بەسەر ئەم دەزگا گرنگەدا نەگوازرێتەوە بۆ سەرۆكایەتی حكومەت واتە بۆ مەسرور بارزانی. ئەمە جگە لەوەی کە کێ ئەو پۆستە وەربگرێ‌و ببێتە راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایش، نێچیرڤان‌و مەسرور بارزانی ناکۆکن.

 


زۆرانبازی ئاشكراو شاراوەی نێوان مەسرور بارزانی‌و نێچیرڤان بارزانی لەم قۆناغەدا ئایندەی سیاسی هەر یەكەیان دیاریدەكات، كە كامیان لەقۆناغی داهاتودا دەبێتە كەسی یەكەم لەناو پارتی‌و بگرە لەهەرێمی كوردستانیشدا.

 


ئێستا لایەنی پەیوەندیداری سەرەكی بەپێكهێنانی حكومەتی نوێ‌ پارتی دیموكراتی كوردستانە، پرسیارەكە ئەوەیە پاش ئەوەی ئەم حزبەو سەرۆكەكەی "زۆر ئارامیان گرت‌و دەرفەتی زۆریان دا بەهەمو لایەنەکان بۆ ئەوەی حکومەت پێکبێت"، وەك مەسعود بارزانی دەڵێت بۆچی "یەک چرکەی دیکە چاوەڕێ دەکەن‌و بەمزوانە حکومەتی نوێ پێکناهێنن"؟!


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×