گەرمیان.. کۆمپانیای گازپرۆمی ڕوسی چەند خزمەتگوزارییەک ئەنجام دەدات
  2019-05-10       2352       

کۆمپانیای گازپرۆمی ڕوسی کە لەسنوری گەرمیان کاردەکات چەند خزمەتگوزارییەکی بۆ ناوچەکە ئەنجامداوە بڕیاریشە لەئایندەدا چەندین کاریتر ئەنجام بدات. بەڕێوەبەری ناحیەی سەرقەڵا چەند کارێکیان بۆ ئاوێنە دەخاتەڕو و ئەندامێکی ئەنجومەنیش رایدەگەیەنێت، تاڕادەیەک لێیان ڕازین.

ئاوێنە، ئەیاد محەمەدو ئاراز محەمەد: بەڕێوەبەری ناحیەی سەرقەڵا رامیار عەبدولڕەحمان بە ئاوێنەی راگەیاند"کۆمپانیای گازپرۆمی ڕوسی کۆمەڵێک خزمەتگوزارییان ئەنجام داوە لەسنورەکە و لەکەرتی تەندروستیش هەندێک ئامێریان دابینکردوە، بڕیاریشە لەئایندەدا کۆمەڵێک کاریتر ئەنجام بدەن."

 

وتیشی"لەسنورەکەدا  کۆمەڵێک شتیان کردوە، وەک دابینکردنی مۆلیدە بۆ ئەو گوندانەی کە نەوتی تێدایەو نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکان، بۆنمونە لەسنوری گەرمیان لە سەرقەڵا هەرچی قوتابخانەکان هەیە تەنکیەکانیان پاککردوەتەوە، بڕیارە هی کفری و کەلاریش بشۆرن وەکو لایەنی تەندروستی بۆئەوەی خوێندکار و مناڵەکان توشی نەخۆشی نەبن و هەروەها لەڕوی ژینگەوە دار ئەبەخشنەوە."

رامیار عەبدولڕەحمان وتیشی"ئەمبوڵانسێکیان دابینکردوە بۆ سەرقەڵاو هەفتەی رابردو کۆمەڵێ پێداویستی نەخۆشخانەی گشتیان دابین کردوە، وەک سۆنارو جیهازی ددان و کۆمەڵێک ئامێری پزیشیکی، هەروەها یاریگایەکیان لەگوندی میلقاسم دروستکردوە و  یاری مناڵانیان بردوەتە حەسیرە."

بەپێی زانیاریەکانی ئاوێنە گازپرۆمی ڕوسی لەساڵی ٢٠١٣ لە بلۆكی "شاکەل" دەستی کردوە بە کارکردن و لەو بلۆكە، دو بیری لێداوە ئەوانیش شاکەل دو لەگەڵ شاکەل سێ-ن. هەروەها چاکسازی کردوە لە بیری شاکەل یەک کە پێشتر هەڵکەندرابو، بەڵام لەو بیرانەدا نەبوە خاوەنی بەرهەم.

رامیار عەبدولڕەحمان هێمای بۆئەوەشکرد"گازپرۆم، کۆمەڵێک پێداویستی دابین دەکەن بۆ دامودەزگاو گوندەکان و کەرتی پەروەردەو کەرتی تەندروستی بەڵام وەکو شتی گەورە بڕیارە لەئایندەدا وێستگەیەکی کارەبا لەسنورەکە دروستبکرێت و ئەوان غازەکەی بۆ دابین بکەن، هەروەها بڕیارە کۆمەڵێک پێداویستی بۆ بابەتی ریسایکڵین ئەوان ئاسانکاری بکەن هەرچی پاشەڕۆ و زبڵ هەیە بیبەن بۆ سلێمانی."

 

بەپێی بەدواداچونەکانی ئاوێنە، گازپرۆمی ڕوسی لەسەدا 40ی پشکەکانی لە "وێسترن زاگرۆس"ی کەنەدی کڕیوە، لە ساڵی ٢٠١٦ەوە ڕۆشتونەتە بلۆکی گەرمیان و بون بە کارپێکەری بلۆکی گەرمیان، لە بلۆکی گەرمیان ٥ بیری هەیە و ئێستا لە ٣ بیریان بەرهەمهێنان دەکات ئەوانیش پێكدێن لە؛ سەرقەڵا یەک و سەرقەڵا دو  لەگەڵ سەرقەڵا سێ. لەئێستادا هەناردەی ڕۆژانەی نەوت بەپێی زانیارییەکانی ئاوێنە ۳٥ هەزار بەرمیلە لەڕۆژێکدا.

لای خۆشیەوە محەمەد شێخ وەهاب، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بەئاوێنەی ڕاگەیاند"بەپێی بەدواداچونەکانی ئێمە کۆمپانیای گازپرۆم خزمەتگوزاری ئەنجام داوە، تاڕادەیەک لێیان ڕازین، لەتازەترین کاریشیاندا ئێمە داوامان لێیانکردوە کە پەنجەماسی بۆ "باوەشاسوار" لەکفری و ئەڵوەن لەخانەقین دابین دەکەن."

محەمەد شێخ وەهاب ئەوەشی نەشاردەوە، ئەو دوکەڵەی بەهۆی دەرهێنانی نەوتەوە لەناوچەکە بڵاودەبێتەوە دەبێتە هۆی پیسبونی ژینگە، یاداشتیان داوەتە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و  بەزارەکی بەڵێنیان وەرگرتوە کە چارەسەری بکەن.

بەپێی بەدواداچونەکانی ئاوێنە لەنێو ئەو کارانەدا گازپرۆم  ئەنجامی داوە ناردنەدەرەوەی ۱٦ خویندکاری گەرمیانی و هەڵەبجە بوە بۆ خویندن لە بواری ئەندازیاری نەوت و جیۆلۆجی بۆ زانکۆی نیشتمانی روسیاو هاوکاریکردنی زانکۆی گەرمیان لەکڕینی ئامێری تاقیگە و پاڵپشتی توێژینەوەی زانستی و دابینکردنی نەوتی سپی و پەیینی کیمیایی بوە بۆ جوتیارانی سنورەکە.

سەبارەت بەوەی ئایا ئەنجامدانی ئەم کارانە بەیاسایە یاخود وەک هاوکارییە کە کۆمانیای گازپرۆم ئەنجامی ئەدات بۆ ناوچەکە، بەڕێوەبەری ناحیەی سەرقەڵا رامیار عەبدولڕەحمان  وتی"یەکێک لەو مەرجانەی کە گرێبەستیان هەیە لەگەڵ سامانە سروشتیەکان ئەبێت خزمەتی ئەو ناوچانە بکەن"

رامیار عەبدولڕەحمان وتیشی"ئێمە شتی گەورە داوا دەکەین بەڵام ئەوان ئەڵێن هەندێک ئیش هەیە ئێمە بەپێی ڕۆشتنی ڕێژەی نەوتەو بەڕەزامەندی سامانە سروشتییەکانە."

تائێستا ئەو کۆمپانیایانەی کە لەسنورەکە ئیشیان کردوە زیاتر تورکی و ڕوسی و کۆمپانیای چەنوڵاتێکیتریش بون وەک تالیسمانی فەرەنسی بەپێی بەدواداچونەکانی ئاوێنە زۆرترین داهات بۆ پەرەپێدانی ناوچەکە گازپرۆمی ڕوسی خەرجی کردوە، هەر لەبەدواداچونەکانی ئاوێنەدا دەرکەوتوە هۆکاری زیاتر خزمەتنەکردنی ناوچەکە بەهۆی جەرجنەکردنی پترۆ دۆلارەوەیە. لەسنوری گەرمیان پێنج بلۆکی نەوتی هەیە، کە زیاترلە ۱٥  بیر لەخۆ دەگرێت، کە لەئێستادا سێ بیریان بەدەست گازپرۆمەوەیەو  ڕۆژانە بەرهەمی نەوت دەدەن، بەرهەمهێنانی ڕۆژانەیان ۳٥ هەزار بەرمیلە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×