کونسوڵی ئێران: حکومەتی هەرێم وەکو ڕابردو شەریکێکی متمانەپێکراوی ئێران دەبێت
  2019-05-17       1607       
مورتەزا عەبادی
کونسوڵی ئێران لەهەولێر جه‌خت له‌په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ وڵاته‌كه‌ی‌‌و هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌كاته‌وه‌و ده‌ڵێت، "هەرێمی کوردستان وەکو ڕابردو شەریکێکی متمانەپێکراوی ئێران دەبێت".

ئاوێنه‌: مورتەزا عەبادی کونسوڵی ئێران لەهەولێر لەلێدوانێکدا بەسایتی‌ کوردپرێسی وتووه‌، "حکومەتی هەرێمی کوردستان وەکو ڕابردو شەریکێکی متمانەپێکراوی ئێران دەبێت...بەرپرسانی حکومەتی هەرێم مکوڕن لەسەر دەوڵەمەندکردنی سنورەکانی برایەتی‌و ئاشتی لەگەڵ ئێران".

ناوبراو ده‌ڵێت، "په‌یوەندیی سیاسی‌و فەرهەنگی‌و ئابوریی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەگەڵ عێراق‌و هەرێمی کوردستان په‌یوەندییه‌کی قوڵ‌و هەمەلایەنەیەو لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی بەرانبەر دامەزراوەو بەرژەوەندی‌و قازانجی هەردولای تێدایەو ئەو په‌یوەندییەش بەدیلی نیە، بەرپرسانی هەرێمی کوردستانیش چەندینجار ئەو بابەتەیان بەئەمریکییەکان وتووە."

به‌وته‌ی‌ مورتەزا عەبادی، لایەنی ئەمریکیش ئەوەی بۆ دەرکەوتووە کە هەرێمی کوردستان لەچوارچێوەی عێراقی فیدراڵدا پابەندی سزا ملهوڕانەکانی ئەمریکا نابێت‌و سەردانەکانی ئەو شاندە ئەمریکییانەش سوودی نابێت كه‌ فشار ده‌خه‌نه‌ سه‌ر هه‌رێم. 

کونسوڵی ئێران لەهەولێر راشیگه‌یاندووه‌، "ئەمریکییەکان له‌و سەردانانەیاندا بازرگانان‌و چالاکانی ئابوریی هەرێمیان کردۆتە ئامانج‌و هەوڵدەدەن بەشەڕی دەرونییانە وای بنوێنن کە بازرگانیکردن لەگەڵ ئیران نائەمنەو بەو شێوەیەش پاشەکشە بەبازرگانانی هەردولا بکەن، بەڵام ئەو گەڕاڵییەی ئەمریکا سودی نابێت‌و کارتێکەر نابێت لەسەر پێوەندیی هەمەلایەنەی نێوان ئێران‌و هەرێمی کوردستان."
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×