سەركان فایەق كۆمەڵێك بەرهەمی نوێی ئامادەیە
  2019-01-03       867       
سەركان فایەق

سەركان فایەق، یەكێك لەهونەرمەندانی ئیسلامی لەمیانی چاوپێكەوتنێكی ئاوێنە وەڵامی كۆمەڵێك پرسیار دەداتەوە، بە هەوادارانیشی رادەگەیەنێت بەرهەمی نوێی ئامادەیە.

ئاوێنە: سەركان فایەق كێ‌ یە؟

سەركان فایەق: لەدایك بوی 14/3/1982 لە شاری سلیمانیم، دەرچوی زانكۆی سلیمانیم بەشی زانستە كۆمەڵایەتییەكان‌و مامۆستام لەیەكێك لەقوتابخانەكانی هەرێمی كوردستان، هەروەها راهێنەری باوەرپێكراوم  لە بواری گەشەپێدانی توانا مرۆییەكان، تا ئێستا خاوەنی چەندین گۆانی و سرودم لە بوارەكانی ئاینی و نیشتیمانی‌و بوارەكانی تریش. لە ساڵی 1994وە ئاشنابووم بەبواری گۆرانی و موناجاتی ئاینی ، بەڵام یەكەمین گۆرانی لە ساڵی 1997 تۆمارم كرد پاشان لە ساڵی 1999 یەكەمین كاسێتی خۆم بڵاو كردەوە كە پێك هاتبو لە 10 تراك گۆانی،پاشان یەكەمین كاری وێنەگرتن بۆگۆرانییەكانم لەسالی 2001 بوو لەو كاتەوە تائێستا بەردەوامم لە كاری هونەری  گۆرانی و موزیك. 

ئاوێنە: كاری هونەری گۆرانی ئیسلامی ئەمرۆ بە چ قۆناغێك گەیشتوە؟

سەركان فایەق: گۆرانی و موناجاتی ئاینی ئەمرۆ ئەتوانین بڵێن تارادەیەكی باش بە دونیادا بڵاو بووەتەوە كۆمەڵێك هونەمەندی زۆر باشی بەتوانا لەجیهاندا دەركەوتون كە لەم بوارەدا كاردەكەن،  لەكوردستانی خۆشمان زۆرێك لە هونەرمەندان كاریان لەم بوارە كردووە بەلام ، بەرای من وەك پێویست نییە ، چونكە هەست ئەكەم ئەم بوارەش وەك هەموو كایەكانی تر بەسیاسی كراوە و حیزبێنراوە ، كە لەراستیدا ئەم بوارە هیچ پەیوەندی بە سیاسەتیشەوە نیە ، بۆیە زۆرجارئەم بوارە  لەلایەن دەزگا پەیوەندی دارەكان بە هونەر و رۆشنبیری فەرمۆشكراوە ، هونەرێكی تارادەیەك شێوێنراو جێی گرتۆتەوە كەئەمرۆ  زورێك لە خەڵكی پێوەی گیرۆدەبوون ، بۆیە هەست ئەكەی ئەم بوارە تارادەیەك نامۆ بووە.

ئاوێنە: میدیای ئیسلامی تاچەند رۆڵی بینیوە بۆ دەرخستنی هونەرمەندانی ئیسلامی؟

سەركان فایەق: پێشتر میدیای ئیسلامی تارادەیەكی باش هاوكاریی ئەم بوارەیان ئەكرد ، بەڵام ئێستا بەهۆی قەیرانی دارایی و نەبوونی میدیاییەكی ئەهلی بێلاین و بەحزبی كردن و سیاسی كردنی میدیاكان تارادەیەك  ئەم بوارە فەرامۆش كراوە ئەتوام بڵێم هیچ سەپۆرتێك نەماوە بۆ ئەم بوارە و هاوكاری هیچ هونەرمەندێك ناكرێ كە برەو بەكارەكانی خۆی بدات لەم بوارە ، من وەك خۆم چەندین ساڵە لەسەر ئەرك و خەرجی خۆم كاری هونەری دەكەم ، مەگەر ئەوەی لەبۆنەیەك یان مناسەبەتێكی تایبەت بەرێكخراوێك یان ناوەندێك كە بڕێك لەخەرجی كارەكان ئامادە دەكەن . 

ئاوێنە:  دەوترێت بەراود بە هونەرمەندانی دیكە كەمترین دەركەوتنتان هەیە، بۆچی؟

سەركان فایەق: راستە ئێستا كەمتر دەركەوتنم هەیە ، ئەویش دەگەرێتەوە بۆسەرقاڵیم بە كاری تایبەتی رۆژانەی خۆم . هەروەها قەیرانی دارایی كاریگەریی لەسەر هەموو شتێك داناوە بۆیە ئەم بوارەش بێبەش نەبووە لەو ئەزمەیەی كەبەسەر وڵاتەكەماندا هاتووە ، نەبونی سپۆنسەر بۆكاری هونەری ئاینی هۆكارێكی ترە كەنەتوانین زۆرتر دەركەوتنمان هەبێت .

ئاوێنە: كێ‌ پشتیوانتە بۆ ئەنجامدانی كارە هونەرییەكانت؟

سەركان فایەق: لەئێستادا جگە لەخۆم هیچ هاوكار و پشتیوانییەكی مادی و مەعنەویمان نییە بۆكاری نوێ.

ئاوێنە: هیچ بەرهەمێكی نوێت بۆ هەوادارانی دەنگت ئامادەیە لەساڵی نوێدا؟

سەركان فایەق:  بۆبەرهەمی نوێ بەدڵنیاییەوە كۆمەڵێك گۆرانی نوێم ئامادەیە ، انشالله خوا پشتیوان بێت ، لەئایندەدا تۆماریان ئەكەم،  كە بە ساتیلێكی نوی و سەردەمیانە كاریان لەسەر ئەكەم .
من هەرلەم میمبەری ئێوە سوپاس و خۆشەویستی خۆم دەنێرم بۆسەرجەم هاودارانم پشت بەخوا بەبەرهەمی نوێوە دێمەوە خزمەتیان، سوپاس و دەستخۆشیم بۆ رۆژنامەی ئاوێنە بۆبەسەركردنەوەم. هیوای سەركەوتن و بەرەو پێشچونی زیاترتان بۆدەخوازم ، زۆر سوپاستان دەكەم.

 

 
زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×