دوای دروێنەكردن، زەوییە كشتوكاڵییەكانی "په‌لكانه‌" سڕدەكرێن
  2019-05-22       675       
كەركوك/22ی ئایاری 2019/ كۆبونەوەی راكان سەعید، پارێزگاری بەوەكالەتی كەركوك لەگەڵ ژماره‌یه‌ك له‌گوندنشینانی پەڵكانە فۆتۆ: راگەیاندنی پارێزگار

ئیدارەی كەركوك بڕیاریدا دوای دروێنەكردن، ئەو زەوییە كشتوكاڵییانەی لە ناحیەی سەرگەڕان ناكۆكییان لەسەرە سڕبكرێن، تاوەكو دادگا بڕیاری كۆتاییان لەسەر دەدات.

ئاوێنه‌: ئەو بڕیارە، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌، لە كۆبونەوەیەكی راكان سەعید، پارێزگاری كەركوك بەوەكالەتدا هاتوه له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له‌ جوتیارانی گوندی په‌لكانه‌و شاره‌زادا كه‌ تێیدا قایمقامی دوبز و سەرۆكی لیژنەی كشتوكاڵ لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، ئاماده‌ی بون.

نوسینگه‌ی پارێزگاری كه‌ركوك به‌وه‌كاله‌ت له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند"لەپێناو سەقامیگری ئاشتی كۆمەڵایەتی، ئیدارەی كەركوك چارەسەری یاسایی و جێی رەزامەندی دەخاتەڕو كە هەردولا لە جوتیارانی كورد و عەرەب پێی رازین."

له‌به‌یاننامه‌كه‌دا هاتوه‌"بە رێككەوتنی هەموان رەزامەندی نیشاندرا بۆ پێدانی ماف بە جوتیاران تاوەكو بەرهەمەكانیان دروێنە بكەن لە ئەمساڵدا، دواتر ئەو زەوییانەی ناكۆكییان لەسەرە سڕبكرێن تاوەكو لەڕوی یاساییەوە یەكلاییدەكرێنەوە و داوا لە ئەنجومەنی باڵای دادوەری بكرێت بۆ یەكلاییكردنەوەیان."

ئه‌وه‌شی خستۆته‌ڕو"ناكۆكییەكان لەسەر ئەو زەوییانە لەڕێی بڕیارەكانی دادگاوە دەبێت ئەوەش پلەی كۆتاییەو هەمو ئەو نوسراوانەی تائێستا لەبارەی زەوییە كشتوكاڵییەكانەوە دەركراون هەڵدەوەشێنرێنەوه‌."

جه‌ختیشی كردۆته‌وه‌"بڕیاری دادگا هەرچییەك بێت دەبێت ئیدارەی ناحییە و جوتیارانی كورد و عەرەب پێوەی پابەندبن."

به‌پێی ماڵپه‌ڕی كه‌ركوك ناو ئەو بریارە دوای ئەوە هات كە خه‌ڵكی گوندی په‌ڵكانه‌ له‌ ناحیه‌ی سه‌رگه‌ڕان، 14ی ئایار، چه‌ند كاتژمێرێكی ئاڵۆزییان به‌ڕێكرد، كاتێك زیاتر له‌ 100 هاوڵاتی هۆزی شه‌ممه‌ر به‌ حه‌وت ئۆتۆمبێلەوە گه‌یشتونه‌ته‌ گونده‌كه‌، هه‌ڵیانكوتاوه‌ته‌ سه‌ریان و داوایانكردوه‌، ئه‌و سنوره‌ به‌جێبێهێڵن.

هێشتا رون نییە ئایا تەواوی خەڵكی گوندی پەڵكانە بەو بڕیارەی ئیدارەی كەركوك رازی دەبن یان نا.

گوندی په‌ڵكانه‌، ده‌كه‌وێته‌ باكوری خۆرئاوای كه‌ركوك، نزیكه‌ی 25 ماڵی تێدایه‌ و روبه‌ره‌كه‌ی زیاتر له‌ 60 هه‌زار دۆنم زه‌ویی به‌پیتی كشتوكاڵی و نه‌وتی تێدایە.

ئه‌و گونده‌ و چه‌ند ناوچه‌یه‌كی تری سه‌رگه‌ڕان، لەساڵی 1975 و سه‌رده‌می حوكمی به‌عس، چه‌ندجارێك روبه‌ڕوی پرۆسه‌ی "ته‌عریب" بونه‌ته‌وه‌، ئه‌وه‌ش به‌ گواستنەوەی هاوڵاتیانی كورد لە ناوچەكانی خۆیان ‌و نیشتەجێكردنی هاتوانی عەرەب لە جێگەیاندا.

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×