شــــەوانە بـــازاڕ
  2019-05-24       1266       


*سەرکۆ یونس

 


لەمانگی ڕەمەزانی پیرۆزدا و لەگەڵ نزیک بونەوەی جەژن بەشێکی زۆری هاونیشتیمانیان پێیان باشە بەشەودا بازاڕ بکەن و پێداویستییەکانیان دابین بکەن.
لەڕاستیدا ئەمەش دیاردەیەکی شارستانی نوێ یە و دەرهاویشتەی جیهانگیری یە و ماوەی چەند ساڵێکە بووەتە کلتور لە کۆمەڵگای کوردستاندا بەشێوەیەک کاریگەری هەبووە لەسەر جموجوڵی کڕین و فرۆشتن و گەشەی ئابوری هەرێم.
 کات یەکێکە لەڕەگەزە گرنگەکانی بازاڕ و ئەو کاتەی کە کڕیارو فرۆشیار بەیەک دەگەن نرخەکان دیاری دەکرێت و کرداری ئاڵوگۆڕ ئەنجام دەدرێت ..
خۆشبەختانە بەهۆی سەقامگیری ئەمن و ئاسایش لە کوردستاندا ڕێژەیەکی زۆری کڕیاران بەشەو خواستەکانیان پڕدەکەنەوە و هەرچی مۆڵ و سۆپەرمارکێت و بازاڕی میللی و هاوچەرخ هەیە جمەیان دێت لە کڕیاران و هەوڵ دەدەن پێویستییەکانیان بە کەمترین تێچون و نزمترین نرخ بەدەست بهێنن ، کەدەتوانین بڵێین زۆربەی خواستەکانمان لەم کاتانەدا جلو بەرگ بۆ خانمان ومناڵان و سەبەتەی خواردن و خواردەمەنی یە و بەشێکی تری هاونیشتیمانیان دەچنە بازاڕ و مۆڵەکان بۆ بەسەربردنی کاتێکی خۆش و قەرەبوکردنەوەی ڕۆژەکان کە بەهۆی بە ڕۆژوو بون و بەرزبونەوەی پلەکانی گەرماوە ناتوانن بچنە دەرەوە.ئەوەشمان بیر نەچێت چاولێکەری خێزانەکان کاریگەری تایبەتی هەیە لەسەر شەوانەبازاڕ و هۆکارێکە بۆ برەوسەندنی ئەم دیاردەیە.
لەڕاستیدا شەوانە بازاڕی هاونیشتیمانیان و کڕیاران لەمانگی ڕەمەزاندا بۆ چەند هۆیەک دەگەڕێتەوە لەوانە  زۆربەی کڕیاران بەهۆی ئەوەی کە بەڕۆژوو دەبن و زۆربەی کاتەکانی ڕۆژ لەماڵەوە پشوو دەدەن و پلەکانی گەرماش ووردە ووردە بەرزبوەتەوە و ناتوانن بچنە بازاڕەکانەوە و هەروەها بەشێکی تری کڕیاران بریتین لە فەرمانبەرانی دامودەزگاکانی حکومەت ئەمانە بەڕۆژ لە دەوامدان و ماندوو دەبن ناچار بۆ پڕکردنەوەی پێویستییەکانیان بەشەو دەچنە بازاڕو مۆڵەکان.
ئەوەمان لەبیر نەچێت لەبازاڕەکانی هەرێمی کوردستاندا نرخەکان بەهۆی خواست و خستنەڕووە دیاری دەکرێن بەبێ دەست تێوەردانی حکومەت، لەم مانگەدا یاسای خواست کار ناکات (پەیوەندیەکی پێچەوانە هەیە لە نێوان نرخ و بڕی خواست ) واتە ئەگەر نرخ بەرز ببێتەوە ئەوا بڕی خواست دادەبەزێت بەڵام بەهۆی زۆری خواستەوە و ناچار بوونی کڕیاران بۆ پڕکردنەوەی پێویستییەکانیان ئەم یاسا ئابورییە کاری پێ ناکرێت و خێزانەکان زۆربەی داهاتەکانیان و بگرە هەندێ جار قەرزیشی بۆ دەکەن لە پێناو دابین کردنی پێداویستییەکانیان ئەمەش بارگرانیەکی ترە بەسەر شانی لێپرسراوانانی خێزانەکانەوە و خەرجییەکانی خێزان لەم مانگەدا دوو ئەوەندە و زیاتریش دەبێت !
لەلایەکی ترەوە بەسەیرکردنی خێرا لەهەموو ئەو بازاڕکردنانەی کە ئەنجام دەدرێت دەردەکەوێت کەبەشی هەر زۆری خواست بۆ کڕینی شمەک و کەلوپەلی کەمالین (جوانکاری،ڕوواڵەتی) ئەمەش مانای گۆڕانکارییە لە گوزەرانی هاوڵاتیاندا بەرەو باشبون و لەلایەکی ترەوە بەداخەوە کڕیاران و بەکاربەران زۆر زوو قەیرانی دارایی و ئابوری کوردستانیان لەبیرکردوە و هەرچەندە هێشتا قەیرانەکە بەتەواوەتی بنبڕ نەکراوە هەر بۆیە پێویستە بزانین کە ئیدارەدانی ئابوری دروستی بەکاربەران ئەوەیە کە پاشەکەوت بکەین و هەرچی مایەوە خەرجی بکەین نەک بە پێچەوانەوە داهاتەکانمان خەرج بکەین و هیچ بڕە پارەیەک پاشەکەوت نەکەین.
ئەوەی لێرەدا گرنگە تیشکی بخەینە سەر بۆ ئەوەی هەردوولا (کڕیاران و فرۆشیاران) بتوانن ئامانجەکانیان بەدەست بهێنن لە بەرژەوەندی هەردولا ئەم مانگە پیرۆزە بەڕی بکرێت و ئیستیغلال کردنی تێدا نەبێت لە ڕووی نرخ و جۆری شمەک و کاڵاکانەوە وئەم هەلە نەکرێت بۆ ساغکردنەوەی شمەک وکاڵای خراپ و ماوە بەسەرچوو، هەردوولا بەچاوێکی نەتەوەیی و ئایینی یەوە لەم دیاردەیە بڕوانن.جێگای خۆیەتی دەستخۆشی لە هێزەکانی ناوخۆ بکەین بۆ هەوڵ و ماندوبونیان و ڕەخساندنی کەشێکی ئارام و سەقامگیر کە دڵنیایی بە هەموولایەک دەدات ..
هیوادارین ئەم دیاردە شارستانی یە لەساڵانی داهاتودا بەردەوام بێت و گەشەی زیاتری پێ بدرێت و ئەم ڕووە گەشە جوانەی ئابوری و کۆمەڵایەتی و پێکەوە ژیانیەی کوردستان بەهەموو لایەکی بگەیەنین...


*ئابوریناس

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×