لیژنه‌كه‌ی په‌رله‌مانی عێراق داوای گه‌ڕانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ بۆ خانه‌قین ده‌كات
  2019-05-25       580       

رۆژی پێنجشەممەی رابردو، لیژنەیەكی تایبەت بە رەوشی قه‌زای خانەقین لە پەرلەمانی عێراق سەردانی ئه‌و قه‌زایه‌ی كرد، سەرۆكی لیژنەكەش دەڵێت، رەوشی خانەقین لەھەمو رویەكەوە خراپەو راپۆرتێك ئامادەكراوە و تێیدا داوای گەڕانەوەی پێشمەرگەیان بۆ ناوچەكە كردوە.

ئاوێنه‌: ناسر یوسف، سەرۆكی لیژنەی پەرلەمانی عێراق بۆ كێشەكانی خانەقین، بە ماڵپەڕی ره‌سمی پارتی راگەیاند"بەھۆی ئاڵۆزییەكانی رۆژانی رابردوی سنوری قەزای خانەقین، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بڕیاری رەوانەكردنی لیژنەیەكی دەركرد بۆ شارۆچكەی خانەقین، كە بەندە سەرۆكی لیژنەكە بوم و رۆژی پێنجشەممەی رابردو سەردانی خانەقینمان كرد، ئێمە نایشارینەوە ھاوڵاتیانی سنوری خانەقین لە رەوشێكی خراپدان لە ڕوی دابینكردنی خزمەتگوزاری و ھیچ متمانەیەكیشیان بە حكومەتی عێراق نەماوە."

وتیشی"جگە لەنەبونی خزمەتگوزاری، رەوشی ئەمنیی خانەقین ناسەقامگیرە، لەبەر ئەوەش پێویستە رەوشەكە گۆڕانكاری بەسەردا بێت و ھێزێكی نوێی پێشمەرگه‌و سوپای عێراق پێكەوە قەزای خانەقین بپارێزن و مەلەفی ناوشاریش بدرێتە دەست پۆلیس."

ناسر یوسف رونیشی كردەوە"لەسەردانەكەماندا، بەڕاشكاوی ئەوەمان بە فەرماندەی فیرقەی سوپای عێراق راگەیاند، كە شوێنی ئەوان ناو سەنتەری شارۆچكەی خانەقین نییە، بەڵكو پێویستە سوپاو حەشدی شەعبی بچنە دەرەوەی خانەقین."

ناسر یوسف، هەروەها ئەوەشی ئاشكرا كرد"ئێمە لەگەڵ رێكخراوەكان و پێكھاتەكانی خانەقین و ئیدارە گەیشتوینەتە ئەنجامی كۆتایی بۆ چارەسەركردنی گرژییەكانی خانەقین و پێویستە پێشمەرگە بگەڕێتەوە بۆ ناوچەكە، راپۆرتێكیشمان بۆ پەرلەمانی عێراق ئامادە كردوە لەبارەی داواكاریی گەڕانەوەی پێشمەرگەو ئاساییكردنەوەی رەوشی خانەقین."

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×