جێگرى پارێزگارى هەڵەبجە رایدەگەیاند؛ سەرجەم رێکارە کارگێڕییەکان بۆ دروستکردنى تابلۆى ئۆتۆمبێلى ژمارە هەڵەبجە تەواو بوەو تەنها ئەنجامدانى گرێبەست ماوە لەگەڵ کۆمپانیایەک بۆ دروستکردنى تابلۆکان. ئاشكراشی دهكات ئهو ژمارانهی دهكهونه نێوان (1) بۆ (10000)و خواستیان لهسهره دهخرێنه موزایهدهوه.
ئاوێنه: کاوە عەلى جێگرى پارێزگارى هەڵەبجە، ئەمڕۆ شەممە، به میدیای گۆڕانی راگهیاند کە سەرجەم رێکارە کارگێڕییەکان بۆ دروستکردنى تابلۆى ئۆتۆمبێلى ژمارە هەڵەبجە تەواو بوە، ئەوەش دواى ئەوەى فەرمانەکە لە بەغداوە دەرکرا، ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێمیش وەزارەتى ناوخۆى راسپاردوە بۆ تەواو کردنى رێکارەکان.
وتیشی"ئێستا تەنها ئەنجامدانى گرێبەست ماوە لەگەڵ کۆمپانیایەک بۆ دروستکردنى تابلۆکان، ئەو کۆمپانیایەش کە تابلۆکانی پارێزگاکان دروستدەکات داوای پارچەیە زەوییەکیان کردوە لە تەنیشت بەڕێوبەرایەتی هاتوچۆ و هەر کاتێک زەوییەکە ئامادەبێت کۆمپانیاکەش دێت و کارەکانی دەستپێدەکات."
لەبارەى بڕیارى دابەشکردنى ژمارەکانیشەوە وتى"ژمارەکانی نێوان (1) بۆ (10000) دەخرێنە موزایەدەوە (زیادکردن)، واتە ئەو ژمارانەى دەکەونە ئەو نێوانەوەو خواستی زیاتریان لەسەرە دهخرێنه موزایهدهوه، سەبارەت بە رێکارى زیادکردنەکەش دوای ئەوەی ئەنجامی کۆنوسەکان کە لای ئێمە پەسەندکراوە لە ئەنجومەنی نوێنەران دەگەڕێتەوە دەبێت داهاتەکەی بۆ پارێزگای هەڵەبجە بێت ئەوەش بە ئامانجى سودوەرگتنى بۆ بەرەپێشبردنى ئاستى پێشکەشکردنى خزمەتگوزارى لە شارەکە."
باسى لەوەشکرد کە بە ئامانجى بەدەستهێنانى داهاتێکى زیاتر، داوایان کردوە کە هاوڵاتیان و بەڵێندەران لە تەواوى هەرێمى کوردستان و تەنانەت دەرەوەى هەرێمیش بتوانن بەشداری ئەو زیادکردنە ئاشکرایە بکەن بۆ ئەوەى کێبڕکێیەکى زیاتر دروست ببێت.