مه‌لا به‌ختیار له‌سه‌ر مه‌ترسی شه‌ڕی ئێران و ئه‌مریكا داوای كۆبونه‌وه‌ی لوتكه‌ی حزبه‌كان ده‌كات
  2019-05-26       1573       

مه‌لا به‌ختیار، لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی داوا له‌مه‌سعود بارزانی و كۆسره‌ت ره‌سوڵ و سه‌رۆكی هه‌مو حزبه‌كان ده‌كات به‌زوترین كات كۆبونه‌وه‌یه‌كی راوێژكاریی له‌نێوان حزبه‌كانی كوردستان ده‌رباره‌ی مه‌ترسی جه‌نگی نێوان ئه‌مریكاو ئێران و هه‌ڵوێستی هه‌رێمی كوردستان و عێراق، بكرێت.

ئاوێنه‌: به‌پێی راگه‌یه‌ندراوێكی نوسینگه‌كه‌ی‌، ئه‌و داوایه‌ی مه‌لا به‌ختیار، ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌، له‌میانی كۆبونه‌وه‌یه‌كیدا هاتوه‌ له‌گه‌ڵ مامۆستایانی شۆڕشدا.

مەلا بەختیار، سه‌باره‌ت به‌ ئه‌گه‌ری شه‌ڕی نێوان ئه‌مریكاو ئێران وتویه‌تی"ئەگەر ئەو جەنگە لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست روبدات، ئەوا لەجەنگی دوەمی جیهانیش مەترسیدارترە."

مه‌لا به‌ختیاری هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كردوه‌ كه‌ به‌داخه‌وه‌ تا ئێستا ئه‌و دۆخه‌ له‌سه‌ر ئاستی عێراق و هه‌رێمی كوردستان تاوتوێ نه‌كراوه‌و مه‌ترسییه‌كانی نه‌خراونه‌ته‌ڕو.

وتوشیه‌تی"ئەوەی تا ئێستا دەیبیستین، ئەمریكا هەڕەشەمان لێدەكات ئەگەر دۆستایەتی ئێران بكەین، لێتان قبوڵ ناكەین‌و ئێرانیش پێدادەگرێ‌ لەسەرئەوەی ئەو پەیوەندییەی هەمانە لەگه‌ڵیان نابێ‌ دەستبەرداریان ببیین. لەكاتێكدا نە هەڕەشەكەی ئەمریكا‌و نە پێداگیرییەكەی ئێران، دەستەبەرنین بۆ میللەتەكەمان."

راشیگەیاند"سەرۆك وەزیرانی عیراق، لەسەر ئاستی عیراق‌و كوردستان جوڵە بكات، پێشئەوەی جوڵە بكات بۆ ئەوەی سوڵحی نێوان ئەمریكا و ئێران بكات. قسەشم لەسەر ئەوەیە سەرۆك پەرلەمانی عیراق دەبێ‌ جوڵە بكات، دەبێ‌ حزبە كوردستانییەكان لەنێوان خۆماندا دابنیشین‌و بەرنامەیەكی هاوبەشمان هەبێ‌، لایەنیكەم رێكبكەوین لەسەر ئەو خاڵانەی چارەنوسی هەمو حزبە كوردستانییەكان‌و نەتەوەكەمانی پێوەبەستراوەو بیری لێبكەینەوە. بەداخەوە تا ئێستا هیچی لەمانە نەكراوە‌و رونە هۆكارەكانی چین!"

هۆكاری ئه‌وه‌شی بۆ غیابی جه‌لال تاڵه‌بانی، سكرتێری كۆچكردوی حزبه‌كه‌ی گه‌ڕاندۆته‌وه‌.

سه‌باره‌ت به‌ دۆخه‌كه‌ش مه‌لا به‌ختیار رایگه‌یاندوه‌"بانگەوازێك بۆ كاك مەسعود‌و كاك كۆسرەت‌و سەرۆكی هەمو حزبەكان دەكەم، سەرەڕای جیاوازییەكان‌و كێشەكان، كە بەزوترین كات كۆبونەوەیەكی راوێژكاری لەنێوان حزبەكانی كوردستاندا بكرێت‌و لەناو پەرلەمان كۆبونەوە بكرێت‌و داوای كۆبونەوەی حزبە عیراقییەكان بكرێت‌و گفتوگۆ بكەین."

ئه‌وه‌شی خستۆته‌ڕو"پێشتریش وتومە كە هەقە لەم كێشەیەدا، بۆ مەترسی جەنگ لەنێوان ئەمریكاو ئێران، سیاسەتی خۆمان ببەستینەوە بەسیاسەتی بەغداد. بەڵام سیاسەتی بەغدادیش نابێ‌ بەبێ‌ راوێژ لەگەڵ سەركردایەتی كوردستان بیسەپێنێت. بەڵكو دەبێ‌ بەڕاوێژو بەبۆچونی هەمولایەكمان ستراتیجەكە دابنێین، نەك بەغداد لەوێ‌ بڕیارێك بدات‌و ئێمەش لێرە، ملكەچ بین. یان ئێمە لێرەوە خۆمان بڕیار بدەین‌و بڵێن، هەقمان بەسەر بەغدادەوە نییە! نەخێر، بەڵكو ئێستا هەقمان زۆر بەسەر بەغدادەوەو هەیەو ئەویش هەقی بەسەرمانەوە هەیە‌."

به‌بڕوای مه‌لا به‌ختیار"ئەگەر حزبەكان، حكومەت‌و پەرلەمانی كوردستان حكومەت‌و پەرلەمانی عیراق، بەهەمومان ستراتیج‌و پرۆژەیەكمان بۆخۆمان دانا، سوربوین لەسەری، ئەوكاتە ئەمریكا، بەریتانیا‌و ئەنجومەنی ئاسایشیش رێزی لێدەگرن‌و ئێران‌و دەوڵەتانی دەوروبەریش لەناوچەكە رێزی لێدەگرن."

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×