جەژن گرژییەكانی نێوان یەكێتی‌و پارتی خاودەكاتەوە
  2019-06-04       2227       


ئا: ئاوێنە


جەژنی رەمەزانی ئەمساڵ گرژییەكانی نێوان یەكێتی نیشتمانی كوردستان‌و پارتی دیموكراتی كوردستان خاو دەكاتەوە، بۆ ئەم مەبەستە مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی فەرمانی بە میدیاكانی حزبەكەی كردوە هەمو جۆرە هێرشكردنێك بۆ سەر یەكێتی رابگرن، ئێوارەی دوێنێش نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەڵبژێردراوی هەرێم بە پەیوەندییەكی تەلەفۆنی بەستەڵەكی نێوان حزبەكەی‌و سەرۆك كۆماری عێراق تواندەوە.



لەدوای پەیامێكی سەڵاحەدین موحەمەد بەهادین، ئەمینداری گشتی یەكگرتوی ئیسلامی كوردستان كە داوای لەیەكێتی نیشتمانی كوردستان‌و پارتی دیموكراتی كوردستان كرد بو رەچاوی دۆخی سیاسی كوردستان‌و ناوچەكە‌و ململانێی توندی نوێوان ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا‌و كۆماری ئیسلامی ئێران‌و هاوڵاتیانی كوردستان بكەن، هەروەها ململانێ‌و لێدوانە ئاگرینەكانی پارتی‌و یەكێتی لەدی یەكتر بەمەترسی گەورە ناوبردو، هەر پەیوەند بەو پرسە مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان فەرمانی بە میدیاكانی حزبەكەی كردوە هەمو جۆرە هێرشێك بۆ سەر یەكێتی نیشتمانی كوردستان رابگرن، لە پەیامێكیشیدا دەڵێت "لەخوای گەورە داواكارم ئەم جەژنە ببێتە مایەی كۆتایهاتنی ناخۆشی‌و كاولكاری‌و گەرانەوەی ئارامی بێت ".


لەلایەكی دیكەوە لەچوارچێوەی ئاسایكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوانیان نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەڵبژێردراوی هەرێمی كوردستان لەرێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە بەرهەم ساڵەح، سەرۆك كۆماری عێراق‌و جێگری دوەمی سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستانەوە كردوە، چاودێرانیش هەوڵەكەی نێچیرڤان بارزانی بە هەوڵێك بۆ توانەوەی بەستەڵەكی نێوان سەرۆك كۆماری عێراق‌و پارتی دەزانن بەوەی لەدوای هەڵبژاردنی بەرهەم ساڵەح بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق پەیوەندییەكانی نێوان یەكێتی‌و پارتی چوە قۆناغێكی سەخت‌و دژوار كە زۆر جار دروستكردنەوەی دو ئیدارەیی پرسی گەرمی رۆژ ‌و میدیاكانی هەرێمی كوردستان بوە.


نێچیرڤان بارزانی لەمیانی ئەو پەیوەندیە تەلەفۆنیەی بە فەرمی بەرهەم ساڵەح، سەرۆك كۆماری عێراقی بۆ مەراسیمی سوێندخواردنی وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان بانگێشتكردوە، هەروەها سەرۆكی هەڵبژێردراوی هەرێم‌و سەرۆك كۆماری عێراق لەو پەیوەندییە تەلەفۆنیەدا دۆخی هەرێم‌و عێراق‌و ناوچەكەیان خستوەتەبەرباس.


بەشێكی دیكەی پەیوەندییەكە تایبەت بوە بە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان‌و حكومەتی فیدراڵی عێراق‌و تێیدا بەرهەم ساڵەح پیرۆزبایی لەنێچیرڤان بارزانی كردوە بۆ هەڵبژاردنی بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان.



لەبەرامبەریشدا مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رێنمایی داوەتە سەرجەم میدیاكانی كە رەچاوی پاراستنی یەكریزی و یەكپارچەیی و دۆخی هەرێمی كوردستان‌و هاوڵاتیان بكەن، دەشڵێت "ئەم بارودخە هەستیار‌و مەترسیدارەی كوردستن‌و ناوچەكە پێیدا گوزەر دەكات وا دەخوازێت گەلی كوردستانیش ئامادەباشی تەووی هەبێت بۆ سەرجەم ئەگەر‌و روداوە پێشبینیكراوەكان، پێویستە بەرژەوەندی باڵای نەتەوەیی نیشتمانیمان گیانی تەبایی‌و یەكریزی بپارێزین، نەك سەنگەر لەیەك گرتن‌و تەخوینكردنی یەكدی‌و فراوانكردنی دەلاقەی ناكۆكییە سیاسییەكانی نێوانمان".

 

راشیدەگەیەنێت مەكتەبی سیاسی یەكێتی داوای هێوەركردنەوەی دۆخی هەرێمی كوردستان دەكات‌و داواش لەلایەنە سیاسییەكان دەكات پەیوەندییەكانیان ئاسایی بكەنەوە.

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×