بەرپرسی سۆشیال میدیای نەوەی نوێ دەستگیر کرا
  2019-06-04       958       
میدیای‌ جوڵانه‌وه‌ی‌ نه‌وه‌ی‌ نوێ ئاشكرای‌ ده‌كات كه‌ هێزێكی‌ ئه‌منی‌ بەرپرسی سۆشیال میدیای نەوەی نوێی‌ دەستگیر کردووه‌.

ئاوێنه‌: په‌یجی‌ ره‌سمی‌ نه‌وه‌ی‌ نوێ له‌فه‌یسبوك بڵاویكردۆته‌وه‌، "ئێوارەی دوشەممە ٢٠١٩/٦/۳، هێزێکی ئەمنی هەڵیانکوتایە سەر ماڵی (هێڤار جەلال) بەرپرسی سۆشیال میدیای نەوەی نوێ‌و دەستگیر کراوه‌."

ده‌ستگیركردنی‌ ئه‌و ئه‌ندامه‌ی‌ نه‌وه‌ی‌ نوێ له‌چوارچێوه‌ی‌ سكاڵای‌ په‌رله‌مانتارێكی‌ نه‌وه‌ی‌ نوێدایه‌ كه‌ سه‌رۆك‌و چه‌ند خۆبه‌خشێكی‌ جوڵانه‌وه‌كه‌ تۆمه‌تبار ده‌كات به‌هه‌ره‌شه‌كردن‌و بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ ڤیدیۆی‌ دروستكراوی‌ سێكسی‌ لێی‌.

كه‌یسه‌كه‌ی‌ شاسوار عەبدولواحیدو جوڵانه‌وه‌ی‌ نه‌وه‌ی‌ نوێ به‌كورتی‌:
سه‌ره‌تای‌ ئه‌م كه‌یسه‌ له‌وێوه‌ ده‌ستیپكێرد كه‌ رۆژی‌ 24/4/2019 شادی نەوزاد، ئەندامی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لەپەرلەمانی کوردستان له‌كۆنگره‌یه‌كی‌ رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، له‌لایه‌ن شاسوار عەبدولواحیدو به‌شێك له‌كه‌سه‌ نزیكه‌كانییه‌وه‌ هه‌ره‌شه‌ی‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ ڤیدیۆی‌ دروستكراوی‌ سێكسی‌ لێكراوه‌، وه‌ك فشارێك بۆ بێده‌نگكردنی‌ له‌به‌رامبه‌ر قسه‌نه‌كردن له‌سه‌ر كێشه‌ ناوخۆییه‌كانی‌ جوڵانه‌وه‌كه‌.

دوای‌ ئه‌وه‌ش  شادی نەوزاد سكاڵای‌ یاسایی له‌سه‌ر شاسوار عەبدولواحیدو به‌شێك له‌كه‌سه‌ نزیكه‌كانی تۆماركرد، بۆیە دادوەر فەرمانی دەستگیرکردنی‌ بۆ 10 کەس له‌ئه‌ندامان‌و خۆبه‌خشانی‌ نه‌وه‌ی‌ نوێ دەركرد.

رۆژی 10/5/2019 دەزگای ئاسایشی هەرێم دانپێدانانی پێنج دەستگیرکراوی نەوەی نوێی بڵاوکردەوە، كە لەسەر سکاڵای شادی نەوزاد، ئەندامی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لەپەرلەمانی کوردستان دەستگیركرابون.

ئەو گەنجانەی کە لەگرتە ڤیدیۆکەی‌ ئاسایشدا دەرکەوتن رایانگەیاند، لەژوری بەڕێوەبەردنی پەیجی فەرمی‌و نا فەرمی نەوەی نوێ کاردەکەن کە راستەوخۆ لەلایەن شاسوار عەبدولواحید بەڕێوەدەبرێت‌و كاریان "ته‌شهیرو ناوزراندن" بووه‌ به‌ژماره‌یه‌ك له‌كه‌سایه‌تی‌ سیاسی‌‌و نوسه‌رو رۆژنامه‌نوس. 

پاش ئه‌وه‌و بەپێی مادە 2ی یاسای خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندیكردن، رۆژی 14/5/2019 دادگای لێكۆڵینەوەی ئاسایشی گشتی فەرمانی دەستگیركردنی بۆ شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌ دەركرد، دواترو رۆژی‌  16/5/2019 چووە بەردەم دادوەرو راسته‌وخۆ دەستگیر كرا.

دواترو رۆژی‌ 30/5/2019 شاسوار عەبدولواحیدو سه‌رجه‌م ئه‌ندامه‌ ده‌ستگیركراوه‌كانی‌ نه‌وه‌ی‌ نوێ به‌كه‌فاله‌ت ئازادكران.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×