100 هەزار ئێزیدی عێراقیان بەرەو دەرەوەی وڵات جێهێشتوە
  2019-06-05       765       


100 هەزار ئێزیدی لە دوای هێرشی داعش بۆ سەر شنگال عیراقیان بەرەو دەرەوەی وڵات جێهێشتووە، ئەوەش بەپێی نوێترین ئاماری نوسینگەی رزگارکردنی رفێنراوانی ئێزدییان لە پارێزگای دهۆک.
ئاوێنە، كەركوك ناو: بەپێی ئامارەكە لە 3ی ئابی 2014 كاتێك داعش هێرشیكردە سەر قەزای شنگال زێدی مێژویی ئێزیدییەكان و زیاتر لە شەش هەزار پیاو، ژن و منداڵی لێ رفاندن، تا مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ 100 هەزار ئێزیدی بۆ دەرەوەی وڵات كۆچیان كردووە.
ئەو فەرمانگەیە كە سەر بە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمە، لە نوێترین راگەیەنراویدا ئاماری نوێی قوربانیانی ئێزیدی دەستی داعش و زیانەكانی سەر شوێنەوارە مێژویی و ئاینییەكانی پێكهاتەیی ئێزیدی ئاشكرادەكات.
بەپێی ئامارە كە 550 هەزاری ئێزیدی بەر لە هێرشی داعش بۆ سەر ناوچەكانیان لە عیراق دەژیان، لەو ژمارەیە 360 هەزار کەسیان بەهۆی هێرشی چەكدارانی ئەو رێكخراوەوە ئاوارەبون و هەزار و 293 كەس بەشێوازی جۆراوجۆر كوژران.
هەروەها دوو هەزار و 745 منداڵ دایك یان باوك، یان هەردوكیان لەدەستداوە.
هەر بەهۆی هێرشی ئەورێكخراوەوە تا ئێستا 80 گۆڕی بە کۆمەڵ دۆزراونەتەوە و ئەمساڵ دەستكراوە بە هەڵدانەوەی گۆڕەكان و كاركردن تیایاندا بەردەوامە.
هێرشەكانی چەكدارانی داعش بونەهۆی لەناوبردن و روخاندنی 68 مەزار و شوێنی مێژویی و ئاینی ئێزیدیەكان.
هەموو ئەم روداوانە كاریگەریان هەبوو لەسەر جێهێشتنی وڵات لەلایەن ئەو پێكهاتە ئاینییەوە و لەكاتی هێرشەكەوە تا مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ زیاتر لە ١٠٠ هەزار کەس کۆچی دەرەوەی وەڵاتیان کردووە، ئەوەش هەر بەپێی ئامارەكە.
لەو شەش هەزار و 417 كەسەی لەلایەن داعشەوە رفێنران لەكاتی كۆنترۆڵكردنی شنگال زێدی مێژویی ئێزیدییەكان تائێستا سێ هەزار و 476 كەس رزگاركراون و دوو هەزار و 941 كەس هێشتا چارەنوسیان نادیارە.
زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×